مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە میخال سڤۆبۆدا کونسوڵی گشتیی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و چۆنیەتیی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و پەیوەندییەکانی هەردوولا و و پڕۆژەی چیک بۆ خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و دۆخی تەندروستی و پەتای کۆڤید_19 و ڤاکسینەکەی، خرایە بەر باس.
جێگری سەرۆک سەبارەت بە کێشەکانی هەولێر – بەغدا ڕایگەیاند باشترە هەموو هەوڵەکان بۆ ڕێککەوتن بێت، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتن نەهاتە دی، پێویستە هەرێمی کوردستان پشت بە خۆی ببەستێت، هەوڵەکانی زیادکردنی داهات و چڕتر بکاتەوە و بەرنامەی چاکسازیی هەمەلایەنە بۆ هەموو بوارەکان جێبەجێ بکات و جگە لە نەوت و غاز، پیشەسازی و بازرگانی و کشتوکاڵ بکاتە یەکێک لە کۆڵەکە گرنگەکانی سەرچاوەی داهات.
لەبەرامبەردا میخال سڤۆبۆدا هاوڕابوو کە دەکرێت سەرچاوەکانی داهات فراوان بکرێن و هەرێمی کوردستان بۆ گەشەسەندن و پتەوکردنی دامودەزگاکانی بە تەنیا پیشت بە نەوت نەبەستێت و سەرچاوەکانی دی بۆ دابینکردنی پێداویستییە گشتییەکانی، فەراهەم بکات. هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگیی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە و چەندین پێشنیار و چارەسەریان بۆ دامەزراندنی هێزێکی هەرێمی، تاوتوێ کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.