Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 07:36

پڕۆژەی ڕێگای ھەولێر - گۆپاڵ تەواو دەکرێت

کوردستان TV
100%

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایدەگەیەنێت؛ لەماوەی مانگێکی داھاتودا پڕۆژەی رێگای (ھەولێر-گۆپاڵ) تەواودەکرێت، دەشڵێت: ساڵی داھاتو ساڵێکی پڕ کار دەبێت بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە.

ئەمڕۆ دوشەممە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەیاوەری بریکاری وەزیر و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و راوێژکارانی وەزارەت پرۆژەی رێگای (ھەولێر-گۆپاڵ) و پردی گۆپاڵی بەسەرکردەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند؛ پڕۆژەکە بەشێوەیەکی باش کاری تێدا کراوەو رێژەی جێبەجێکردن نزیک دەبێتەوە لە ٩٥٪‏ و وەک بەڵێندەر و ستافی سەرپەرشتی رێگاوبانی ھەولێر پێیان راگەیاندوین، لەماوەی کەمتر لە مانگێکی داھاتودا پڕۆژەکە تەواو دەکرێت.

ھاوکات دەستخۆشی لە ستافی وەزارەت و بەرێوەبەرایەتی رێگاوبان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەر بە وەزارەت و ستافی کۆمپانیا کرد کە بەشێوەیەکی باش کارەکانیان ئەنجامداوەو ئەو بەڵێنەی بە سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیاندا ھەوڵیان داوە لەکاتی خۆیدا جێبەجێی بکەن.

ئاماژەی بەگرنگی پڕۆژەکەش کرد، کە رێگایەکی ستراتیژییەو ناوەندی ھەردو پارێزگای ھەولێر و دھۆک بەرێگایەکی دوساید پێکەوە دەبەسترێتەوەو وتیشی: پلانمان بۆ ئەوە داڕشتوە کە رێگا دوسایدییەکانی تری نێوان پارێزگاکان تەواو بکەین.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسانیشدا، دانا عەبدولکەریم وتی:«دروستکردنی دوسایدی نێوان ھەولێر کۆیەو تونێلی ھەیبەسوڵتان لە پلانی وەزارەتدایەو ساڵی داھاتو دەستدەکەینەوە بەکارکردن تیایدا، ئەمساڵ بەھۆی قەیرانەکانەوە نەتوانرا دەست بەکارکردن بکرێتەوە بەشێوەیەکی باش، ھەرچەندە کارکردن تیایدا بەشێوەیەکی ھێواش بەردەوام بو، ئومێدەوارین لە ساڵی داھاتو لەگەڵ باشبونی بارودۆخی دارایی دەستبکەینەوە بەو پڕۆژانەی وەستابون».

ھەروەک ئاماژەی بەوەکرد، پشت بەخوای گەورە ساڵی داھاتو ساڵێکی پڕ کار دەبێت بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو بۆ کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم کە بتوانین رێگا دوسایدییەکانی نێوان پارێزگاکان کاری جدی تێدا بکەین و لەماوەی تەمەنی ئەم کابینەیە تەواویان بکەین.

لەبارەی پرۆژەی رێگای کەلار-دەربەندیخان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەکرد، خۆشبەختانە ئەنجومەنی وەزیران بڕی ٣٥ ملیار دیناری بۆ تەواوکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە پارێزگای سلێمانی تەرخانکرد، لەنێویاندا رێگای کەلار-دەربەندیخان کە ئێستا بەشێوەیەکی باش کاری تێدا دەکرێت، ھەروەھا وارماوە دەربەندیخان، باشماخ پێنجوێن کە لە قۆناغی کۆتایدایە، لەگەڵ قۆناغی یەکەم و دوەمی رێگای دوکان چوارقوڕنە.

پڕۆژەی رێگای (ھەولێر-گۆپاڵ) بەشێکە لە رێگای دوسایدی ھەولێر-دھۆک، کە درێژییەکەی (٣٨)کم و یەکێکە لەپڕۆژە ستراتیژییەکانی ھەرێمی کوردستان و بە تەواوبونیشی، رێگای سەرەکی نێوان ھەردو پارێزگاکە دەبێتە دوساید.

 

دانانی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.