مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پرسەنامەیەكی ئاراستەی خانەوادەی كەسایەتی نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەر(كاكەڕەش نەقشبەندی) كرد، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
بەڕێزان خانەوادەی كەسایەتی نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەر(كاكەڕەش نەقشبەندی)
بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتی و كادیری دێرین و هەڤاڵی تێكۆشەر(كاكەڕەش نەقشبەندی)مان پێگەیشت، بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و كەس وكاری ھەڤاڵ و ھاوکارانی خوالێخۆشبوو و بنەماڵە تێكۆشەرەكەتان دەكەین و خۆمان بە هاوبەش و شەریكی خەمتان دەزانین.
خوالێخۆشبوو كەسایەتیەكی ناسراو و كادیرێكی دێرینی پارتیمان و، پەروەردەی خانەوادە و بنەماڵەیەكی نیشتیمانپەروەر بوو، هەروەها لە بواری یاسایی دا یاساناس و هەمیشە داكۆكی لە مافی پارێزەران و خزمەتی زۆری ئەو بوارەی كردووە، پاش دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین بەرپرسیاریەتی حزبی و حكومی پێ سپێردابوو كە توانی سەركەوتوانە و لەخۆبردوانە و دڵسۆزانە بەئەنجامیان بگەیەنێ لەوانە: ئەندامی خولی یەكەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆكی سەندیكای پارێزەران بوو.
هیواخوازین هاوخەمیی هەڤاڵانی و هاوپیشە و دۆستانی ببێتە مایەی دڵنەوایی و سەبووری خانەوادە تێكۆشەرەكەتان و لە خەم و خەفەتتان كەم بكاتەوە.
دووبارە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین لە خەم و ئازار و كۆستی دیكە بە دوور بن و جێگای هەڤاڵی كۆچكردوومان بەهەشتی بەرین بێت...
انا للە وانا الیە راجعون
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٨ـی١٢ـی٢٠٢٠
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.