Erbil 26°C ھەینی 20 ئەیلوول 02:52

مەکتەبی سیاسی پارتی (62)ەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی خەبات پیرۆز ده‌کات

کوردستان TV
#7
100%

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی(62)ەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی (خەبات) په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سەرنووسەر و نووسەر و کادیر و کارمەندانی رۆژنامەكه‌ كرد.

بەڕێزان/ سەرنووسەر و ستافی نووسین و کادیرانی رۆژنامەی (خەبات)

ساڵیادی شكۆداری بە ئاشكرا دەرچوونی رۆژنامەی(خەبات) گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، (خەبات) وەکو دامەزراوەیەکی میدیایی خاوەن شوناسێكی رۆشنبیریی و پێگەیەكی تایبەتە لە مێژووی رۆژنامەگەریی كوردیدا، بۆیە لەو رێڕەوە  پڕ بەخششەیدا جێدەستی بەسەر پانتایی و كاروانی رۆژنامەگەریی و كولتووری كوردیدا روون و كاریگەرە.

رۆژنامەی (خەبات) وەكو یەكەمین رۆژنامەی رۆژانە و زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دەستكەوتێكی گرنگی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان دەژمێردرێ بەڕابەرایەتی (بارزانی نەمر) هەروەها رۆژنامەی(خەبات) هەمیشە ئامادەیی هەبووە لە داكۆكیكردن لە پرەنسیپەكانی دیموكراسی و ئازادی رادەربڕین و بڵندگۆی بێ جیاوازی و كۆكەرەوەی رۆشنبیران و نووسەران و رۆژنامەنووسان بوو.

رۆژنامەی (خەبات) بە پێی پلانی تۆكمەی كاركردنی تایبەتمەندیەتی خۆی لە بواری رۆژنامەنووسیدا سەلماندووە وەكو رۆژنامەیەكی رەسەن و راستەقینە و بەرپرسیار لە بواری رۆژنامەوانی و راگەیاندندا، بۆیە رۆڵێكی دیار و كاریگەری گێڕاوە چ لە رووی هۆشیاركردنەوە و و ریاكردنەوەدا یا لە رووی دۆزی نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان، جگە لەوەی هەمیشە سەكۆیەكی ئازاد و پیشەوەرانە بووە بۆ خستنەڕوو و ئاڵووێركردنی بیروڕای سیاسەتوان و نووسەران و رۆشنبیران و سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە.
 
لە(62)ەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی رۆژنامەی(خەبات) وێرای پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ بەردەوام بوون و پێشوەچوونی رۆژنامەكە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و نووسەران و خوێنەرانی ئازیزی رۆژنامەكەتان دەكەین، ئومێدەوارین هەردەم هەنگاوی نوێتر و بەرهەمدارتر بنێن..

لەم یادەدا سڵاو و دروود دەنێرین بۆ گیانی پاكی رۆژنامەوانانی پێشەنگ و ماندوونەناس و، ھەموو ئەوانەی لەو رێگایەدا سەریان نایەوە و ئەو كاروانەیان بەمڕۆكە گەیاند..

بەرز و پیرۆزبێت(62) ساڵەی تەمەنی رۆژنامەی(خەبات)..

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
3ـی نیسانی 2021

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.