Erbil 17°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 20:54

عەزیز نیسین ویژدانی تورکیای نوێ!

عەزیز نیسین رۆڵی هەبوو لە دامەزراندنی كۆمەڵە مەدەنییەكان و رۆشنبیریەكان و ئەدەبییەكان
کوردستان TV
100%

نووسینی/ حەسونە موسباحی

وەرگێڕانی/ ئاكۆ عەبدوڵا

عەزیز نیسین یەكەم نووسەری توركییە كە یادگا بتوانێ بە بیری بێنێتەوە لە كاتێكدا جیهان زۆر بە فزولی و بە ترسەوە موتابەعەی ئەو رووداوە مەترسیدارانە دەكات كە لەو ماوەیە توركیا بەخۆیەوە دەبینێ. ئەو زیاتر لە هەر كەسێكی دیكە، ویژدانی ئەو وڵاتەیە. لە چیرۆكەكانیشی كە خواستی جیهانییان لەسەرە، وێنەی سەیر و دڵڕفێنەرانەی ئەو رووداوە سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریانەی كێشاوە كە ئەو وڵاتە لەدوای هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەخۆیەوەبینی. كاتێكیش باس لە چاكترین نووسەر لە بواری تەنز و گاڵتەی رەشباو بكەین، عەزیز نیسین لە نێوان ئەوان دایە.

ساڵی 1915 لە دوورگەیەكی بچووكی دەریای (مەرمەڕە) هاتەدونیا. لە سەرەتادا تا ئەوپەڕی هۆگری دایكی بوو كە دواتر لە چیرۆكە ناودارەكەی (رووداوی گوڵەكان) نەمریكرد و لە بارەیەوە وتی : "دایكم لەبەر ئەوەی دیكمە، لە چاكترین ژنانی جیهان بوو". لە چیرۆكێكی دیكەشدا نووسیویەتی (راهاتووم دایكم بهێنمە بەرچاو كە تەمەنی تەنیا هەژدە ساڵە و نەخش دەكات، بەڵام نەك بە دەزووی رەنگاو رەنگ، بەلكو بە فرمێسكەكانی و روناكییە پرشندارەكانی چاوەكانی. چەندم حەزدەكرد لە بەرامبەر هەر پارچەیەكی كە دەستی دایكم نەخشیكردبێ، هەموو كتێبەكانم و هەموو ئەوانەی نووسیومە، بیدەم!).

عەزیز نیسین هێشتا منداڵبوو كاتێك ئیمپراتۆریەتی عوسمانی روخا و لە ژێر كەلاوەكەشیدا كۆماری توركیای لاو بە سەرۆكایەتی مستەفا كەمال ئەتاتورك رابوو. تا تەمەنی دە ساڵیش لە قوتابخانەكانی قورئان خوێندی. سەبارەت بەوەش دواتر وتی : "ئەو پەروەردە ئایینییەی كە لە سەرەتا كەوتمە ژێری، تا ئەوپەڕی سەركەوتوو بوو. زۆر بابەتی پێدام كە دواتر لە نووسراوەكانم و بە رێگەی جۆراوجۆر بەكارمهێنان". لە تەمەنی یانزدە ساڵی، خرا قوتابخانەیەكی (لائیكی). كاتێكیش گەیشتە تەمەنی پێگەیشتن، توانی بگاتە ئەكادیمیای سەربازی، بەڵام لەبەر حەزە یاخیبووەكەی خۆی و سیستەمە توندەكەی شوێنەكە، كە زۆر گرفتی لەگەڵ سەرۆكەكانی بۆ دروست دەكرد، هەر زوو جێیهێشت. لەو ماوەیەی ژیانیشی، لە ناو وڵاتدا زۆر گەڕا و شارەزایی بارودۆخی خەڵكی لە ناوچە هەژارەكان بوو، لە وانە نەزانی و توندڕۆی ئایینی و پابەندبوون بە نەریتە كۆنەكان. هەروەها لە گەشتەكانی زۆر فێربوو. لەو بارودۆخ و رووداوانەش كە گوێبیستیان دەبوو و لەناویاندا دەژیا، ناوەرۆكی چیرۆكەكانی هەڵدەهێنجا. ئەمەو هەر زووش لە خەباتی سیاسی گلا.:  "لەو كاتەی ئەكادیمیای سەربازیم جێهێشت، بەتەواوی سەرقاڵی خەباتی سیاسی و كۆمەڵایەتی بووم. هۆی ئەو هەڵبژاردنە نازانم، بەڵام هەرچەندی دوو كەسم دیبا دەستەویەخە بووبان، بەپەلە لەتەك لایە لاوازەكە دەوەستام. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە سەرەتای ژیانم هەژاری و نائومێدیم ناسیوە".

