دوای ھەڵكشانی نرخی دۆلار، گۆڕانكاری بەسەر نرخی ھەموو كەلوپەلەكانی بازاڕدا ھاتووە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ڕایدهگهێنێت، چاودێری بازرگانی راسپێردراوە بەدواداچوونی نرخ بكات و ھەر كەس و بازرگانێك سەرپێچی بكات، سزا دەدرێت.
نەوزاد كامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: لەگەڵ گۆڕانكاریی نرخی دراو، ئێمە لە ھەموو پارێزگا و شار و شارۆچكەكان لیژنەكانی چاودێریی بازاڕمان راسپاردوون بەدواداچوونی نرخ بكەن و ھەر شوێنێك نرخ بەرز بكاتەوە بەپێی یاسا سزا دەدەرێت، چونكە زۆربەی ئەو كەلوپەلانەی ئێستا لە بازاڕن، پێشتر ھاوردەی ھەرێمی كوردستان كراون و ھی ئێستا نین تا گران بكرێن.
دەشڵێت: پێویستە ھاووڵاتیانیش ھاوكار بن بە شێوەیەكی بەرچاو روو نەكەنە بازاڕ و ماركێتەكان تا دەرفەت بە بازرگانان نەدرێت بۆ بەرزكردنەوەی نرخ، پێویستە بازرگانانیش ویژدانی خۆیان بەكار بێنن لە قۆناغی ئێستادا و ئێمەیش ئەو كاتە ھاوكار دەبین.
نەوزاد كامل ئاماژەی بۆ ئەوەش دهكات ، ئەگەر بێت و نرخی دراوەكان جێگیر بكرێن، ئەوە پێداچوونەوە بە نرخی كەلوپەل دەكەین لە بازاڕ و نرخ جێگیر دەكرێت، بەڵام تا ئەوكاتەی بازاڕی دراو ناسەقامگیر بێت، ناتوانین كار بۆ دیاریكردنی نرخ و چاودێریی بازاڕ بكەین، بەڵام دەرفەت بە ھیچ كەسێك نادەین رەوشەكە بۆ گرانفرۆشی بەكار بێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.