لەژێر چاودێری ( مەسرور بارزانی ) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ رێكەوتی 21ی كانوونی یەكەمی 2020 لە ناحیەی كەسنەزان لەهەولێر مەراسیمی تەواوبوونی دەرهێنانی 8 فیدەری 11 كەی ڤی لە وێستگەی 132 كەی ڤی كەسنەزان بەگوژمەی 1 ملیار و 250 ملیۆن و 148 هەزار دینار بەڕێوەچوو>
لەو مەراسیمەدا كە بە ئامادەبوونی ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا و هێمن قادر پارێزگاری هەولێر/ بەوەكالەت بەڕێوەچوو، بەسەركەوتوویی و پێش وادەی خۆی پرۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای دڵسۆز و تیمەكانی وەزارەتی كارەباوە تەواوبوو.
لە دەستپێكی مەراسیمەكەدا وەزیری كارەبا باسی لەرۆڵی دكتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری پێشووی هەولێر كرد لە جێبەجێكردنی پرۆژەكەدا، هەروەها پیرۆزبایی لەتەواوی هاوڵاتیانی سنووری كەسنەزان و بنەسڵاوە كرد كە لەگەڵ ئیشپێكردنی فیدەرەكان زۆربەی گرفتەكانی بارزۆری و كەمی ڤۆڵتیە چارەسەر دەبێت.
دواتر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وەزیری كارەبا جەختی لەسەر گرنگی پرۆژەكانی دابەشكردنی كارەبا كرد كە لەئێستادا لە پارێزگاو ناوچە جیاجیاكانی كوردستان چەندین پرۆژە لەجێبەجێكردندایە و بە تەواو بوونی ئەم پرۆژانەش بەشێكی زۆری گرفتی بارۆری چارەسەر دەبێت لەوەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەوانەكاندا كە لە ئێستادا چەند كاتژمێر كارەبا هەیە وەزیری كارەبا وتی وەزارەتی كارەبا توانای بەرهەمهێنانی 6700 مێگاوات كارەبای هەیە و لەو بڕە 3400 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی و گرفتی داراییەوە، بۆیە لە ئێستادا تەنیا 12 بۆ 14 كاتژمێر كارەبا دەدرێت بەهاوڵاتیان .
هەر لەو مەراسیمەدا هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بەوەكالەت سوپاسی وەزارەتی كارەبای كردوو بەڵێنی دا وەكو پارێزگای هەولێر/ بەوەكالەت لە پاڵپشتی وەزارەتی كارەبا بەردەوام بن.
لەكۆتایی مەراسیمەكەدا هەر 8 فیدەری كارەبا بەگەڕخرا.
دانانی ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.