Erbil 15°C چوارشەممە 13 تشرینی دووەم 09:26

33 ساڵ به‌سه‌ر شاڵاوه‌کانی ئه‌نفالی گەرمیاندا تێده‌په‌ڕێت

کوردستان TV
100%

له‌ 14ی نیسانی 1988 هێرشی ئه‌نفال كردنی كورد به‌ ئاستێكی ترسناك گه‌یشت و زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ناوچه‌و گوندو ئاواییه‌كانی كوردستانی گرته‌وه‌ و نزیكه‌ى بیست هه‌زار ژن و منداڵ و پیاوى گونده‌كانى كوڵه‌جۆ، مله‌سوره‌، عه‌لیانى تازه‌ و دێبنه‌ و چه‌ند گوندێكى دیكه‌ى ده‌ڤه‌رى گه‌رمیان كۆكرانه‌وه‌ و گواسترانه‌وه‌ بۆ قۆره‌توو و پاشان بێسه‌روشوێنكران و به‌كۆمه‌لكوژكران له‌ لایه‌ن رژێمى به‌عسه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ مێژووی هاوچه‌رخی كوردستاندا ئه‌و رۆژه‌ به‌ رۆژی ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كان داده‌نرێت و هه‌موو ساڵێك له‌سه‌ر ئاستی فه‌رمی و جه‌ماوه‌ری له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات یادی سه‌دان هه‌زار مرۆڤی كورد ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن رژێمی به‌عسی عێراقه‌وه‌ به‌چه‌ند قۆناغێك و له‌ زنجیره‌یه‌ك هێرشی سه‌ربازیدا بێ سه‌روشوێن كراون، پاش ئه‌وه‌ی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی عێراق ئێران به‌ره‌و ته‌واو بوون چوو، له‌ 23 شوباتی 1988ه‌وه‌ رژێمی به‌عسی عێراق به‌مه‌به‌ستی قڕكردنی كوردو سڕینه‌وه‌ی بوون و مۆركی كوردایه‌تی به‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراقه‌وه‌، كۆمه‌ڵه‌ هێرشێكی سه‌ربازی ده‌ست پێكرد، كه‌ به‌ زۆری ناوچه‌ گوندنشینه‌كانی كوردستانی گرته‌وه‌، كه‌ هه‌میشه‌ بڕبڕه‌ی پشتی ژێرخانی ئابوری كوردستان و شۆڕشه‌كانی كوردستان بوون، ئه‌وه‌ش بریتی بوو له‌ جێبه‌جێكردنی ستراتیژێكی سه‌ربازی فراوانتر جگه‌ له‌ جینۆساید كردنی كورد بۆ تێكدانی ژینگه‌و سروشتی  كوردستان و لاواز كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردو شێواندنی كه‌سایه‌تی مرۆڤی كورد بووه‌ و شه‌ڕێكی نامرۆییانه‌و توندوتیژو و نه‌خشه‌ بۆ كێشراو بوو له‌ دژی داب و نه‌ریت و به‌هاو ئاكارو مانا نه‌ته‌وه‌یی و مرۆدوستییه‌كان و هه‌مو ئه‌و به‌ها پیرۆزانه‌ی كورده‌، كه‌ ده‌ره‌نجامی هه‌زاران ساڵ خه‌بات و ژیان بووه‌ ،له‌سه‌ر خاكی خۆی، هێرشی به‌دناوی ئه‌نفاله‌كان ته‌نیا بێ سه‌رو شۆێن كردن و قه‌تلوعامكردنی 182هه‌زار هاووڵاتی مه‌ده‌نی كورد نه‌بوو به‌ڵكو تاڵان كردنی سه‌روماڵ و موڵك و سامانی ئه‌و هه‌زارن هاووڵاتییانه‌ بوو كه‌ له‌ سه‌ر خاكی خۆیان ده‌ژیان، جیاكردنه‌وی ئافره‌ت و منداڵ و گه‌نج و پیره‌كان شێوازێكی تر بوو كه‌ له‌ دژی ئه‌نفال كراوه‌كان ئه‌نجام درا، ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ی له‌ده‌ست مه‌رگی ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كان رزگاریان بوو باس له‌و ده‌كه‌ن كه‌ به‌چاوی خۆیان دیویانه‌ ئه‌نفال چییه‌كان چۆن منداڵ و ئافره‌ت و پیاوه‌كانیان له‌ چاڵی گه‌وره‌ ناوه‌و له‌ چه‌ند لایه‌كه‌وه‌ گولله‌ بارانیان كردوون و دواتر به‌ شۆفڵ خۆڵ به‌سه‌ر ته‌رمه‌كانیاندا كراوه‌ و زۆرجار زینده‌ به‌ چاڵیشیان كردوون، له‌ مێژوی كۆن و نوێدا كورد چه‌ند جارێك ئه‌نفال كراوه‌، به‌ڵام له‌ مێژووی هاوچه‌رخدا و له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا رژێمی به‌عسی عێراق زیاتر له‌ هه‌شت هه‌زار كوردی فه‌یلی بێ سه‌رووشۆێن كرد و هه‌زرانی تریانی ده‌ربه‌ده‌ر كردن، له‌ 31ی ته‌مووزی 1983ش به‌غدا زیاتر له‌ هه‌شت هه‌زار بارزانی بێ سه‌رو شۆێن كردو به‌هۆی هێرشی ئه‌نفاله‌ به‌دناوه‌كانی ناوه‌راستی هه‌شتاكانیشه‌وه‌ زیاتر له‌ 182هه‌زار هاووڵاتی كورد بێ سه‌روشۆێن كران و  قڕكران، ئه‌نفال یه‌كێكه‌ له‌و كاره‌ساته‌ مرۆییانه‌ی كه‌ له‌ دژی كوردو مرۆڤایه‌تیش كراوه‌، به‌ جۆرێك كه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆش كۆمه‌ڵَگه‌ی كوردستان گیرۆده‌ی زۆر دیارده‌ی دزێوه‌، كه‌ زاده‌ی ئه‌و هێرشه‌ به‌دناوانه‌یه‌، ئه‌نفاله‌كان توندوتیژترین تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژه‌ مه‌ده‌نییه‌كانه‌، به‌ڵام تا ئێستاش له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵَگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بایه‌خی پێنه‌دراوه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.