دوای ئه‌وه‌ی فه‌رمانده‌یه‌كی عه‌سائیبی ئه‌ھلی حه‌ق سه‌ربه حه‌شدی شه‌عبی به‌ناوی، حوسام ئه‌زیرجاوی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له یاریده‌ده‌رانی له رۆژھه‌ڵاتی به‌غدا له لایه‌ن ھێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه به تۆمه‌تی تێوه‌گلان له ئاراسته‌كردنی مووشه‌كی كاتیۆشا بۆسه‌ر ناوچه‌ی سه‌وز ده‌ستگیركران، ره‌وشی شاری به‌غدا گرژ و ئاڵۆزبوو.
میدیاكانی خۆجێی بڵاویانكرده‌وه كه دوای ده‌ستگیركردنی حوسام ئه‌زیرجاوی، چه‌كدارانی عه‌سائیبی ئه‌ھلی حه‌ق له ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی به‌غدا بڵاوكرانه‌وه كه ئه‌وه‌یش وایكرد ھێزێكی زۆری ئه‌منی له به‌غدا بڵاوبكرێنه‌وه به تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی مسته‌فا كازمی ،سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، به یاوه‌ری ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ر گه‌شتێكی مه‌یدانی بۆ ناوچه‌كانی ره‌سافه و كه‌رخ ئه‌نجامدا.
له‌مباره‌یه‌وه ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی سادیقوون باڵی سیاسی عه‌سائیبی ئه‌ھلی حه‌ق، نه‌عیم عه‌بودی راگه‌یاند كه عه‌سائیبی ئه‌ھلی حه‌ق ھیچ نمایشێكی سه‌ربازیی له به‌غدا ئه‌نجام نه‌داوه.
نه‌عیم عه‌بودی له ھه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ری نووسیوویه‌تی: "ئه‌و گرته ڤیدیۆیانه‌ی كه سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانی نمایشی سه‌ربازی له لایه‌ن عه‌سائیبی ئه‌ھلی حه‌ق بڵاوكراونه‌ته‌وه، ڤیدیۆی كۆنن و له لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه كه ده‌یانه‌وێت دووبه‌ره‌كی بڵاو بكه‌نه‌وه".
ئه‌وه‌شی نووسیووه: "ئێمه به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاسا و پاراستنی شكۆی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه و ناچینه نێو دووبه‌ره‌كییه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه داوا ده‌كه‌ین لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بێلایه‌نه بكرێت كه دادپه‌روه‌ریی تیایدا به‌دی بێت، ھه‌روه‌ھا داوا له سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین كه پابه‌ندبن به یاسا".
شه‌وی رابردوو چالاكوانان، چه‌ند گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییان بڵاوكرده‌وه كه له‌و گرته ڤیدیۆیانه‌دا چه‌كدارانی عه‌سائیبی ئه‌ھلی حه‌ق ده‌رده‌كه‌ون و نمایشی سه‌ربازی له به‌غدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
لای خۆیه‌وه سه‌ركرده له عه‌سائیبی ئه‌ھلی حه‌ق، مه‌حمود روبێعی له تویتێكدا ره‌تی كرده‌وه كه عه‌سائیبی ئه‌ھلی حه‌ق ھیچ نمایشێكی سه‌ربازیی له به‌غدا ئه‌نجام دابێت و نووسیوویه‌تی:"ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ی كه له‌وباره‌یه‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه، ڤیدیۆی كۆنن یان ھی كه‌سانێكن كه ئێمه نایانناسین. كه‌سانێكن ده‌یانه‌وێت دووبه‌ره‌كی و ھه‌ڵایه‌كی راگه‌یاندنی نادرووست بڵاو بكه‌نه‌وه، ئێمه رێز له یاسا ده‌گرین و داوا ده‌كه‌ین یاسا به روونی و وه‌كو خۆی جێبه‌جێبكرێت، داواش له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ده‌كه‌ین، ھۆشیار بن له بڵاوكردنه‌وه‌ی ھه‌واڵه‌كان".
ھاوكات ئه‌فسه‌رێك له وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت له لێدوانێكدا رایگه‌یاندووه، له شه‌وی رابردووه تا به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه، ھێزێكی زۆری ئه‌منی له به‌غدا بڵاوكراونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یش دوای ئه‌وه‌ی زانیاری ھه‌بوو له‌وه‌ی گرووپێكی چه‌كدار ده‌رچوو له یاسا ھه‌وڵده‌دات ره‌وشی ئه‌منی به‌غدا تێك بدات و گرژی ئاڵۆزی دروست بكات.
ئه‌و ئه‌فسه‌ره ئاماژه‌ی به‌وه‌یشدا كه له‌ئێستادا ره‌وشی به‌غدا، ھیۆر و ئارامه.
شه‌وی رابردوو مسته‌فا كازمی بۆ دڵنیابوون له ره‌وشی شاری به‌غدا سه‌ردانی به‌شێك له گه‌ڕه‌ك و شه‌قامه‌كانی ناوچه‌كانی ره‌سافه و كه‌رخ-ی كرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.