Erbil 27°C شەممە 21 ئەیلوول 09:51

نێچیرڤان بارزانى: د. کەمال مەزهەر زەحمەتێکی زۆری کێشا تا ڕاستییەکانی مێژووی کورد و کوردستان ڕۆشن بکاتەوه

کوردستان TV
100%


بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/3/24 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەشدارى لە ڕێوڕەسمى پێشوازى لە تەرمى خوالێخۆشبوو د. کەمال مەزهەردا کرد کە لە هەولێر لەلایەن ئەکادیماى کوردییەوە ڕێکخرابوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە نوێنەرانى حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، وەزیرى ڕۆشنبیریى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، هاوسەر و خانەوادەى خوالێخۆشبوو د. کەمال مەزهەر و ژمارەیەک لە نووسەران و ڕۆژشنبیران ئامادەى بوون، نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى دانانى تاجەگوڵینە لەسەر تەرمى خوالێخۆشبوو، وتارێکى لەبارەى کار و بەرهەمەکانى د. کەمال مەزهەرەوە پێشکەش کرد، ئەمە دەقەکەیەتى:

به‌یانیتان باش..

به‌ڕێز عوسمان ئەلغانمى، وه‌زیرى ناوخۆى عێراق و نوێنه‌ری به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران مسته‌فا كازمی

به‌ڕێز نوێنەرى سه‌رۆك كۆمار

ئامادەبووانی بەڕێز،

نووسەران و ڕۆشنبیرانی خۆشەویست،

خاتوو شەهلا تاهیر حەیدەری، هاوسه‌رى خوالێخۆشبوو پرۆفیسۆر د. كەمال مەزهەر،

بنەماڵە و كەسوكاری به‌ڕێزیان..

بەخێرهاتنتان دەكەم بۆ ڕێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی د. كەمال مەزهەر، ئه‌و مێژوونووسه‌ گه‌وره‌یه‌ى كه‌ زۆر لێكۆڵینەوەی گرنگ و به‌هادارى لەسەر مێژووی گه‌لى كورد و ناوچه‌كه‌ نووسیوه‌، لەبەرئەوەش مافی خۆی بوو لە كاتی كه‌ ژیانیدا، ئێستا و له‌ داهاتووشدا ڕێزی لێ بگرین. سوپاستان ده‌كه‌م كە هەمووتان ئەمڕۆ لێره‌ لەگەڵماندا بەشدارن.

د. كەمال مەزهەر، لەدایكبووی كەركووکە. كەركووكیبوون ئاسان نییە، چونكە بەداخەوە كەركووكیبوون بە درێژاییی دەیان ساڵی ڕابردوو بۆ كوردی كەركووك، واتە ژیانێکى سەخت و هەست نەکردن بە ئارامى و ڕووبەڕووبوونەوەى بەردەوامى نکۆڵیکردن لە ماف و هەبوونت لەسەر خاک و زێدى ڕەسەنى خۆت. د. كەمال مەزهەر لە کتێبەکەیدا (كركوك و توابعها) ئەوەی بە شارەكەی كراوە و ڕاستییەكانی مێژووی كەركووكی بە بەڵگەوە ڕوون كردووەتەوه‌.

د. كەمال مەزهەر، زانایەك بوو لە بواری مێژووی كوردستان و ناوچەكه‌دا، زەحمەتێكی زۆری كێشا و شەونخوونییەكی زۆری كردووه‌ بۆ ئەوەی ڕاستییەكانی مێژووی كورد و كوردستان و ناوچەكە لە هەزاران بەڵگەنامەدا دەربهێنێت و ڕووداوەكان پێكەوە گرێبدات و مێژووی كوردستان ڕۆشن بكاتەوه‌.

ئەو مرۆڤە ماندوو و بەرهەمدارەی ئەمڕۆ هەموومان بۆ ڕێزگرتنى لێرەدا كۆبووینەتەوە، خاوەنی دەیان لێكۆڵینەوە و كتێبە لەسەر مێژووی كوردستان، سەرپەرشتیی سەدان لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی لە بواری مێژوودا كردووە، لە زانكۆكاكانی عێراق وانەی داوه‌ته‌ هەزاران قوتابی.

د. كه‌مال مه‌زهه‌ر مێژوونووسێكه‌، هەمیشە لە هەوڵی ساغكردنەوەی پەیوەندیی گەلان و میللەتاندا بووه‌. دەیویست ئەوە بسەلمێنێت كە گەلان پێكه‌وه‌ ئاشته‌وان و كێشەیان لەگەڵ یەكتردا نییە، هێندەی ئەوەی حكوومەتەكان و سیاسەتی هەڵەیان، كێشە بۆ میللەتان دروست دەكەن.

وەك زانایەكی كورد، ویستی مێژوو وەك بوارێكی زانستی، بکاتە پردێكی پەیوەندی لەنێوان گەلانی ناوچەكەدا و ڕەگوڕیشەی پێكەوەژیان و دراوسێیەتیی ئەم گەلانە بكاتە پێوەر بۆ پێویستیی گه‌لان بە یەكتر، نەك ئەو ململانێ سیاسییەی گەلانی ناوچه‌كه‌ى لێك دوور دەخستنەوە و لەیەكتری دەكردن بە دوژمن.

