Erbil 27°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 08:27

بەھۆی پەکەکەوه‌ 800 گوند لە ھەرێمی کوردستان چۆڵ کراون

کوردستان TV
100%


 پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان ڕایده‌گه‌ێنێت، بەھۆی پەکەکەوە تاوەکو ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ٨٠٠ گوند چۆڵ کراون و ناکرێت ئاوەدان بکرێنەوە و ھەر بە چۆڵکراوی ماون، چونکە ئەو خەڵکە مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە، بۆیە ناتوانن گوندەکان ئاوەدان بکەنەوە و بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان .

وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی زەرد، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگه‌یاند : بەھۆی بوونی پەکەکە لە ھەرێمی کوردستان زیانی زۆری ماددی و گیانی بەر ھاووڵاتییانی کوردستان کەوتووە، چونکە پەکەکە دێن بۆ ناو گوندەکان لە ناوچە سنوورییەکان و تورکیاش بۆردوومانیان دەکات. پەکەکە بووەتە بەڵایەک بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە و زەرەرمەندی ئەو کارەی پەکەکەش خەڵکی گوندەکانی سەر سنوورن، لە کاتێکدا ئەوەی پەکەکە دەیکات کە شوێنی ئەوان نییە، بەڵام ناوچە سنوورییەکان و خەڵکیش زیانیان پێ دەگات و، تا ئێستا چەندین کەس شەھید بوون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون و زەرەری ماددیش گەلێک زۆرە .

وەیسی سەعید وەیسی  وتیشی ، لە سەرتاوە تاوەکو ئێستا لە ھەموو ھەرێمی کوردستان، دھۆک و ھەولێر و ناوچەکانی دیکە زیاتر لە 800 گوند بە شێوەیەکی گشتی چۆڵ کراون و خەڵکی ئەو گوندانەش ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بوون و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر گوندەکانی خۆیان بەھۆی ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە، بۆیە ھیوادارین پەکەکە واز لەو کارە بێنێت و چیتر زیان بە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان نەگەیەنێت، چونکە ئەمە بە ھیچ شێوەیەک لە بەرژوەندیی خەڵکی کوردستان و دۆزی کورد نییە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.