له سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم بوونی درامای كوردی به ھه‌موو كه‌م و كوڕییه‌كانی، دیارده‌یه‌كی ئیجابییه و من ده‌سخۆشی لێده‌كه‌م، له‌وه‌ش زیاتر له كات و ساتێكی نائاسایی و سه‌ختتدا كه كۆمه‌ڵه ھونه‌رمه‌ندێك خه‌ریكی به‌رھه‌مھێنانی درامایه‌ك ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی زیندوێتی ژیان نیشانبده‌ن و ھه‌ناسه‌یه‌ك به بینه‌ر ببه‌خشن، ئه‌مه‌یان كارێكه مایه‌ی ئه‌وه‌یه كه ھه‌مووان پێزانیمان بۆی ھه‌بێت، بۆیه من وه‌ك بینه‌رێكی دراما پێزانینم بۆ ھه‌موو ئه‌و ھونه‌رمه‌نده به‌ڕێزانه ھه‌یه كه له‌و بارودخه سه‌خته خه‌ریكی دروستكردنی درامابوون و ژیان و ته‌ندروستی خۆیان خسته مه‌ترسییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كاروانی درامای كوردی به‌رده‌وام بێت و له وێستگه‌یه‌كدا نه‌وه‌ستێت، ھه‌موو ئه‌و وشه‌و رستانه‌ش كه دوای دراماكان ده‌وترێن به ھه‌ردوو رووه‌كه‌ی بایه‌خ و پێگه‌ی دراما نیشان ده‌ده‌ن و ده‌یسه‌لمێنێ كه دراما چه‌ند ھونه‌رێكی كاریگه‌ره بۆیه ھه‌موومان به‌خۆیه‌وه خه‌ریك ده‌كات.
درامای (گورگه‌كان) به‌رھه‌می كۆمپانیای سامپڕۆ و كه‌ناڵی كورد ماكس بوو، ئه‌م درامایه سیناریۆو ده‌رھێنانی میھران شیری و نواندنی كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری گه‌نج و به ئه‌زموونی كوردستان بوو، بۆ ماوه‌ی ٢٢ شه‌و بووه میوانی ماڵه‌كانمان بوو و قسه‌ی زۆری لای ھه‌مووان دروستكرد، منیش وه‌ك بینه‌رێكی ئاسایی حه‌زده‌كه‌م سه‌رنج و بهركهوتنهكانم به‌و درامایه بنوسمه‌وه.
یه‌كه‌م خاڵ ئه‌وه‌یه كه بوونی درامایه‌كی ئه‌كشن جێگه‌ی سه‌رنجه‌و گرنگیشه درامای كوردی له‌و ته‌رزه درامایه بێبه‌ش نه‌بێت، به‌ڵام زه‌رووره خودی ئهكشنهكه خواستراو و كۆپی نه‌بێت و ھه‌ڵقوڵاوی نێو واقیعی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بێت، واقیعی ئێمه پڕیه‌تی له ئه‌كشن و سه‌ركێشی و كوشتن، بۆیه سینارێست و ده‌رھێنه‌ر پێویستیان به‌وه نه‌بوو كه ئهكشنهكه له شوێنی تره‌وه بخوازن كه ھیچ په‌یوه‌ندی به كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه نه‌بێت، ده‌بوو ئه‌كشنی دراماكه ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و كێشه ئالۆزانه‌ی نێو كۆمه‌ڵگای كوردی بێت كه ھه‌میشه كێشه‌و ئاریشه‌ی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌و ده‌یان تاوانی كوشتن و توندوتیژی لێده‌كه‌وێته‌وه، من پێم سه‌یره ئێمه له‌و كۆمه‌ڵگه توندوتیژه‌و پڕ ئالۆزییه بین، كه‌چی سیناریستێك بۆ داھێنانی دراما یا فیڵمێكی ئه‌كشن، په‌نا بۆ كۆپیكردنی ئه‌كشنی ئه‌مریكی و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ببات، ئه‌كشن خۆی له خۆییدا ناتوانێ مه‌به‌ست بێت ئه‌گه‌ر نه‌توانی له رێگه‌ی ئهكشنهوه كۆنتاكت له‌گه‌ل كیشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆت ببه‌ستیت و كاریان له‌سه‌ر نه‌كه‌یت.
