یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت گەشبینە بەوەی تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بەرگریی گشتی لە دژی پەتای کۆرۆنا، لە نێو خەڵکەکەیدا دروستبێت، ئەمە وێڕای ئەوەی کە بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە لە دابینکردن و دابەشکردنی ڤاکسینی دژی پەتاکە رووبەڕووی کێشەبوونەتەوە.
کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا پێشتر رایگەیاندبوو کە مەبەستیانە تا کۆتایی وەرزی هاوین لانی کەم سهدا حهفتای دانیشتووانە پێگەیشتووەکانی یەکێتیی ئەوروپا بکوتێت، بەڵام ئێستا بە پشت بەستن بەو ژمارە زۆرە ڤاکسینەی کە چاوەڕێ دەکرێت لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بەرهەمبهێنرێن، تا کۆتایی مانگی حوزەیران بەو ئامانجە دەگات.
لەبارەی کوتانی سهدا حهفتای دانیشتووان یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت: بەدیهێنانی ئەو ئامانجە تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران گونجاوە، چونکە هەر لە ئێستاوە نزیکەی سهد و حهوت ملیۆن ڤاکسینیان دابەشکردووە و بڕیارە تا سێسهد و شهست ملیۆن ڤاکسینی دیکەش لە سێ مانگی داهاتوودا دابەشبکات.
ستێفان دو کیرسمەیکەر، گوتەبێژی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا، دەڵێت بە دابەشکردنی ئەو بڕە ڤاکسینە دەکەوینە دۆخێکەوە کە بەرگریی بەکۆمەڵی پێویستمان دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە، بەڵام ئەو بەرپرسەی یەكێتیی ئەوروپا جەختیشی لەوە کردەوە کە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە بەندە لەسەر درەنگ نەکەوتنی وەرگرتنی ڤاکسینەکان و دابەشکردنیان لەلایەن بیست و حهوت وڵاتە ئەندامەکەیەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی کاروانی یەکەمی ڤاکسینەکان کە ژمارەیان نزیکەی سهد و حهوت ملیۆن بوو، هەروەها بە زیادکردنی ئەو ڤاکسینانەی کە بڕیارە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بگەیێنرێتە ئەوروپا کە ژمارەیان نزیکەی سێسهد تا سێسهد و شهست ملیۆن ڤاکسین دەبێت، پێشبینیدەکرێت سهدا حهفتای دانیشتووانی ئەوروپا بکوترێن و بەرگریی گشتی دروستببێت.
بەپێی ئاماری بلومبێرگ تاوەکو ئێستا لە سەرانسەری جیهان نزیکەی شهسهت و نهوهد ملیۆن ڤاکسین دابەشکراوە، لە یەکێتی ئەوروپاش زیاتر لە ههشتاو دوو ملیۆن ڤاکسین دابەشکراوە و ڕۆژانە ملیۆنێک و شهسهت و پهنجاو حهوت هەزار کەس لە ئەوروپا ڤاکسین وەردەگرن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.