توانی زانستی مێژوو لە كوردستان و عێراق بە شێوەیەكی ئەكادیمی بسەلمێنێت و خۆی لە گێڕانەوەی بێ بنەما و سەرچاوەی باوەڕپێنەكراو بپارێزێت و مێژوو وەك زانستێكی جێگەی متمانە بۆ گەیشتن بە ڕاستیی ڕووداوەكان بسەلمێنێت. ئەوەش دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ مێژوو، ئینجا بۆ گه‌لان و نەتەوەكان تا خۆیان لە بڕیاری پێشوەختە بپارێزن و گێڕانەوەی ئاسایی نەكەنە پێوەر بۆ حوكمدان بەسەر یەكتردا.

خۆشەویستیی د. كەمال مەزهەر بۆ كورد و كوردستان، وایكرد كه‌ هەرگیز نەچووە چوارچێوەی چاوپۆشین لە هەڵە و كەمتەرخەمییەكانی كورد و سەركردەكانى، بەڵام هەرگیز بۆ جارێكیش پاشەكشەی لە هەڵوێستەكانی لە ئاست دۆزی ڕەوای كورددا نەكرد و پەیوەندیی خۆی بە خەباتی ڕەوای میللەتەكەیەوە نەپساند.

لە بواری بزاڤی كۆمەڵایەتیشدا ئەو كاتێك قسەی لەسەر ئافرەت لە مێژوودا كرد، هێشتا بزووتنەوەی ژنان لە دنیادا ساوا بوو، بەتایبەتی لە كوردستان. ئەو بەوەی ژنانی وەك پێكهاتەیەكی گرنگی كۆمەڵایەتی ده‌بینى و باسى لە ڕۆڵ و پێگە و گرنگییان لە كۆمەڵگەدا ده‌كرد، جگە لەوەی بەرپەرچی هەر بۆچوونێكی كۆنەخوازانەی ده‌رباره‌ى ژنان ده‌دایه‌وه‌، ئاواش زەمینەسازی كرد بۆ ئەوەی ئافره‌ت لە كۆمەڵگەی كوردستاندا ڕێزلێگیراوانە تەماشا بكرێت.

ئامادەبووانی بەڕێز..

كورد و گه‌لى كوردستان به‌گشتى لەژێر چەوسانەوەیەكی هەمەلایەنەدا بووە. لەگەڵ تێكدان و وێرانكردنی كوردستاندا، مێژووی كوردستانیش زۆر شێوێندراوە و ون كراوە. پێشمەرگە بە گیان و ژیانی خۆی، گه‌لى كوردستانی لە نەمان پاراستووە، ڕۆشنبیران و نووسەران و زانایانی كوردیش، سه‌ختى و ناخۆشیی یه‌كجار زۆریان چەشتووە بۆ پاراستنی زمان و كولتووری كورد و تۆماركردن و ساخكردنەوەی مێژووی كوردستان. لەبەر ئەوەش ڕۆشنبیران و نووسەرانی کورد کە بە قەڵەم و وشە خزمەتى گەل و وڵاتیان کرد، شایانی ڕێزگرتنێكی تایبەتن.

ڕۆشنبیران و نووسەرانی كورد، بە درێژاییی مێژووی شۆڕشەكانی كوردستان هێنده‌ى دەزگای زۆر گەورەی دەوڵەتی و نیشتمانی، ڕۆڵیان گێڕاوە بۆ هوشیاركردنەوە و پاراستنی زمان و ڕۆشنبیریی كوردی. بە ئیمکاناتى زۆر كەم ئەوەیان كردووە، بەڵام چونكە دڵسۆزی و باوەڕ و توانایان زۆر بووە، توانیویانە ئەوە بكەن. سەرەڕای هەموو ڕێگرییەكان و كەمیی ئیمکانیات، هەمیشە بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی كوردستان كارا و كتێبخانەی كوردی ئاوەدان بووه‌.

دوای ساڵى 2003 د. كه‌مال مه‌زهه‌ر زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌‌ دەیویست لە شوێنێكی ئارام بەردەوام بێت لە لێكۆڵینەوە، بۆیە هەموو پشتگیرى و ئاسانكارییەكمان بۆ كرد تا ئه‌رشیف و كتێبخانە ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ى بهێنێته‌ هەولێر، بەڵام بەداخەوە نەخۆشی ده‌رفه‌تى نه‌دا كه‌ هەموو ئەوەی خۆی دەیویست و مه‌به‌ستى بوو، تەواوی بكات.

ئێمە لێره‌ بۆ دوایین جار ماڵئاوایی لەم زانا و میژوونووسە گه‌وره‌یه‌ی كورد دەكەین كە کار و بەرهەمەکانى مایەى شانازین. به‌ خزمەتی به‌رچاوى چەندین ساڵەی لە زانكۆ و پەیمانگەكانی عێراق، وەك ناوێكی دیار و درەوشاوە بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە، نەوەكانی داهاتووش به دڵنیایییەوە سوود لە بەرهەمەكانی وەردەگرن، گەلی كوردستان و نوخبە و ناوەندی ئەكادیمیش لە عێراق، به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هەمیشە شانازی پێوە ده‌كه‌ن.

زۆر سوپاسى ئه‌كادیماى كوردى ده‌كه‌م بۆ سازدان و ڕێكخستنى ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌. گیانى د. كه‌مال مه‌زهه‌ر شاد بێت و سەرەخۆشی له‌ خاتوو شەهلا تاهیر حەیدەری هاوسه‌رى، هەموو بنەماڵە به‌ڕێزه‌كه‌ی ده‌كه‌م و هه‌روه‌ها سه‌ره‌خۆشی له‌ گەلی كوردستان و له‌ گه‌لی عێراق ده‌كه‌م.

دیسانه‌وه‌ به ‌خێر بێن..

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.