بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، سێ كۆمپانیای جیھانی لە بواری دروستكردنی ھێڵی ئاسنین، سەرقاڵی دیراسەكردنی بەھا و تێچووی پڕۆژەی ھێڵی ئاسنینن و، بڕیارە لە مانگی داھاتوودا دیراسەكە پێشكەشی وەزارەت بكەن و دواتر دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەكە بكرێت.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدهگهێنێت: وەزارەت داوەتنامەی بۆ سێ كۆمپانیای جیھانیی دروستكردنی ھێڵی ئاسنین لە ھەرێمی كوردستان ناردووە، بۆ ئەوەی دیراسەی ئابووریی پڕۆژەكە ئامادە بكەن و بۆمانی رەوانە بكەن، بۆ ئەوەی بزانین بەھا و تێچووەكەی چۆنە و تا چەند سەركەوتوو دەبێت، كە دڵنیاشین سەركەوتوو دەبێت.
دهشڵێت: بەپێی ئەو كاتەی پێیان دراوە، بڕیارە لە مانگی داھاتوودا دیراسەكە ئامادە بكەن و پێشكەشی وەزارەتی بكەن و وەڵامی داواكاریی ئێمە بدەنەوە، چونكە سەرەتا دەمانەوێت دیراسەی ئەو پڕۆژەیە بكەین و بزانین بەھاكەی چەند دەبێت و سەركەوتوو دەبێت، كە بێگومان بەھای دەبێت و پڕۆژەكەش ئەنجام دەدرێت، بەڵام بە قۆناغ دەبێت.
ناوبراو ڕوونیشی كردەوە، دوای پێشكەش كردنی دیراسەكە و تەواوبوونی، ئەوكات دەست بە جێبەجێكردن و دروستكردنی ھێڵی ئاسنین لە ھەرێمی كوردستان دەكرێت، كە ئەویش بە ھۆی گەورەیی پڕۆژەكەوە، بە قۆناغ دەبێت.
سێ كۆمپانیای جیھانی ئەو پڕۆژەیە ئەنجام دەدەن، كە دوو كۆمپانیا ئیسپانین و یەكێك ئەڵمانییە، كە شارەزاییەكی زۆر باشیان لەسەر ئاستی جیھان لە دروستكردنی ھێڵی ئاسنین ھەیە، كە ئەو ھێڵەی لە ھەرێم دروست دەكرێت، 915 كیلۆمەتر دەبێت و ھەر جارەو قۆناغێك دروست دەكرێت، بە جۆرێك قۆناغی یەكەم 620كیلۆمەتر و قۆناغی دووەم 135كیلۆمەتر و قۆناغی سێ یەم 160كیلۆمەتر دەبێت، كە پڕۆژەكەش بۆ سەرتاسەری ھەرێمی كوردستانە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.