Erbil 14°C چوارشەممە 13 تشرینی دووەم 01:46

په‌رله‌مانی کوردستان داوا لەدەسەڵاتە فیدراڵییەکانی عێراق ده‌کات قەرەبووی دادپەروەرانەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بکەنەوە

کوردستان TV
100%


لێژنه‌ى شه‌هیدان له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌بۆنه‌ی گه‌رانه‌وه‌ى 104 رووفاتی خوشك و برایانی ئێزدی په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌.
ده‌قی په‌یامه‌كه‌یان:

پەیامی لێژنەی شەهیدان بەبۆنەی گەڕانەوەی 104 رووفاتی خوشک و برایانی ئیزیدی
لەڕۆژی ٢٠١٤/٨/٣ دەستی ڕەشی تیرۆریستانی داعش گەیشتە دەڤەری شنگال و بەو هۆیەوە هەزاران لەخۆشک و برا ئیزیدییەکانمان کە پێکهاتەی ڕەسەنی کوردستانن، دووچاری شاڵاوی جینۆساید و قڕکردن و کوشتن و ئازار و دەستدرێژی بوونەوە و ٧٢ گۆڕی بەکۆمەڵ لەو دەڤەرە دۆزاونەتەوە، کە تا ئێستا ٣٤٨ گۆڕ هەڵدراونەتەوە، و ئەمڕۆش رووفاتی ١٠٤ گۆڕی تر دەگەڕێندرێتەوە گوندی کۆجۆ. بەم بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی لە خۆمان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی تاوانی جینۆسایدی خوشك و برا ئێزیدیەكانمان دەكەین، كە لەسەر دەستی هێزێكی دەست ڕەش و تیرۆریستی وەك داعش بەپێچەوانەی هەموو ڕێسا و عورفێكی ئایینی و مرۆڤایەتی و یاسایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئەنجامدرا، سەری ڕێزونەوازش بۆ ئەو شەهیدانە و گشت شەهیدانی ئەو تاوانە قێزەونە دادەنەوێنێن.
لەم بۆنەیەدا بەپێویستی دەزانین كە داوا لە دەسەڵاتە فیدراڵیەكانی عێراق (پەرلەمان و حكومەت و دادگا) بكەین كە ئەو تاوانە بە جینۆسایدكردنی خوشك و برا ئێزیدیەكانمان بناسێنن و بەڕێگەی دانان و جێبەجێ كردنی یاسای تایبەتەوە لەدادگایەكی نێودەوڵەتیدا دادگایی تاوانبارانی ئەنجامدەری ئەو تاوانە، لەهەركوێیەك و پێگەیەكدابن، مسۆگەر بكەن، و قەرەبووی دادپەروەرانەی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدەكانیان بكەنەوە، و بودجەیەكی تایبەت بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە و ماڵوحاڵی وێران كراویان لەبودجەی فیدراڵی ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوو بۆ تەرخان بكرێت، و بەڕێگەی دامەزراوە و پلان و پرۆژەی تایبەتەوە ئاسەواری ماددی و برینە دەروونییەكانیان بسڕنەوە و ساڕێژ بكرێن، و پێش لەناوچوونی شوێنەوار و بەڵگەكانی تاوانەكە بەتەواوی بە دۆكیۆمێنت بكرێن، و ڕێگەخۆش بكرێت بۆ ئەوەی كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهەموو شێوەیەك بەهانای ناوچەكانی خوشك و برا ئێزیدیەكانمانەوە بێن. هەروەها داوادەكەین كە حكومەتی فیدراڵی عێراق وەك ئەركی خۆی كاربكات بۆ گەڕاندنەوەی روفاتی شەهیدانی دیكەی جینۆسایدكردنی خوشك و برا ئێزیدیەكانمان، كە تا ئێستا لەگۆڕەبەكۆمەڵەكاندان، بۆ زێدی بابوباپیرانیان، و هەموو ڕێكارییەكی پێوویست بگرێتەبەر بۆ ڕێگری كردن لەئەنجامدانی تاوانێكی دیكەی لەوچەشنە لەناوچەكەیان گشت ناوچەیەكی دیكە.
جارێكی دیكە سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو شەهیدانە دادەنەوێنین و رۆحیان شاد و خوای گەورە ئارامی بەكەسوكارییان ببخەشێت.
لێژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.