Erbil 24°C ھەینی 20 ئەیلوول 20:49

وەزیری دەرەوەی ئێران نیگەرانە لە بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکەی

کوردستان TV
100%

لە ماوەی رابردوودا، تۆمارێکی دەنگی وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بڵاوبووەوە کە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

لەو بارەیەوە محەمەد جەواد زەریف راگەیەندراوێکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باسی لەوە کردووە کە ئەو تۆمارە دەنگییە لە ئەرشیڤی حکوومەت دزراوە و دزەی پێکراوەتە ناو راگەیاندنێکی بیانییەوە.

محەمەد جەواد زەریف نووسیویەتی "زۆر نیگەرانم لە بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییە کە لە ماوەی رابردوودا بۆ سوودگەیاندن بە پیاوانی دەوڵەت لەڕێی ئەزموونی هەشت ساڵەمەوە دەربارەی چالاکییە سیاسیی و مەیدانییەکان تۆمار کرابوو".

وەزیری دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوەکەیدا بە ستایشەوە باسی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس سەربە پاسداران، قاسم سولەیمانی کردووە و ئاماژەی بە دۆستایەتی 20 ساڵەی نێوانیان کردووە.

محەمەد جەواد زەریف جەختی لەوەشکردووەتەوە کە پێویستە پسپۆڕان بەڕاشکاوی تێڕوانینەکانی خۆیان دەربارەی ئەو بابەتانە بخەنەڕوو کە بە راستی دەزانن و ئەگەر بەهۆی بەرژەوەندییە کەسییەکانەوە راستییەکان نەخەنەڕوو ئەوا ناپاکی لەگەڵ خۆیان دەکەن، نووسیویشیەتی "بەدرێژایی 40 ساڵ هەوڵمداوە لە شرۆڤەکانمدا پابەندبم بە بڕیارەکانی حکوومەت".

وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف باسی لەوەشکردووە کە لە بەروپێشچوونە سیاسییەکاندا، لایەنی سەربازی و لایەنی دیپلۆماسی تەواوکەری یەکترن و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە پابەند دەبێت بەو بەڵێنەی بۆ پاراستنی گەلی ئێران داویەتی.

محەمەد جەواد زەریف لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لێدوانی ناو تۆمارە دەنگییەکەی دەربارەی هەوڵەکانی رووسیا بۆ رێگریکردن لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران نەکردووە.

کەناڵی "ئیران ئینتەرناشناڵ" کە بە زمانی فارسی پەخش دەکات و بارەگاکەی لە شاری لەندەن-ە، تۆماری دەنگی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف بڵاوکردەوە کە لە مانگی ئاداری رابردوودا ئەنجامدراوە، بەڵام تا ئێستا بڵاونەکراوەتەوە.

محەمەد جەواد زەریف تۆمارە دەنگییەکەی پشتڕاستکردەوە، بەڵام ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەو تۆمارەی بۆ ئەرشیڤی دەوڵەت تۆمار کردووە.

دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکەش رۆژنامەنووسانی نزیک لە باڵی بنەماخوازەکانی ئێران، محەمەد جەواد زەریف-یان کردە ئامانج، پەرلەمانی ئەو وڵاتەش داوای دەست لەکارکێشانەوەی لە ناوبراو کرد.

 

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.