Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 04:15

د. سامان بەرزنجی: لەگەڵ کەمبوونەوەی رێژەی تووشبوان کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاسانتر دەبێت

کوردستان TV
100%

 د سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان لە میانەی بەشداریكردنى لە بەرنامەی رۆژەڤی كوردستان كه‌ ته‌وه‌ری به‌رنامه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا و مەترسییەكان رایگەیاند: نزیكەی هەفتەیەكە لەلایەن سیستەمی تەندروستی بەریتانیا ناسینی ڤایرۆسێكی نوێ پێشبینی دەكرێت لە خێزانی كۆرۆنا بێت و بازدانی هەبێت و وا نیشان دەدات كە ڤایرۆسێكی نوێیە،

روونیشیكردەوە كە هەندێك خاسیەتی نوێی هەیە بەڵام تا ئێستا پشت راست نەكراوەتەوە. وەزیری تەندروستی راشیگەیاند: رێكخراوی تەندروستی جیهانی چاودێری دەكات و هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپا رێو شوێنیان وەرگرتووە وەك داخستنی سنوورەكان و گەشتە ئاسمانیەكانیان لەگەڵ بەڕیتانیا، پێش چەند كاتژمێرێكیش هەواڵ هەبوو كە لە چەند وڵاتێكی دیكە ئەو ڤایرۆسە یاخوود ئەو حاڵەتانە بڵاوبۆتەوە.

دكتۆر سامان بەرزنجی روونیكردەوە كە وەك هەرێمی كوردستان پێویستە بەهەندی وەربگرین و لە بەدواداچوونی ورد داین هەرچەند رێگە گرتن ئەستەمە، بەلایەنی كەم رێكاری ئەوە بگرینە بەر كە رێگه لە گەشتیاران بگرین كە لە بەریتانیاوە بەرەو هەرێمی كوردستان دێن و دەچن و چاودێری هەموو حالەتێك دەكەین و تیمەكانمان ئامادەنە بۆ چاودێری كردن و پشكنینی هەر كەسێك كە دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان . پێشبینی دەكرێت ئەو ڤایرۆسە لە یەك سنوور بێت و ئەوەش پێشبینی دەكرێت كە بڵاو ببێتەوە.

دكتۆر سامان بەرزنجی گوتیشی: ئێمە لە بابەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا رێكاری باشمان گرتە بەر، هەر هەفتەیەك داتای وڵاتانمان وەردەگرت سەبارەت بە چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، ئێستاش بەهەمان شێوە رێكار وەردەگرین لەسەر بنەمای زانستی، لە هەموو دەروازە سنووریەكان زەمینی و ئاسمانی 24 كاتژمێر تیمە پزیشكیەكان هەن و كاری خۆیان بە تەواوی ئەنجام دەدەن، لە رووی كردەییەوە هەموو تواناكان دەخەینە گەڕ . نزیكەی مانگێك زیاترە ژمارەی تووشبوان بەرەو نزمبوونەوە دەچێت ، ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە، ژمارەی ئەو تووشبوانەش كە ماون حاڵەتەكانیان جێگیرە.

وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: پێویستە هاووڵاتیان ئاگاداربن كە كەمبوونەوەی ژمارەی تووشبوان مانای كۆتایی هاتنی ئەو ڤایرۆسە نیە، بۆیە پێویستە خۆپارێزی بەردەوام بێت و رێكارەكان ئەركێكی نیشتیمانی و مرۆڤایەتییە. هەر چەند رێژەی تووشبوان كەمبێتەوە ئەوا كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسەكە ئاسانتر دەبێت.

ئەوەشی راگەیاند كە هۆشیاری هاووڵاتیان زۆر باشترە لە جاران و هۆكاری سەرەكین بۆ كەمبوونەوەی رێژەی تووشبوان/ لە سەرەتا تێگەیشتنی هەڵە هەبوو سەبارەت بە ڤایرۆسەكە، باس دەكرا كە تووشبوون نییە لە هەرێمی كوردستان بەڵام ئێستا زیاتر لەمەترسی ڤایرۆسەكە گەیشتوون، تا رادەیەكی باش خۆپارێزی دەكەن. هەرێمی كوردستان لە سەرەتاوە زۆر بە بوێری رووبەرووی ئەو ڤایرۆسە بووینەوە و رێكاری توند وەرگیران، حكومەتی هەرێمی كوردستان تەندروستی هاووڵاتیانی لە پێشەوەی هەموو كارو ئەوەلیاتەكانی خۆی دانا.

تا ئێستا 4 جۆری ڤاكسین راگەیەندراوە بۆ چارەسەركردنی پەتای كۆرۆنا ، ئەو بەرنامەیە بۆ سەرتاسەری عێراقە و هەماهەنگین لە گەڵ عێراق بۆ ئەوەی وەك قۆناغی یەكەم بتوانیین بەشی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكرێـت. وەزیری تەندروستی گوتیشی: بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسین . بڕیارە لەو نزیكانە لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك كۆببینەوە وەك هەرێمی كوردستانیش هەوڵ بدەین بۆ دابین كردنی ڤاكسین، بەڵام رێكارەكان هێواش و لەسەرخۆن بەڵام لە ئەنجامدا چارەسەری ئەو بابەتە بەردەوامە.

 

 

دارشتنی : سوهێل تاهیر عەبدولڵا

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.