وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی و ژینگه‌ی عێراق ھۆشداری له به‌رده‌وامی به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبووان به ڤایرۆسی كۆرۆنا دا و رایگه‌یاند كه ره‌وشی ئێستای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له عێراق، مه‌ترسیداره.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی و ژینگه‌ی عێراق له راگه‌یه‌نراوێكدا دوایین پێشھاته‌كانی تایبه‌ت به بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا خستووه‌ته‌ڕوو و تیایدا ئه‌وه ھاتووه: ھه‌ر له‌سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پابه‌ندبووین به گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی په‌یوه‌ندی و شه‌فافیه‌ت له‌گه‌ڵ رای گشتیی و بۆیه‌ش بۆ ھه‌موو لایه‌ك روونی ده‌كه‌ینه‌وه كه بڕیاری سووكردنی قه‌ده‌غه‌ی ھاتوچۆ و كردنه‌وه‌ی چێشتخانه، مۆڵ و قاوه‌خانه‌كان په‌یوه‌ست نییه به ره‌وشی ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌ڵكو له‌به‌ر ھاووڵاتییانه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بژێوی خۆیان دابین بكه‌ن، به‌ڵام به مه‌رجی جێبه‌جێكردنی رێوشوێنه‌كانی خۆپارێزیی.
له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ھۆشداری له به‌رده‌وامی به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبووان به ڤایرۆسی كۆرۆنا داراوه و ھاتووه: "به‌رده‌وامی به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبووان به ڤایرۆسی كۆرۆنا، جێگه‌ی نیگه‌رانییه، چونكه له‌م رۆژانه‌ی دواییدا، ژماره‌ی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا له رۆژێكدا گه‌یشتووه‌ته، پێنج ھه‌زار كه‌س".
له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی و ژینگه‌ی عێراق ھۆشداری له مه‌ترسی ره‌وشی ڤایرۆسی كۆرۆنای له عێراق داوه و ھاتووه: "ره‌وشی ئێستای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له عێراق مه‌ترسیداره و له‌به‌ر ئه‌وه داوا له ھاووڵاتییان ده‌كه‌ین كه زیاتر پابه‌ندبن به رێوشوێنه‌كانی خۆپارێزیی به‌تایبه‌تیش به‌ستنی ماسك".
له كۆتایی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا داوا له ھێزه ئه‌منییه‌كان و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت كراوه كه به‌دواداچوون بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی باڵای ته‌ندروستیی و سه‌لامه‌تی نیشتمانیی بكه‌ن.
به‌پێی دوایین ئامار، تا ئێستا 784 ھه‌زار و 716 كه‌س له عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بوون و له‌و ژماره‌یه‌ش 13 ھه‌زار و 937 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و 706 ھه‌زار و 904ی دیكه‌یش چاكبوونه‌ته‌وه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.