Erbil 19°C شەممە 21 ئەیلوول 07:25

مامۆستایه‌کی ئایینی: ئەوانەی خواردنی ماوەبەسەرچوو دەفرۆشنە خەڵکی لە ڕوانگەی ئیسلامەوە قبوڵکراو نییە

کوردستان TV
#7
100%

مامۆستاییه‌كی ئاینی رایگه‌یاند: له‌ روانگەی ئیسلامدا پێویستە بازار و کەسابەت و ئەهلی بازاڕ لە چوارچێوە و بەرنامەیەکدا  كار بکەن  کە نەمافی خۆیان  بفەوتێ و نەمافی خەڵکی تریش بفەوتێنن.

مەلا فەرمان چۆمانی مامۆستای ئاینی و پێش نوێژوو ووتار خوێن لە مزگەوتی چۆمان، له‌ لێدوانێكیدا کوردستان تی ڤی  رایگه‌یاند: ئەوانەی خواردنی ماوە بەسەرچوو دەفرۆشنە خەڵکی و خواردن و پێویستیەکانی هاووڵاتی لە مانگی ڕەمەزان گران دەکەن لە ڕوانگەی ئیسلامەوە قبوڵ کراو نییە و دەچێتە خانەی فێڵ كردن.

ئەو مامۆستا ئاینیە گوتی: دادگەری و پاکی لە کڕین و فرۆشتندا لە روانگەی ئیسلام، گومانی تێدانییە کە مرۆڤ لە ژیانی دونیادا ناتوانێت بەبێ کارو کاسبی و بوونی بازاڕ و شوێنی کەسابەت بژی و ژیان بەرێوەببات، بەڵام کارو کاسبی هەر ئەوە نییە کە هەر خەریکی پارە کۆکردنەوەو سەروەت و سامان لەسەر یەکدانان بێ، جا بە حەڵاڵی بێ یان بە حەرامی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد لە روانگەی ئیسلامدا پێویستە بازار و کەسابەت و ئەهلی بازاڕ لە چوارچێوە و بەرنامەیەکدا  كار بکەن  کە نەمافی خۆیان  بفەوتێ و نەمافی خەڵکی تریش بفەوتێنن.

رایگه‌یاند: خوای گەورە وەک وەسیەت و ئامۆژگاریەک دەفەرموێ کێشانەو پێوانە بەڕێکوپێکی بەکار بهێنن، بەدادگەری ئەنجامی بدەن و فێڵی تێدا مەکەن.

پێغەمبەری خۆشەویستیشمان دەفەرموێ: هیچ کەس هەرگیز پارووە نانێکی نەخواردووە کە چاکتر و پاکتر بێ لەو پارووە نانەی کە بە ڕەنجی شانی خۆی و عەرەقەی ناوچاوانی خۆی بە دەستی هێناوە  ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێغەمبەر داود (سەلامی خوای لێبێت)  هەر لە بەرهەمی کاسبی دەستی خۆی و ڕەنجی شانی خۆی دەخوارد.

وە پێویستە بازرگان راستگۆ و دەستپاک و ئەمین بێت لە کڕین و فرۆشتن پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەربێت) دەفەرموێ :(التاجر الصدوق الأمین مع النبیین والصدیقین والشهدا‌و) واتە : بازرگانی ڕاستگۆی دەستپاک لە رۆژی قیامەتدا لەگەڵ پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و شەهیداندا حەشر دەکرێت.

پێویستە دوکاندار و ئەهلی  بازار ئاگاداربن  لەکاتی کرین و فرۆشتندا، عەیب و کەموکوڕی شتەکانیان نەشارنەوە و فێڵ لە کڕیارەکان نەکەن، پێغەمبەر دەفەرموێ: (من باع عیبا لم یبینه لم یزل فی مقت الله ولم تزل الملائكه‌ تلعنه) واتە کەسێک شتێک بفرۆشێ و ماڵە فرۆشراوەکە  عەیب و کەموکوڕی تێدابێ و  خاوەنەکەی عەیبەکەی بزانێ، بەڵام بە کریارەکەی نەڵێ، ئەوە بەردەوام ئەم فرۆشیارە کە عەیبی شتەکەی  خۆی لە کڕیارەکەی شاردۆتەوە، لە ژێر توورەیی و غەزەبی خوادا  شەوو رۆژ دەکاتەوە  و بەردەوام فریشتەکان نەفرەتی لێدەکەن.

شاردنەوەی عەیب و کەموکوڕی  کەلوپەلەکەی لە کڕیار ئازایەتی و لێهاتووی نییە، بەڵکو لاوازی باوەڕە و خۆی دەخاتە  بەر غەزەبی خودا و نەفرەتی خەڵک و فریشتەکان.

گوتیشی: نابێت فێڵ و غەش بکات و لەکاتی کڕین و فرشتندا دەستی خەڵک ببڕێت و خراپیان بەچاک پێ بفرۆشێ (لیس منا من غش) واتە هەر کەسێک ساختەو گزی و غەش بکا لە ئێمە نییە.

ئه‌و مامۆستا ئایینیه‌ گوتیشی: ماڵ هەرگیز بە حەرام خواردن و غەش کردن زیاد ناکات، ماڵی حەرام وەک ئاگر وایە، حەڵاڵەکەی خۆشی پێوە دەسووتێ.

هەبوونی ویژدانی زیندوو ژیان جوان دەکات و  کاروبارەکان  رێکدەخات و پاکی و راستی دەخاتە  ناو بازار و کڕین و فرۆشتن.

مەلا فەرمان چۆمانی مامۆستای ئاینی رایگه‌یاند: کەسی باوەردار و ویژدان زیندوو کەل و پەلی ماوە بەسەرچوو و زیان بەخش بە خەڵک ساغناکاتەوە ، کە بەهۆیەوە خەڵک تووشی نەخۆشی و گرفتی جەستەیی زۆر دەبێت و ئەو فرۆشیارە جاری وایە دەبێتە هۆی نەخۆشکەوتن و لە ناوبردن و کوشتی خەڵکانی تر، بەهۆی فرۆشتنی ئەو شتانەی کە ماوەیان بەسەرچووە، ئەمەش تاوانێکی گەورەیە.

وە پێویستە لە کڕین و فرۆشتندا رەچاوی پاکو خاوێنی بکرێت بە تایبەتی لە کاتی دروستکردنی ئەو  خۆراکانه‌ی كه‌ رۆژانەیە، چونکە یەکێک لە مەرجەکانی کڕین و فرۆشتن پاکییە وە پاک و خاوێنیش بەشێکی گرینگی باوەڕە.

ئا/فەرمان عەلی

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.