خاڵێكی تر كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كێشه‌یه له‌نێو زۆرێك له دراما كوردییه‌كاندا، لۆژیكی چیڕۆك و قه‌ناعه‌تپێكردنی بینه‌ره، من له‌وه تێناگه‌م بۆ تا ئێستا زۆرێك ئه‌وانه‌ی دراما ده‌كه‌ن، ھه‌وڵده‌ده‌ن وه‌ك گه‌مژه سه‌یری تاكی كورد‌و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بكه‌ن، بۆچی پێیان وایه كه ئێمه به ھه‌موو شتێك رازین و ده‌توانین قه‌ناعه‌ت بكه‌ین، ھه‌موو درامایه‌ك فاكته‌ری گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆكه، چیرۆِكیش بنه‌مای سه‌ره‌كی درامایه، بۆیه گه‌ر چیرۆِك موقنیع نه‌بێت بۆ بینه‌ر، ھه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی تر ده‌كه‌ون و ناتوانن درامایه‌كه ھهڵسێننهوه، ھه‌میشه لاوازی درامای كوردی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی په‌یوه‌سته به لاوازی سیناریۆو چیڕۆك و دیالۆك، كه ناتوانن بۆ بینه‌ر موقنیع بن و ھه‌وڵده‌ده‌ن وه‌ك گه‌مژه مامه‌ڵه به بینه‌ره‌وه بكه‌ن و پێیانوایه بینه‌ری كورد ئه‌وه‌نده نه‌زان و بێ ئه‌زموونه، ده‌توانێ له‌گه‌ل ھه‌موو چیرۆِكێك كۆنتاكت بگرێت، ئه‌مه‌ش بۆچوونێكی زۆر گهمژانهیهو ھه‌میشه ئه‌و جۆره كاره ھونهرییانهش كه له‌سه‌ر ئه‌و لۆژیكه دامه‌زراوه باجی ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه ده‌دات و بینه‌ر له‌به‌رامبه‌ری ده‌وه‌ستێته‌وه، ھیچ كاتیش زۆری ژماره‌ی بینه‌ر له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پێوه‌ر نییه بۆ كوالیتی دراماكه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش پێوه‌ر بێت، ئه‌وه ھیچ درامایه‌ك به گه‌رده‌لول ناگاته‌وه.
یه‌كه‌م سه‌رنج كه به‌ر بینه‌ر ده‌كه‌وێت ئه‌وه‌یه كه له دوای تایتل ده‌نووسرێت كه چیڕۆك و كاره‌كته‌ره‌كانی ئه‌م درامایه خه‌یاڵین و په‌یوه‌ندییان به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه‌وه نییه، به‌ڵام ھه‌ر زوو ده‌رھێنه‌رو سینارێست ئه‌وه پێشیڵ ده‌كه‌ن و پێناسه‌و شوناس ده‌ده‌ن به شوێن و كات و كاره‌كته‌ر، له‌وه‌ش زیاتر وه‌ك دراما میسری و توركیه‌كان زوو له رێگه‌ی وێنه‌وه، ده‌چنه نێو وورده‌كاری ئه‌وه‌نده وورد كه وه‌زیفه‌ی دراما نییه بچێته نێو ئه‌و ووردهكارییه مه‌گه‌ر دراما مێژوویه‌كان نه‌بێت، له ئه‌ڵقه‌كانی كۆتایی دراماكه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ڕێگه‌ی وێنه‌و شێوه‌زاری زمانه‌وه، ده‌بێته مینبه‌ری ستایش و پیاھهڵهدانی ده‌زگایه‌كی ئه‌منی كوردستان و ھه‌وڵده‌دات ببێته رووبه‌ری پیاھه‌ڵدان و پڕوپاگه‌نده كردن بۆ ئه‌و ده‌زگایه‌و ده‌یباته‌وه نێو رووبه‌ری ستایشی حیزبێكی دیاریكراو له كوردستان، ئه‌مه‌ش وه‌زیفه‌ی دراما نییه، مه‌گه‌ر ئه‌و كاتانه نه‌بێت كه دراما باسی واقیعێكی مێژوویی بكات و پێویست بێت ئاماژه به بكه‌ره‌كه‌ی بكات.
