دوای بڕیاری بانکی ناوەندی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار نرخی کەلوپەل لە بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە و گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانییش ڕایدهگهێنێت، چەندین شوێن و بازرگان بەھۆی گرانفرۆشییەوە سزا دراون.
فەتحی محەمەد، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەوەی ڕووی داوە لە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار کاتییە، بەڵام بووەتە ھۆی ناجێگیریی نرخ لە بازاڕدا، ناسەقامگیریی بازاڕ تەنیا چەند ڕۆژێکە و لەگەڵ بڕیاری نوێ نرخەکان جێگیر دەکرێن، بەڵام شڵەژانی بازاڕ بەھۆی ناجێگیریی نرخی دراوەکانە لە بازاڕدا و خەڵکی زیاتر ڕوویان لە کڕینی دۆلار کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ڕاشیدهگهێنێت ، ھەندێ بازرگان کەلکیان لە ناجێگیریی نرخی دراو لە بازاڕ وەرگرتووە و زیاتر لە سنووری خۆیان نرخی کەلوپەل بەرز کراوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو کەلوپەلانەی بە دۆلار کڕین و فرۆشتینان پێوە دەکرێت و ھیچ گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتووە و نابێت نرخیان بەرز بکرێتەوە.
دهشڵێت ، لە ڕۆژی سێشهممهى ههفتهی ڕابردووهوه لیژنەکانی ئێمە لەنێو بازاڕدا کارا کراونەتەوە و بەدواداچوون بۆ نرخی کەلوپەل دەکەن، دوێنێ تا ئەمڕۆ لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ چەندین شوێن و بازرگانیان سزا داوە بەھۆی بەرزکردنەوەی نرخ و گرانفرۆشی، بەردەوامیش دەبین لە چاودێری ڕەوشی بازاڕ و ڕێگە نادەین خەڵکێک زیاتر لە سنووری خۆی نرخ بەرز بکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.