Erbil 31°C شەممە 21 ئەیلوول 17:53

ئه‌مڕۆ رۆژی کەشناسی جیهانییه‌

کوردستان TV
100%

رۆژی كەشناسیی جیهانیی 2021) لە هەموو كەشناسانی كوردستان و جیهان پیرۆز بێت.

لە 23 ی ئاداردا، (رێكخراوی كەشناسی جیهانی) ( World Meteorological Organization) ئاهەنگ دەگێڕێ بە (رۆژی كەشناسیی جیهانیی) كە سەرەتایەكەی دەگەڕێتەوە بۆ یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونی (رێكخراوی كەشناسیی جیهانیی) سەر بە (نەتەوە یەكگرتووەكان) لە 1950.3.23.

ئامانج لەو یادە بریتییە لە ئەنجامدانی چەندین چالاكیی جیهانیی لەبواری ناساندنی كۆمەڵگەكان بە گرنگیی زانستیی ئاوو هەواو كەشناسی و ناساندنی زانستەكە لە رێگەی ئەنجامدانی چەندین چالاكیی جیاجیاو هەمەجۆر وەك كۆنفرانس و كۆڕو پیشانگا.

بۆ ئەم مەبەستە، هەموو ساڵێك رێكخراوی (WMO) دروشمێك بەرز دەكاتەوە كە پەیوەندی راستەوخۆی هەیە لەگەڵ بابەتەكانی كەش و ئاو و هەوا و ئەو بوارانەی تایبەتن بە (ئاو) تا ببێتە ناونیشانێك بۆ ئەنجامدانی چالاكییەكان.

بۆ ئەمساڵ، (رێكخراوی كەشناسی جیهانیی) دروشمی: (زەریا و ئاو و هەواو كەشمان) ( World Meteorological Day 2021 - The Ocean, Our Climate & Weather) ی بەرزكردۆتەوە وەك ناونیشانێك بۆ ئەنجامدانی چالاكیی جیهانیی و لەهەمان كاتدا ببێتە دەستپێكێك بۆ كۆنفرانسی (نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ زانستی زەریاكان لە پێناو پەرەپێدانی درێژەپێدراو لە 2021 – 2030).

55

زەریایەكان نزیكەی 70% ی روی هەسارەی زەویان داپۆشتووە، وە بێگومان داینەمۆی سەرەكی كەش و ئاووهەوای هەر هەموو جیهانەو رۆڵێكی سەرەكیی دەگێڕن لە گۆڕانە ئاو و هەواییەكان، ئەمە جگە لەوەی وەك بزوێنەرێكی ئابووریی جیهانییە بەوەی 90% ی كۆی گشتی چالاكیی بازرگانیی لەخۆ دەگرێت.

هەربۆیە، دەبینین رێكخراو و دامەزراوەیەكی زۆری كەشناسیی و زانستی (هایدرۆلۆژیی) و پسپۆڕانی بواری (زەریاناسیی) لە سەرتاپای جیهاندا گرنگییەكی یەگجار زۆر گەورە بەو بوارە دەدەن و لە رێگەی روانگەكردن و لێكۆڵینەوەی بەردەوامدا، بێ وەستان تێبینی زەریاكانی جیهان دەكەن و هەوڵ دەدەن لە گۆڕانكارییەكانی حاڵی ببن، پاشان ئامادەكردنی راپۆرت و مۆدێلی گرافیكیی پێشكەوتوو لەسەر چۆنییەتی روودانی گۆڕانكارییەكان و پێشبینیكردنی داهاتوو، جگە لە پێشكەشكردنی چەندین خزمەتگوزاریی دیكە، لە پێناو پاڵپشتیكردنی رێ و شوێن و پڕەنسیپە زانستییەكانی چۆنییەتی پاراستنی سەلامەتیی ناوچە كەنارییەكان و ژیان لەنێو ئاوی دەریاو زەریاكاندا.

(رێكخراوی كەناسیی جیهانیی ) ( WMO) و بە سیفەتی وەك دەزگایەكی جیهانیی پسپۆڕ لەبواری (ئاوو هەواو كەش و ئاو)، هەوڵێكی زۆر دەدات بۆ حاڵی بوون لەو پەیوەندیانەی كە هەردەم لەنێوان زەریاكان و كەش و ئاوو هەوادا هەیە بەو پێیەی ئەم زانینە یارمەتیمان دەدات بۆ تێگەیشتنێكی زیاتر لەو جیهانەی ئێمە تیایدا دەژین و كاریگەرییەكانی گۆڕانی ئاوو هەوا لەسەر ژیانی ئادەمیزاد، ئەمەش لە پێناو بەرزتر كردنەوەی ئاستی هۆشاریی خۆپارێزیی گیان و سامان و ئابووریی لە رێگەی سنوورداركردنی كاریگەریی كارەساتە سروشتییەكان.

وەرگێرانی: ئەژی چەتۆ

سەرچاوە: سایتی WMO

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.