سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عێراق رایگەیاند: بۆمبێکی چێنراو لە باشووری عێراق بە کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش تەقیوەتەوە.
ئەفسەرێک لە پۆلیسی پارێزگای بەغدا رایگەیاند: بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی بۆ ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لەسەر رێگای سەرەکی ناحییەی یوسفییە له باشووری بەغدا تەقییەوە و هیچ زیانێكی گیانی و ماددی لێ نهكهوتۆتهوه.
ئەم هێرشە بیست و یهكهمین هێرشی هاوشێوەیه کە لە ماوەی نزیکەی حەوت هەفتەی رابردوودا بکرێتە سەر کاروانی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی بۆ ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق. تا ئێستاش ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش به رابهرایهتی ئهمهریكا و سوپای عێراق ھیچ راگەیاندراوێکیان لەمبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە و ھیچ لایەنێکیش بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو تەقینەوەیە رانەگەیاندووە.
لە مانگی تەمووزی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا چەندینجار کاروانی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە رابەرایەتی ئەمریکا لە چەند پارێزگایەکی عێراق لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کراونەتە ئامانج. ئەمریکا، گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران له نێویشیاندا حزبوڵڵا بە ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە تۆمەتبار دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.