سیناتۆێكی كۆماریخواز، هۆشداری وه‌شاندنی گورزێكی جه‌رگبڕ ده‌داته ئێران ده‌ڵێت: له هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانتان تووشی هه‌ڵه مه‌بن.
دوای به‌رزبوونه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان تاران و واشنتۆن، جموجوڵ و گوتار و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رپرسانی سه‌ربازی و سوپای ئێران و داڕشتنی پلان بۆ هێرشكردنه سه‌ر هێز و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، لیندسی گراهام سیناتۆی كۆماریخواز، هۆشداری وه‌شاندنی گورزێكی جه‌رگبڕ ده‌داته ئێران، وه‌ك ئه‌گه‌ری كاردانه‌وه‌ی هه‌ر جووڵه‌یه‌كی ئێران.
لینزی گراهام له تویتێكدا بۆ ئێرانییه‌كان نووسیویه‌تی، نابێت یه‌ك ساتیش بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه سیاسه‌تی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا ئێمه له چاودێریكردنی ته‌واوی جوولهكانتان پاشگهزدهكاتهوه.
هه‌روه‌ها ناوبراو نووسیویه‌تی، ئه‌گه‌ر پێویست بكات بۆ هه‌نگاوه هه‌ڕه‌شه ئامێزهكانتان به هێزێكی كوشنده وه‌ڵام ئه‌ده‌ینه‌وه، ده‌شڵێت، له هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانتان تووشی هه‌ڵه مه‌بن.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه، كریس میله‌ر سهرپرستیاری وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، به كه‌ناڵی ئێن بی سی ڕاگه‌یاندووه، به‌وردی چاودێری هه‌ڵسوكه‌وت و جووڵه‌كانی ئێران ده‌كه‌ین.
هیواخوازین به ئاشتی و بێ جه‌نگ بچینه ناو ساڵی نوێ، به‌ڵام پێنتاگۆن بۆ به‌رگری كردن له خه‌لكی ئه‌مه‌ریكا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئاماده‌یی ته‌واوی هه‌یه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.