Erbil 13°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 12:46

له‌سه‌دا 50ی کاره‌کانى ڕێگاى که‌لار - سلێمانى ته‌واو بووه‌

کوردستان TV
100%

به‌ڕێوەبه‌رى ڕێگه‌وبانى گه‌رمیان  رایده‌گه‌ێنێت: کارکردن بۆ ته‌واوکردنى ڕێگاى سه‌ره‌کیى که‌لار- سلێمانى له ‌ئاستى پێیویستدا نییه ‌و به ‌شێوه‌یه‌کى سست کاروباره‌کان به‌ڕێوه ‌ده‌چێت، به‌پێى پلانى دانراوى پرۆژه‌که‌ ده‌بوو ڕۆژانه‌ 600 بۆ 700 ئامێر له‌ پرۆژه‌که‌ کاریان بکردایه،‌ به‌ڵام ئێستا ڕۆژانه‌ ته‌نها 40 بۆ 50 ئامێر له‌لایه‌ن تیمه‌کانیانه‌وه‌ له‌ کاردان.

عه‌دنان خه‌لیل، به‌ڕێوەبه‌رى ڕێگه‌وبانى گه‌رمیان، به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: پرۆژه‌ى ڕێگاى که‌لار-سلێمانى یه‌کێکه‌ له‌ پرۆژه‌ ستراتیژییه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، ئێستا کارکردن به‌ شێویه‌یه‌کى به‌رده‌وام له‌ پرۆژه‌که‌ به‌رده‌وامى هه‌یه‌، به‌ڵام به‌هۆى دابیننه‌کردنى بوودجه ‌و ته‌مویلى پرۆژه‌که‌ کارکردن له‌ هه‌ندێک به‌شی پرۆژه‌که‌ له‌ ئاستى پێویست نییه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ به‌شێک له‌ به‌ڵێنده‌ران کاره‌کانیان ڕاگرتووه‌، ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌ ته‌نها کارکردنه‌ له‌ چه‌ند به‌شێکى که‌مى پرۆژه‌که‌، لە بڕگه‌ى (بڕین، کۆنکرێت و پڕکردنه‌وه‌) کار ده‌کرێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئیشکردن له‌ پرده‌کان ڕاگیراوه‌ که‌ ژماره‌یان نزیکه‌ی 40 پرده‌، بۆیه‌ ده‌وتوانین بڵێین ئێستا ته‌نها له ‌سه‌دا 10ی پرۆژه‌که‌ کارى تێدا ده‌کرێت که ‌ده‌بوو له‌ سه‌دا 100 کارى تێدا بکرایه‌.

گوتیشى: پرۆژه‌که‌ به‌ سه‌رپه‌رشتىی به‌ڕێوەبه‌رایه‌تیى گه‌رمیان و له‌لا‌یه‌ن کۆمپانیاى بێشکانه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئاسته‌نگ و له‌مپه‌ره‌کان، توانراوه‌ لە سەدا 50ی پرۆژه‌که‌ ته‌واو بکرێت، درێژاییى ڕێگاکه‌ 41 کم که‌ به ‌دوو به‌ش ته‌واو ده‌کرێت، به ‌ته‌وابوونیشى سنوورى گه‌رمیان و ئیداره‌که‌ى بووژانه‌وه‌ى به‌رچاو به‌ خۆوه‌ ده‌بینێت؛ له‌ ڕووى گه‌شتیارى و بازرگانى و ته‌نانه‌ت به‌سته‌نه‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان به‌ ناوچه‌کانى دیکه‌ی ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراقەوە.

ده‌شڵێت: ئێستا وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى داواى له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم کرددووه‌ بۆ ته‌رخانکردنى بوودجه‌ى ساڵانه‌ى پرۆژه‌که‌، بۆ ئه‌مساڵ پێویستمان به‌ 70 ملیار ده‌بێت بۆ ته‌واوکردنى زۆربه‌ى کاره‌کانى پرۆژه‌که‌، داوا له ‌سه‌رۆکایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ ده‌که‌ین، هه‌وڵ بده‌ن ئه‌م پرۆژه‌یه‌ نه‌وه‌ستێت و، بوودجه‌ى پێویستى بۆ ته‌رخان بکرێت، چونکه‌ پرۆژه‌که‌ پرۆژه‌یه‌کى گرنگه‌ و په‌یوه‌ندیى ڕاسته‌وخۆى به ‌ژیانى هاووڵاتییانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندىی به‌ زۆرىی ڕووداوه‌کانى هاتوچۆوه‌ هه‌یه‌ له‌ سنووره‌که‌.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تیى به‌ڕێوه‌چوونى کاروباره‌کان و ئه‌گه‌رى ڕاگرتنى کارکردن له‌ پرۆژه‌که،‌ وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانکرنه‌وه‌ و نیشته‌جێکرنى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ دواین ڕوونکردنه‌وه‌یدا ئاماژه‌ى به‌وه ‌کردووه‌: دانا عه‌بدولکه‌ریم، وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و نیشته‌جێکردن به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر زووته‌واوکردنى پڕۆژه‌ى ڕێگاى (که‌لار- سلێمانی) ده‌کاته‌وه‌، به‌ نووسراوى فه‌رمى داواى زیاتر له‌ (70)ملیار دینارى دیکه‌ى کردووه‌ بۆ به‌ڵێنده‌ر و ته‌واوکردنى پڕۆژه‌که‌، هاوکات وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ دڵنیایى داوه‌ته‌ به‌ڵێنده‌ر که‌ به‌م نزیکانه‌ ته‌رخانکراوى ساڵانه‌ بۆ پڕۆژه‌که‌ ده‌ستنیشان ده‌کرێت.

پرۆژه‌ى درووستکردنى ڕیگاى که‌لار- سلێمانى، یه‌کێکه‌ له ‌پرۆژه‌ ستراتیژییه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێم و له‌سه‌ر بوودجه‌ى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و نیشته‌جێکردنى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانە و‌، له ‌هه‌موى گرنگتر که‌مکرنه‌وه‌ى ڕووداوه‌ زۆره‌کانى هاتۆچۆیه‌ له‌ سنوره‌که‌ که‌ لەلا‌یه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌‌ به‌ ڕێگاى مه‌رگ ناو ‌ده‌برێت.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.