ئه‌م درامایه له سه‌ره‌تا تا كۆتایی له‌ڕووی چیڕۆكه‌وه له‌سه‌ر دوو كاره‌كته‌ر بیناكراوه، كاره‌كته‌ری فه‌یسه‌ل (به‌كر مه‌عروف) و كاره‌كته‌ری ھه‌ڵۆ (میھران شیری)، ئه‌م درامایه وانیشان ده‌دات كه ململانێی سه‌ره‌كی له‌نێوان ئه‌و دوو كاره‌كته‌ره‌یه كه وه‌ك دوو جه‌مسه‌ری دژ به‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌ون و ئه‌گه‌رچی تا كۆتایی دراماكه ئه‌م دوو كه‌سه به‌شێوه‌ی فیزیكی به‌ر یه‌ك ناكه‌ون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ووردبیته‌وه، ده‌بینی كه كێشه‌ی سه‌ره‌كی له بونیادی ھه‌ردوو كاره‌كته‌ر ھه‌یه‌و به‌سه‌ر سینارێست و ده‌رھێنه‌ر تێپه‌ڕیووه، له ئه‌ڵقه‌كانی سه‌ره‌تا فه‌یسه‌ڵ وه‌ك ئیمپڕاتۆڕی تاوانكاری نیشان ده‌درێت و وێنه‌یه‌كی وای بۆ ده‌كێشرێت كه ده‌توانێت به یه‌ك ئاماژه خه‌ڵك بسڕێته‌وه‌و ده‌یان كه‌س له‌ناو ببات، به‌ڵام به‌داخه‌وه له ئه‌ڵقه‌ی كۆتایی ده‌رده‌كه‌وێت كه فه‌یسه‌ڵ چه‌ند كڵۆڵ و بێده‌سه‌ڵاته‌و ھه‌موو بانده تاوانكارییه‌كه‌ی ته‌نھا ئه‌و سێ كه‌سه بوون كه ھاتبوون نه‌خشه‌كه‌ی بۆ بدۆزنه‌وه، ئه‌و نه‌خشه‌ی گرنگه‌ی كه نازانم بۆ ئیمپڕاتۆریه‌تی فه‌یسه‌ل بیری له‌وه نه‌كردۆته‌وه دانه‌یه‌كی لێ كۆپی بكات، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بكردبایه ھه‌موو رووداوه‌كانی ده ئه‌ڵقه‌ی سه‌ره‌تای دراماكه پێویست نه‌بوون، كه‌واته دراماكه ھه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌سه‌ر لۆژكێك بیناكراوه كه بینه‌ر وه‌ك گه‌مژه سه‌یر ده‌كات، چونكه ئه‌و فهیسهڵهی كه دیوه‌زمه‌ی نێو دراماكه‌یه، بیری له‌وه نه‌كردۆته‌وه نه‌خشه گرنگه‌ی كۆپی بكات و كۆپیه‌ك لای خۆی ھه‌ڵبگرێت، تاوه‌كو بانده پیاو كوژه‌كه‌ی ده ئه‌ڵقه به گه‌ڕان به‌دوای كۆكردنه‌وه‌ی ھه‌ردوو پارچه‌ی نه‌خشه‌كه نه‌كوژن، له‌وه‌ش زیاتر كه‌س ناتوانێت له‌وه بگات پاساوی بوونی ئه‌و گه‌نجینه‌یه چییه‌و بۆ له‌و شوێنه شاردراوه‌ته‌وه، ئایا ئه‌م شوێنه كۆنه كۆشكێكی مێژوویی بوو یا گۆڕی ئیمپڕاتۆرَیك، ئێمه‌ی بینه‌ر ٢٢ شه‌و به‌دوای گهنجینهیهكهوهیه بووین نه‌مانده‌زانی سه‌رچاوه‌كه‌ی چییه‌و له كوێ ھاتووه و بۆ له‌وێیه‌و فه‌یسه‌ڵ چۆن به‌م شوێنه ده‌زانێت ، له ھه‌موویشی گرنگتر نه‌مانده‌زانی ئه‌و گه‌نجینه چییه‌و چۆن نرخه‌كه‌ی به لای