قائیمقامی قه‌ڵادزێ، به‌كر باییز ده‌ڵێت: حكوومه‌تی هه‌رێم پێویسته بیر له به‌جینۆساید ناساندن و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووانی كۆمه‌ڵكوژی قه‌ڵادزێ بكاته‌وه.
قائیمقامی قه‌ڵادزێ، به‌كر باییز له لێدوانێكدا ، باسی له رووداوه‌كانی ساڵی 1974ی قه‌ڵادزێ و شه‌هید و برینداره‌كانی بۆردومانه‌كه كرد و گوتی: تا ئێستاش سیمای وێرانی و بۆردوومانه‌كه به شاره‌كه‌وه دیاره.
هه‌روه‌ها به‌كر باییز گوتی:دوێنێ یادی شه‌هیدانمان كرده‌وه به‌ڵام ته‌نها تاجه‌گولێنه دانرا ئه‌ویش به هۆی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو و بۆیه‌ش داوای لێبوردن له كه‌سوكاری شه‌هیدان ده‌كه‌ین".
دواتر به‌كر باییز باسی له بۆردوومانی قه‌ڵادزێ له ساڵی 1974 و هه‌روه‌ها گولله‌بارانكردنی خه‌ڵكی شاره‌كه له ساڵی 1982 كرد و گوتی: ئه‌و كاته من پۆلی چواری سه‌ره‌تایی بووم. ئێره له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشدا بوو بۆیه كرایه ئامانج. له ده‌ره‌وه‌ی سه‌یته‌ری حكوومه‌تی عێراقدا بوو و هۆكاری هێرشه‌كه‌ش هه‌ر ئه‌وه بوو". به گوته‌ی قائیمقامی قه‌ڵادزێ، "له هێرشه‌كه‌دا چه‌كی ناپاڵم به كار هێندرا و ده‌یان قوربانی له پیر و لاوی لێكه‌وته‌وه و به پێی ئاماره‌كانی ئه‌و كاته 370 كه‌س شه‌هید و بریندار بوون و كه نزیكه‌ی 20 كه‌سیان خوێندكاری زانكۆ بوون.له 20ی حوزه‌یرانی 1989ش ئه‌م ناوچه‌یه كرایه‌وه ناوچه‌یه‌كی سه‌ربازی و هه‌ر كه‌سێك بینرابا یه‌كسه‌ر له‌سێداره ده‌درا و تا ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 به‌رده‌وام بوو".
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا به‌كر باییز گوتی: "تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ سیمای وێرانی به شاره‌كه‌وه دیاره. ئه‌وه یه‌كێك له تاوانه ده‌گمه‌نه‌كانی سه‌رده‌می خۆی، بۆ به جینۆساید ناساندنی زۆر ئیش كراوه، به‌ڵام ده‌رئه‌نجامی نه‌بووه و حكوومه‌تی هه‌رێمی ئه‌ركێتی كه هه‌م هه‌وڵی به جینۆساید ناساندنی بۆردوومانی خه‌ڵكی قه‌ڵادزێ بدات و هه‌م له رووی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌وڵێكی جیددی بدات .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.