دوای جەنگی دووەمی جیهانی، عەزیز نیسین لە بواری رۆژنامە خەریكی كار بوو. لەسەرەتاشەوە وتار و چیرۆكە تەنزاویەكانی لە سەرتاسەری توركیا خواستی زۆریان كەوتەسەر. بەهۆی ئەو راوەدوونانەش كە لە ئەنجامی رەخنەی توند كە ئاراستەی دەسەڵاتدارانی وڵاتان و تەنانەت شا فاروق و شاژنی بەریتانیاشی دەكر، عەزیز نیسین ناچاربوو ناوی خواستراو بەكاربهێنێ، بەڵام ئەوە نەبووە هۆی ئەوەی نەخرێتە ناو بەندیخانە و وەستان لەبەردەم دادگەیكردن، كە زیاتر لە 200 جاربوو : "بەندیخانە زۆر سەختە... لە توركیاش بەندكراوی سیاسی زیاتر لە بەندكراوی دیكە ئازار دەكێشێ.. لەگەڵ ئەوەشدا توانیم لەناو بەندیخانەش درێژە بە نووسین بدەم و پارێزگاریش لە مەعنەویاتە بەرزەكان بكەم. هەردەمیش كاتێك لە زیندان دەردەچم، كتێبێك یان زیاترم بە كۆتا گەیاندووە".

لە سەرەتای پەنجاكان عەزیز نیسین لەگەڵ نازم حیكمەتی هاوڕێ دڵسۆزەكەی، گۆڤارێكی ئەدەبی دامەزراند كە ڕۆڵی كاریگەری لە بەگەڕخستنی جولانەوەی رۆشنبیری لە توركیا و نوێكردنەوەی ئەدەبی توركی گێڕا. هەروەها لە هاندانی بەهرە نوێیەكانیش. دوای كۆدێتا سەربازییەكەی توركیا لە ساڵی 1980 رۆشنبیرانی تورك لە ترسی پرۆسەكانی سەركوتكردن كە هەموو كات هەڕەشەی لێدەكردن، بەرەو بێدەنگبوون چوون. بەڵام عەزیز نیسین بە توندی دەنگی خۆی هەڵبڕی و سەركۆنەی پێشێلكاری دەستوور و ستەمكردن لە مافەكانی مرۆڤی كرد. یەكەم كاریش كە كردی، قبوڵكردنی سەرۆكایەتی (كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤ) ی توركی و ئامادەكردنی عەریزەیەكبوو دژ بە كۆدێتا سەربازیەكە كە 2000 رۆشنبیر واژوویان تێدا كرد. لە ناویشیاندا مامۆستایانی زانكۆ و هونەرمەندان و شانۆكاران و رۆژنامەنووسان هەبوون. دوای بڵاوكردنەوەی وتارێكیش لە بارەی دۆزی كورد، عەزیز نیسین بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە سوپای توركی حوكمدرا، بەڵام ملی بۆ حوكمەكە كەچ نەكرد، بەلكو داوای دژی كینان ئافرادی سەرۆكی دەستە سەربازییە دەسەڵاتدارەكە و پلانداڕێژی كۆدێتاكەی بەرزكرد.

لە ماوەی دە ساڵی نێوان 1980 تا 1990 عەزیز نیسین رۆڵی هەبوو لە دامەزراندنی كۆمەڵە مەدەنییەكان و رۆشنبیریەكان و ئەدەبییەكان، لەوانە (كۆمەڵەی هاوڕێیەتی توركی – یۆنانی) و (كۆمەڵەی ئاشتی) و (سەندیكای نووسەرانی تورك) و لقی (یانەی قەڵەمی جیهانی). لەگەڵ ئەو پاڵەپەستۆیانەش كە بەسەریدا زاڵبوو، بێ ئومێد نەبوو، لە پێناو دیموكراتی و لە پێناو دادوەری كۆمەڵایەتی و لە پێناو ئاشتی لەنێوان نەتەوەكان، لە خەبات نەوەستا. : "هەردەم حەقیقەتم وتووە. هەرگیزیش شكستیم قبوڵ نەكردووە، بۆیە زیاتر لە جارێك سزا دراوم.. بەردەوامیش دژی ئەو حكومەتانەم كە لە دوای شۆڕشی ئەتاتورك لە توركیا بەدوای یەكدا هاتوون... ئەدەب دەبێت بەسوودبێت بۆ خەڵكی یان نەبێ.. لەوانەیە هەردەم هەوڵمدابێ لە رێگەی نووسینەكانم موخاتەبەی زۆرترین ژمارەیان بكەم، بەڵام بەبێ كەوتن لە راستەوخۆیی".

بەر لە مردنیشی بە سەكتەی دڵ لە مانگی تەمموزی ساڵی 1995 عەزیز نیسین رایسپاردبوو لە بنكەی ئەو دامەزراوە خێرخوازیەی بنێژن كە لە سەرەتای حەفتایەكان دایمەزراند، كە لەو ساوە گرنگی بە لە ئامێزگرتنی منداڵانی هەتیو و هەژاران دەدا و بایەخیشی بە پەروەردەكردنیان و فێركردنیان و چارەسەركردنیان دەدا : "گرنگترین شت لە دیدی من، شایەنی مردنین. واتا بمرین دوای ئەوەی هەموو شتەكانی خۆمان بەخشی بێ... ئەوانەی دەشمرن بەر لەوەی شتێك ببەخشن، شایەنی نە ژیانن نە مردن".

سەرچاوە:   www.elaph.com    

 

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.