یه‌كێكه‌وه پینچ سه‌د ملیۆن دۆلار، نا پاوهندهو به‌لای یه‌كێكی تر بای ملیار دۆلاره، تێنه‌گه‌یشتین ئه‌م نرخ پێدانه‌ی گه‌نجینه‌كه له چی سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌و چۆن وا به ده‌قیقی ده‌زانرا كه ئه‌و پاره‌یه ده‌كات، له‌وه‌ش سه‌یرتر ده‌ركه‌وت ھه‌ر له سه‌رتاوه قادر (یونس حه‌مه كاكه) شوێنی گه‌نجینه‌كه ده‌زانێت و وازی لێھێناوه ئه‌و ھه‌موو ساڵه ئه‌و گه‌نجینه به نرخه له‌ژێر زه‌وی بێت، ئێمه وه‌ك بینه‌ر ھه‌ستمان ده‌كرد به دیاری فیڵمی كارتۆنی عه‌لی بابا و چل دزه‌كه دانیشتووین، چونكه ئه‌م لۆژیكه‌ی ئه‌و گه‌نجینه‌یه بۆ خودی فیڵمی كارتۆنیش موقنیع نییه.
دواتر ئه‌م فه‌یسه‌ڵه دیوهزهمهیه كه ھه‌موو له‌به‌رده‌می تۆقیو بوون چۆن به‌م ئاسانییه‌و به‌م بێده‌سه‌ڵاتییه به دوو ئه‌فسه‌ری ھه‌واڵگری ده‌ستگیر كرا‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی مریشك ڕاو بكه‌ن، ئه‌ی كوا ئه‌و ھه‌موو دیلێت و سڕینه‌وه‌یه، ئه‌رێ من تێنه‌گه‌یشتم ئه‌و ئیدیۆمه سه‌یرانه له كوێدا له‌و درامایه پێویست بوون، (دیلێت، فاك، شه‌ت،,,,)، ئه‌م درامایه كوردی بوو یا ئه‌مریكی، تێشنهگهیشتم بۆ له كۆتایی ھه‌موو وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ ئاھه‌نگ بچن به جلی كوردی تازه‌وه خه‌ریكی ئاودیوكردنی گه‌نجینه‌كه بوون، دواتر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه په‌یوه‌ندی چی بوو به ئه‌نفاڵ و مه‌سه‌له‌ی سیاسی كورده‌وه، ئه‌ی ئێوه نهتانگووت ئه‌م درامایه چیڕۆك و پاڵه‌وانه‌كانی خه‌یاڵین؟
دواتر دراماكه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك لۆژیك بونیاتنراوه كه ھه‌موویان پووچن، ئه‌رێ ئه‌وه كه‌سێكی یاسایی نه‌بوو لێی بپرسن كه ئه‌گه‌ر كه‌سێك به ده‌ساڵ حوكم بكرێت یه‌كسه‌ر له وه‌زیفه‌كه‌ی فه‌سڵ ده‌كرێت، من نازانم ھه‌ڵۆ به ده‌ساڵ حوكم درابوو و ساڵێكیش له به‌ندیخانه بوو كه‌چی كه ھاته ده‌ره‌وه ھه‌ر ئه‌فسه‌ری ھه‌واڵگری بوو، ئه‌رێ پرسیارێكی تر، ھه‌ڵۆ له‌سه‌رچی حوكم درابوو، چ ھه‌ڵه‌یه‌كی كردبوو؟
