Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 00:49

د.بەشیر حەداد: پێویستە یاسای بودجە ببێتە ھەوێنی لێکنزیکبوونەوەی نێوان ھەولێر و بەغدا

کوردستان TV
#7
100%

د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد.

رۆژی سێشەممە رێکەوتی 2021/2/9، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد کە تایبەت بوو بە بەدواداچوون بۆ کارەکانی لیژنەکە له مەڕ یاسای بودجە 2021.

لە کۆبوونەوەکەدا دکتۆر بەشیر حەداد، سوپاسی ھەوڵ و ماندوو بوونەکانی لیژنەی دارایی کرد لە چاککردن و رێکخستنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 و جەختیشی کردەوە کە پێویستە یاسای بودجە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابڕێژرێت بەسەر تەواوی پێکھاتەکانی عێراق و بەیەک چاویش سەیری تەواوی پارێزگاکانی عێراق و پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانیش بکرێت و بە پێی رێژەی دانیشتوان و شایستەی دەستووری پشکەکان دابەش بکرێن.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ھەر بژاردەیەک سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی ساڵی 2021 دابنرێت، دەبێت دەستووری بێت و قبوڵ ناکرێت ھیچ بژاردەیەکی دیکە دیاری بکرێت کە لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە.

حەداد ئاماژەشی بەوەدا کە پێویستە لیژنەی دارایی کارێک بکات کە پرۆژە یاسای بودجە بە ھەماھەنگی و تەوافوقی نیشتمانی تێپەڕێت نەک بەشێوەی زۆرینە و کەمینە، چونکە پێویستە پەرلەمان رۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت و ھاوکاری حکومەت بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو کۆمەڵگە و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان نەک خۆی ببێتە بەشێک لە کێشە و کێشە بۆ حکومەت دروست بکات.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەشی بەوەدا کە پێویستە کارەکان بەشێوەیەک بەڕێوەبچن کە بودجەی ساڵی 2021 ببێتە ھەوێنی لێک نزیکبوونەوەی نێوان ھەولێر و بەغدا لەلایەک و نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەشێوەیەکی گشتی و پێوستە ئەو بەرەوپێشڤەچوونانەی ھەرێم بە ھەند وەرگیرێن و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی فیدراڵیش ھەنگاو بھاوێژێت بۆ گەیشتن بە رێکەوتن و جاوەڕوانیش دەکرێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەو پرۆژە یاسایە لە لیژنەی دارایی تەواو بێت و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت.

لەلایەکی دیکەوە دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەو لیژنەی لاوەکییەی کرد کە لەنێو لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران دروستکراوە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پشکی ھەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 و ئامادەکردنی راپۆرتێک بۆ لیژنەی دارایی.

لە کۆبوونەوەکە کە د. ماجیدە تەمیمی سەرۆکی لیژنەکە تێیدا بەشدار بوو، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ئەو راپۆرتەی ئامادە دەکرێت ھەموو داتا و زانیارییەکانی ھەرێمی کوردستانێکی تێدا بێت و ئاماژە بەو ھاتنە پێشەی ھەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی نێوان ھەردوو دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم و فیدراڵ بکرێت کە لێک تێگەیشتنێکی باش لە نێوانیان ھەبووە.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیازی کرد دوای پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە ئەو لێژنەیە کارەکانی بەردەوام بێت وەکو نێوەندگیرێک لە نێوان ھەولێر و بەغدا.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.