Erbil 22°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 22:26

د. کەمال که‌رکوکی: پڕۆژەی بەھەرێمکردنی کەرکووک بێ ئەنجام دەبێت

کوردستان TV
100%

 سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، راگەیاندنی پڕۆژەی بەھەرێمكردنی كەركووك بێ ئەنجام دەبێت و ئەوەی دەشكرێت، خەڵكێكی خیانەتكار و شۆڤێنین و دژی مافی گەلی كوردستان و گشت عێراق و پێكەوەژیانی ئاشتیانەن. دەشڵێت، گرینگە ھەموو كەس بزانێت كەركووك خاوەنی ھەیە و ئەو خاوەنەش دەست لە مافەكانی گەلی كوردستان ھەڵناگرێت.

دكتۆر كەمال كەركووكی، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌یاند ، راگەیاندنی پڕۆژەی بەھەرێمكردنی كەركووك، دەستی خیانەتكارانی لە پشتەوەیە، بۆ یەكلاكردنەوەی ئایندەی كەركووك، لە دەستووری عێراق ماددەی ١٤٠ دانراوە و ئەو ماددەیەش بۆ دیاریكردنی ئایندەی كەركووكە، كە دانیشتووانی بۆ ئایندەی شارەكە لە ڕیفراندۆمێكدا بە ئازادی دەنگ دەدەن، كە ئایا ئیدارەكەی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دەبن یاخود لەگەڵ حكوومەتی ئیتیحادی، ئەو ڕیفراندۆمەش بۆ ئیدارەدانێتی نەك بۆ چارەنووسی خاكەكەی.

 گوتیشی: ئەوەی ئێستا ھەوڵی بۆ دەدرێت، خەڵكێكە بۆ ئەوەی شتێكیان دەست بكەوێت خۆیان ھەرزانفرۆش كردووە لەگەڵ خەڵكێكی شۆڤێنی دژی مافی گەلی كوردستان و خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستانن و، ئەوەی من ئاگادارم لە كۆنفرانسەكەدا چەند كەسێكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر ھەڵوێستی پاكی خۆیان نیشان دا دەربارەی ئەو بۆچوونە و گوتیان كەركووك نابێتە ھەرێمێك و ماددەی ١٤٠ بۆ  یەكلایكردنەوەی ئایندەی كەركووك دانراوە.

 سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان  ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: ئێمە ئاگادارین بە ھەموو شێوەیەك ھەوڵ ھەیە وەك سەردەمی سەددام، كە كەركووكی پارچە پارچە كرد و ھەر جارەو پارچەیەكی خستە سەر پارێزگایەك، بۆ ئەوەی ڕێژەی كورد لە كەركووك كەم ببێتەوە، لەو كارانەی كردیان ناحیەی زابی كە سەر بە شەرگاتی مووسڵ بوو، خستیە سەر حەویجە بۆ ئەوەی نفوسی عەرەبی كەركووك زیاد بكات، چەمچەماڵی لە كەركووك دابڕی و خستیە سەر سلێمانی و دووزی لە كەركووك لادا و خستیە سەر تكریت (سەڵاحەددین) و زۆر موڵكی لە كورد و توركمان  سەند و دای بە عەرەب، ھەموو ئەو ھەوڵانە بۆ ئەوە بوو ڕێژەی كورد لە كەركووك كەم بكەنەوە و ژمارەی عەرەب زیاد بكات، كە ئەو كارە شۆڤێنیانەی ئەو سەردەمە، ھێشتا بە تەعریب و شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە و ئەنجامەكەشی پووچە، چونكە كەركووك خاوەنی ھەیە و دەست لە كەركووك و ھیچ مافێكی خۆشی ھەڵناگرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.