باشه كه‌سێك ئه‌فسه‌ری ھه‌واڵگری بێت ده‌توانێت به‌و شێوه قسه له‌گه‌ل به‌رپرسێكی باڵای خۆی بكات و وه‌ڵامی نه‌داته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ھه‌ڵۆ قسه له‌گه‌ل (ناسر حه‌سه‌ن) ده‌كات كه پێده‌چێت به‌رپرسێكی باڵای ده‌زگای ھه‌واڵگری بێت، ئه‌رێ ئه‌وه له فیڵمی ئه‌مریكی نه‌ده‌چوو كه پاڵه‌وانه‌كه له به‌ندیخانه به‌ر ده‌بێت و ئه‌فسه‌رێك به‌دوای ده‌كه‌وێت و داوای لێده‌كات ئیشێكیان بۆ بكات، پرسیاری گرنگتر ئه‌وه‌بوو ئایا بوونی ھه‌ڵۆ وه‌ك ئه‌فسه‌ری ھه‌واڵگری چ سوودێكی ھه‌بوو له‌نێو ئه‌و بانده، چی ئاشكرا كرد، له كۆتاییدا ده‌ركه‌وت كه ده‌زگای ھه‌واڵگری ئاگاداری ھه‌موو شتێكه، ئیتر بوونی ھه‌ڵۆ له‌نێو بانده‌كه ده‌یتوانی چی بكات، كاره‌ساتی گه‌وره‌تریش ئه‌و دیمه‌نه بوو كه ھه‌ڵۆ ده‌چێته نێو بانده‌كه، من نازانم چۆن زانیان كه ئه‌وان پێویستیان به كه‌سێكه‌و به‌دوای كه‌سێكدا ده‌گه‌ڕێن بیبه‌نه نێو بانده‌كه، ئه‌رێ باندی تاوانكاری واتان دیوه خه‌ڵك به‌مشێوه‌یه بخاته ناو بانده‌كه‌وه، به‌خوا ھه‌ندێجار فیڵمه ھیندیهكانیش ناتوانن ئه‌وه‌نده بوێر بن به‌و شێوه گاڵته به عه‌قڵی بینه‌ر بكه‌ن، دواھه‌مین پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ھه‌ڵۆ ئه‌فسه‌ری ھهواَلگری نه‌بووایه چی له‌و درامایه ده‌گۆڕا؟
باسی ئه‌وه‌شت بۆ ناكه‌م سۆفیا لۆرینی دایكی ساخته‌ی ھه‌ڵۆ چه‌ند گرنگ بوو له دراماكه، ئه‌ی ئه‌و دهواجنهی كه ھه‌ر نه‌مانبینی ، ئه‌ی ئه‌و مۆبایلانه‌ی ھه‌میشه شاشه‌یان تاریك بوو كه‌چی وایان نیشان ده‌دا كه قسه‌ی پێده‌كه‌ن، ئه‌ی ئه‌و پۆلیسه‌ی پێش به‌ڕیوه‌به‌ری به‌ندیخانه‌كه ده‌زانێت ھه‌ڵۆ به‌ر ده‌بێت، ئه‌ی مه‌ھزه‌له‌ی دزینی بانقهكهو به‌یه‌كه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی مۆبایله‌كان، ئه‌ی ئه‌و پیاوه پیره‌ی كه نه‌مانبینی له بانقه‌كه بیته ده‌ره‌وه (چونكه كاتێ ھه‌ڵۆ دێته ده‌ره‌وه شێوه‌ی پیاوی پیر ناكات) ، ئه‌ی وێنه‌ی تاوانباره‌كان كه لای پۆلیس ھه‌ڵواسرابوو كه‌چی له‌دزینی بانقه‌كه به به‌رده‌م ھه‌ردوو ئه‌فسه‌ره‌كه دێنه ده‌ره‌وه‌و سواری ئیسعاف ده‌بن، ئه‌ی رێكه‌وتی بوونی كاروان له‌به‌رده‌م بانقه‌كه له كاتی بڕینی بانقه‌كه، ئه‌ی كاره‌ساتی وێنه‌گرتنه‌كه‌ی كاروان به مۆبایل، ئه‌ی داواكردنی فه‌یسه‌ڵ له قاچاخچی چه‌كه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی لیزا بكوژن، ئه‌ی مۆسیقای شامی و ڤیڵاكهی فه‌یسه‌ڵ له له‌نده‌ن، ئه‌ی ئاودیوكردنی گه‌نجینه‌كه له سنووری توركی له رۆژی روناك، ئه‌ی ئه‌ی ئه‌ی...
