مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرەی عەرەبی، كه ئێوارهی ئهمڕۆ پهخشكرا، وەڵامی چەندین پرسیاری تایبەت بە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە دایەلۆکی ستراتیجی ئەمەریکا-عێراق، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و پەیوەندی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ دایەوە.
دهقی چاوپێكهوتنی مهسرور بارزانی سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، له كهناڵی ئهلجهزیره، كه كاتژمێر (07:05)ی ئێوارهی ئهمڕۆ له كهناڵهكه پهخش كرا
له چاوپێكهوتنهكهدا سهبارهی به مانهوهی هێزهكانی هاوپهیمانی نێودهوڵهتی دژی داعش، سهرۆكی حكومهت گوتی: هەڕەشەی تیرۆریزم لە عێراق هێشتا جیدییە. هەر بۆیە هێشتا هاوکاری و یارمەتیدانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا پێویستە، ئەمەش بۆچوونێکی هاوبەشی سەرجەم ئەندامانی شاندی حکومەتی عێراقییە بۆ گفتوگۆ ستراتیژییەکان، لە نێویشیاندا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
روونیشیكردهوه، ئەمە گفتوگۆیەکی ستراتیژییە لە نێوان حکومەتی عێراقی و ئەمهریکا، هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو گفتوگۆیانە، هەمووشی بەندە بەوەی دوا بڕیاری سیاسی عێراق چی دەبێت لەو پرسەدا. هەرێمی کوردستان هیچ سیاسەتێکی جیاوازی نابێت لەوەی چ خاڵێک لەو گفتوگۆیانەدا باس کراوە و رێککەوتنی لەسەر کراوە.
له بارهی ههڕهشهكانی داعشهوه، سهرۆكی حكومهتی ههرێم رایگهیاند، ئێمە لەو بڕوایەداین هێشتا داعش مەترسییەکی گەورەیە، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ عێراق و هەروەها بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش. داعش بە تەواوەتی لەناو نەبراوە، لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە داعش هێشتا زۆر چالاکە و هێشتا خەڵک رادەکێشێتە نێو ریزەکانیانەوە، هەروەک لەم دواییانەشدا بینیوومانە هێشتا توانای ئەنجامدانی كردهی تیرۆریستیان لە ناوچە جیاوازهکانی عێراق و سووریاش هەیە. ئەوان هێشتا توانای ئەوەیان هەیە ساڵانە بڕی 150 ملیۆن دۆلاریان دەست بکەوێت، ئێستاش داعش ژمارەیەکی زۆر ئەندامی هەیە. بۆیە دەبێ ئەو مەترسییە کۆنتڕۆڵ بکرێت، بەبێ هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانانیش پێموانییەهێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە ئامادەبن بە تەنیا و لەیەک کاتدا رووبەڕووی ئەو هەموو تەحەدییانە ببنەوە.
سهبارهت به ههماههنگی هێزی پێشمهرگه و سوپای عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی ئهو ناوچانهی بۆشایی ئهمنییان تێدایه، سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان گوتی: ئێمە چەندین جار ئەوەمان دووپاتکردۆتەوە، کە لە هەندێ ناوچە بۆشایی ئەمنی هەیە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی پێیدەگوترێت، ناوچە جێ ناكۆكەكان. زۆربەی هێرشەکان لەوێ ئەنجام دەدرێن، یانیش لەوێ پیلانیان بۆ دادەنرێن. بۆ نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنییەش ئێمە لەمێژە پێشنیازی ئەوەمان پێشکەش بە حکومەتی فیدڕاڵ و سەرۆک وەزیران کردووە، کە پێویستە هێزێکی ئەمنی هاوبەش لەو ناوچانە پێکبهێنرێت بۆ پاراستنی ناوچەکە و رێگریش لە چەکدارانی داعش بکات کە کاری تیرۆرستی لەو ناوچانە ئەنجام بدەن. بۆیە بە بوونی ئەو هێزە هاوبەش و هەماهەنگییە وا دەکات گۆڕانکارییەکی گەورە رووبدات، ئەمەش لە ئەنجامدا وا دەکات، ئەو ناوچەیە سەقامگیر بێت و دەبێتە هۆی سەقامگیرتربوونی دۆخی هەرێمی کوردستان.
له بهشێكی دیكهی چاوپێكهوتنهكهدا، سهرۆكی حكومهت سهبارهت به دۆستایهتی و پهیوهندی نێوان ههرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران گوتی: "من نازانم تۆ بەتەواوەتی مەبەستت چییە، بەڵام ئێران دراوسێمانە و بەرژەوەندی و سیاسەتی خۆی لە عێراق هەیە، سیاسەتەکانی ئێمەش زۆر روون و ئاشکران، دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان هەبێت، لەنێویشیان ئێران. ئێمە سنوورێکی دوورودرێژمان لەگەڵ ئێران هەیە، بەرژوەندی بازرگانی و ئەمنی هاوبەشمان هەیە، بۆیە هیوادارین کە پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بێت لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش، کە دەستوەردان لە کاروباری یەکتری نەکرێت".
