Erbil 12°C چوارشەممە 13 تشرینی دووەم 03:04

 نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە شاندێکى دیوانى وەقفى سوننى کرد

کوردستان TV
100%

پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 14/2/2021 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە بەڕێز د. سەعد حەمید کەمبەش، سەرۆکى دیوانى وەقفى سوننى و شاندێکى یاوەرى کرد.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان داکۆکى لەوە دەکاتەوە کە پێویستە هەموو پێکهاتە عێراقییەکان لە مافەکانیان و لە ئێستا و داهاتوویان دڵنیا بن و هاوبەشى دەسەڵات و بەڕێوەبردنى وڵات بن، بۆ سەقامگیریى عێراقیش دەبێ کێشە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن و هەمووان پێکەوە لەپێناو بەرژەوەندیى وڵات و پێشتخستنیدا کار بکەن.


لە دیدارێکدا دۆخى سیاسیى عێراق و مەترسییەکانى تیرۆر و هەڵبژاردنەکانى داهاتوو تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لە پێویستیى عێراق بە تەبایى و پێکەوەژیان و لێبوردەیى و بە سەقامگیرى و ئارامى و هاوبەشیى هەموو پێکهاتەکان لە پێگەکانى دەسەڵات و بەڕێوەبرندنى وڵاتدا کرده‌وە و هاوڕا بوون کە دەبێ پێکهاتە عێراقییەکان پێکەوە کار بکەن، بەپێى دەستوور کێشەکانى وڵات چارەسەر بکرێن و مافەکانى تەواوى پێکهاتەکان دەستەبەر بکرێن.

لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا بەڕێز سەرۆکى دیوانى وەقفى سوننى و شاندى یاوەرى، پوختەیەکیان دەربارەى پێکهاتە و کار و چالاکییەکانیان خستە ڕوو و جەختیان لە میانڕەویى و ئاشتیخوازى و نەرمیى گوتارى وەقفەکە کردەوە کە لە زیاتر لە سێزدە هەزار مینبەرى مزگەوت و سەدان قوتابخانە و ئامادەیى و پەیمانگە و کۆلێژەوە لە هەموو ناوچەکانى عێراق ئاراستە دەکرێت و خۆشحاڵیى خۆیان بە کارکردن و هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانى هەرێمى کوردستان دەربڕى.

شاندەکە هەروەها سوپاس و پێزانینى خۆیان بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە کە پێشوازییان لە ئاوارەکانى ناوچە سونییەکانى عێراق کردووە و هەموو هاوکارییەکیان پێشکەش کردوون کاتێک لە دەست تیرۆرى داعش، هانایان بۆ هەرێمى کوردستان هێنا و بێ کێشە و بە ئارامى لێرە مانەوە و پارێزران و بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.

هەر یەکە لە بەڕێزان د. محەمەد نوورى ئەلحاتەمى، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى کارگێڕى و د. مشعان خەلیل ئەلخەزرەجى، ڕاگرى کۆلێژى ئەلئیمام ئەلئەعزەم و نوورەدین محه‌مه‌د حه‌مید بەڕێوەبەرى گشتیى ڕێوڕەسمەکان و هەماهەنگیى دیوانى وەقفى سوننى، ئەندامى شاندەکە بوون.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.