چیڕۆكی ئه‌م درامایه له زۆرینه‌ی وورده‌كارییه‌كانی له یاری ماڵه باجێنه‌ی مناڵان ده‌چوو، ده‌كرا ئه‌و براده‌ره وه‌ك ئه‌نیمه‌شن و كارتۆنی مناڵان ئه‌و چیڕۆكه دابڕێژێت نه‌وه‌كو وه‌ك درامای كوردی.
باسی كامیرای جولاوت بۆ ناكه‌م كه ئه‌وه‌نده دووباره بوو ھه‌موانی بێزار كردبوو، باسی پێكھاته‌ی گرته‌و شێوه‌ی دراماتیكی گرته‌ی درامیت بۆ ناكه‌م كه له‌م درامایه ھیچ بوونێكی نییه، باسی ئه‌و ھه‌موو دیمه‌نه درێژانهت بۆ ناكه‌م كه ھیچی تیا روونهدهدا، باسی دیمه‌نه‌كانی ماڵی ھهڵگوردت بۆ ناكه‌م كه ھیچ پێویست نه‌بوون، باسی لۆژیكی ونبوونی كاره‌كته‌ری ڤینۆست بۆ ناكه‌م كه ھیچ مانایه‌كی نه‌بوو، باسی ئاستی نواندنی خراپی به‌شێكی زۆری ئه‌و ئهكتهرانهت بۆ ناكه‌م له پێش ھه‌موویان (میھران شیری) كه له سه‌ره‌تای دراماكه تا كۆتایی به یه‌ك تۆن نواندن ده‌كات، باسی ئاستی خراپی دیالۆگت بۆ ناكه‌م كه ھیچی به‌سه‌ر ھیچه‌وه نییه، باسی ئاستی خراپی راكوارت بۆ ناكه‌م كه ئه‌كته‌ر له پێشه‌وه‌ی سه‌یاره سه‌رده‌كه‌وێت و له ده‌رگای خواره‌وه داده‌به‌زێت، نه‌قیب ھه‌ڵگورد ده‌بێته عه‌قید ھه‌ڵگورد، حه‌سه‌ن ده‌بێته حوسێن، بهڕیوهیهری بانك له كاتی ھێرشكردنه سه‌ر بانقه‌كه لای ژمێریارهكهیه، كه‌چی له لێكۆڵینه‌وه‌ی پۆلیس ده‌ڵێ له‌و كاته له ژووری خۆم بووم. باسی ته‌مسیلی وێران و لاوازی نێو سجنهكهت بۆ ناكه‌م كه ھه‌ر له مه‌ھزه‌له ده‌چوو.
له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا به‌دوای ئه‌م ھه‌موو وێرانییه‌ی ئه‌و درامایه، ده‌بێ ئاماژه به ئاستی ئه‌دای كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری وه‌ك (ژینۆ سه‌رتیب و محه‌مه‌د شێروانی و بارزان یونس و ئه‌حمه‌د ئارام و میران شیرزاد و شادی ئارام و محه‌مه‌د مه‌هدی) بكه‌م كه توانیان به‌ھره‌یه‌كی ناوازه نیشان بده‌ن، ئه‌گه‌رچی پێویستیان به ھه‌ندێ وورده‌كاری و ھاریكاری ھه‌بوو له كه‌سی تایبه‌تمه‌ند به تایبه‌تی له‌ڕووی فۆرمی كارهكتهرو بونیاد بیركردنه‌وه‌ی كاره‌كته‌ر.
حه‌مه سوار عه‌زیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.