له بارهی پرسی بودجه و پشكی ههرێمی كوردستانیشهوه له وهڵامی پرسیارێكی كهناڵی ئهلجهزیره، سهرۆك وهزیران گوتی: لە دوای پەسەندکردنی یاسای بوودجە، پەیوەندییەکان باشتر بوون، بەڵام لەرووی پڕاکتیکییەوە هێشتا هیچ کارێک نەکراوە. هێشتا چاوەڕێی سەرۆک وەزیران و حکومەتی عێراقی دەکەین بەشە بوودجەی هەرێم رەوانە بکەن، لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەی هەمانە. ئێمە رامانگەیاندووە بە تەواوەتی پابەندین بە سەرجەم ئەو بڕگانەی رێککەوتنەکە، ئەوەی پەیوەستە بە ئێمە جێبەجێی دەکەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش چاوەڕێ دەکەین سەرۆک وەزیران و حکومەتی فیدڕاڵی بوودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکەن، هەروەکو دەشزانن ئێستا ئێمە لە مانگی نیسانداین، بەڵام ئەوا بۆ ماوەی 10 مانگ دەبێت حکومەتی فیدڕاڵ هیچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە نەکردووە. بۆیە چاوەڕێش دەکەم و هانی سەرۆک وەزیران دەدەم پشکی بوودجەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات.
سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان باسی له رهوشی ئهمنی ناوچه سنوورییهكانی ههرێمی كوردستان و ئۆپراسیۆنهكانی توركیا و بوونی پهكهكه له ناوچه سنوورییهكان كرد و گوتی: "ئەمە کێشەی ناوخۆی تورکیا بوو هێنرایە نێو خاکی هەرێمەکەمانەوە، ئەوە کێشەی نێوان پەکەکە و تورکیایە، نەک کێشەی عێراق و کێشەی ئێمەش نییە. ئەم کێشەیە رووبەڕووی ئێمە کراوەتەوە، بەتایبەتی لەو کاتەی ئێمە سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەی داعش بووین. زۆربەی هێزەکانمان تەرخانکرابوون بە شەڕی دژ بە داعش و ئەو ناوچەیەش بێ هێز مابوونەوە. بەداخەوە پەکەکە ئەو هەلەی قۆستەوە و هەوڵیدا هەژموونی خۆی فراوانتر بکات، بەتایبەتی لە رووی سەربازییەوە لەو ناوچانە، بۆیە هێزەکانی پەکەکە دەستیان گرت بەسەر ئەو ناوچانەی، کە هێزەکانمانی تێدا بوون، زۆرێک لە خەڵکی سڤیلی ناوچەکەش بەهۆی ئەو شەڕ و ناسەقامگیرییەی لەو ناوچەیە لە نێوان تورکیا و پەکەکە هەیە، نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە نێو ماڵی خۆیان".
گوتیشی: بەهۆی ناکۆکی و شەڕەوە، نزیکەی 800 گوند لەو ناوچانە ئاوەدان نەکراونەتەوە. دەستپێکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەش ژمارەیەکی دیکەی خەڵکی ناوچەکەی ناچار کردووە لە گوندەکانیان ئاوارە بن، ئێستاش پرسیارەکە ئەوەیە، کە ئایا بۆچی پەکەکە لێرەیە؟ نابێت پەکەکە لێرە بێت، نابێت ئەوان خۆیان بە بەدیل بناسێنن. ئەوان بەجۆرێک هەڵسوکەوت دەکەن، رێگە بە جووتیاران نادەن بچنە سەر زەوییەکانی خۆیان، ئەوان خۆیان بە بەدیلی دەسەڵات دەناسێنن. بێگومان لەمیانەی شەڕە بەردەوامەکەشیان لەگەڵ تورکیادا، ناوچەکە زیاتر ناسەقامگیر بووە بۆ خەڵکی ناوچەکە، کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە، کە داوا لە پەکەکە بکەین هەرێمەکەمان بەجێبھێڵن و رێز لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگرن، تورکیاش لەوە تێبگات، کاتێک دۆخی ناوچەکە سەقامگیر بووەوە، چاوەڕێ دەکەین تورکیاش بکشێتەوە نێو خاکی خۆی.
سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان دووپاتیكردهوه، ههرێمی كوردستان پهیوهندی دۆستانهی لهگهڵ دراوسێكانیدا ههڵبژاردووه و گوتی: ئێمە پەیوەندی ئابووریمان لەگەڵ تورکیا هەیە. رێگەم بدە بیرتان بێنمەوە کە کورد هەمووی پەکەکە نییە. بۆیە پەیوەندی کورد و تورکیا ناکرێت تەنیا لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و پەکەکە تەماشا بکرێت. تورکیا کێشەی لەگەڵ پەکەکە هەیە، بەڵام کیشەی لەگەڵ کوردانی دیکە نییە. ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵیان هەیە، هەروەکو چۆن لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان هەیە. هیواخوازیشین پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانمان پەرە پێبدەین و تێشدەگەین لەوەی هەموومان نیگەرانین بەرامبەر بە دۆخی ئەمنی وڵاتانی خۆمان، بۆیە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا ئاسایین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.