Erbil 21°C سێشەممە 24 ئەیلوول 01:25

له‌ نه‌خۆشخانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر چاره‌سه‌رکردنی نه‌خۆشه‌کان ده‌ستیپێکردووه‌

کوردستان TV
100%

سه‌نته‌ری میدیاو زانیاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا ڕایگه‌یاند: دوای تەواوبوونی بینای نەخۆشخانە و دابین کردنی تەواوی کەرەستە پزیشکیەکانی پشکنین و چارەسەرکردن، نەخۆشخانەی پێشمەرگە لەشاری هەولێر بەشێوەیەکی فەرمی چارەسەرکردن و پشکنینی نەخۆشیەکانی بۆ پێشمەرگە دەست پێکردووە.

لەقۆناغی یەکەمیدا نەخۆشخانە دەرگاکانی کراوەتەوە بۆ پێشوازی کردن لەو پێشمەرگانەی، کە پێویستیان بە چارەسەر و پشکنینی پزیشکی هەیە.

لەمبارەیەوە، رائد رەفعەت مزوری، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر بەسەنتەری میدیای پێشمەرگەی راگەیاند: نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە ١ی ئازاری ٢٠٢١ەوە بەشێوەیەکی فەرمی کراوەتەوەو لە ئێستادا ئامادەیە رۆژانە پێشوازی لە نەخۆش بکات.

سەبارەت بە چۆنیەتی نەخۆش و چارەسەرییەکانیان، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانە رایگەیاند: کە کارئاسانیان بۆ پێشمەرگە کردووە لە دیوانی وەزارەت و لیواکانی پیادەو بنکەکانی مەشق و یەکەکانی ٧٠ و ٨٠، کە دەتوانن بۆ چارەسەرکردن بە پڕکردنەوەی پسولەیەکی تایبەت بە چارەسەری سەردانی نەخۆشخانەی پێشمەرگە بکەن، تاکە مەرجیش هەبوونی ناسنامەی سەربازییە، کە پێویستە نەخۆش پێی بێت.

هەروەها لەسەر چەندایەتی بەشەکان لەناو نەخۆشخانەدا، بەڕێوەبەری کاڕگێڕی نەخۆشخانە رایگەیاند: کە ئێستا لە پسپۆڕییەکانی ( هەناو، قوڕگ و لوت و گوێ، ئێسک و شکاوی، مێشک و دەمار، پێست)چارەسەریەکان دەکرێن و پزیشکی پسپۆر لەم بوارانەدا هەن.

جیا لەوە، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا هۆڵی نەشتەرگەری نەخۆشخانەکە بکەوێتە کارو پێداویستیەکانی بۆ دابین بکرێت.

بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە رێگای سەنتەری میدیای پێشمەرگەوە، داوا دەکات تەواوی پێشمەرگەکانی کوردستان لەکاتی پێویست و بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان سەردانی نەخۆشخانەی پێشمەرگە بکەن و متمانەی تەواویان بە پڕۆسەی چارەسەری هەبێت، کە هاوتایە لەگەڵ نەخۆشخانە پێشکەوتووەکاندا، لەچەند رویەکەوە پێشکەوتوتریشە.

لە کۆتاییدا، رائد رەفعەت مزوری رایگەیاند: کە لە ئێستادا، تەنیا چارەسەری نەخۆشی بۆ پێشمەرگە دەکرێت، لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەرنامەمان هەیە پرۆسەی چارەسەرییەکە فراوان بکەین و کەسوکاری پێشمەرگەش لێرە چارەسەریان بۆ بکەین.

شایانی باسە نەخۆشخانەی پێشمەرگە دەکەوێتە نزیک شەقامی ١٥٠م پشت کۆمەڵگای گوندی کۆری لەم ناوچەیە تابلۆی پێویست بۆ دۆزینەوەی نەخۆشخانەکە هەڵواسراون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.