شاخه‌وان عه‌لی حه‌مه‌د مامۆكى
مارك توین ده‌ڵێت: (شانۆی منداڵ مه‌زنترین داهێنانهكانى سه‌ده‌ى بیسته‌مه، به‌هێزترین مامۆستای ڕه‌وشته و باشترین پاڵنه‌ره بۆ ڕه‌فتاری باش كه بلیمه‌تى مرۆڤ په‌نای بۆ بردبێ).
شانۆی منداڵان په‌لكه‌زێڕینه‌ی ئاسمانى قوتابخانه‌و جیهانێكی بچووك به‌ڵام گه‌وره‌و مه‌زنه، ناوه‌ندێكه په‌یوه‌سته به په‌روه‌رده‌و گۆشكردنى نه‌وه‌ی ئێستا‌و ئاماده‌كردنى بۆ داهاتوو كه له‌هه‌ر شوێنێ كارى كرد یان ئه‌ركێكى پێ سپێردرا، ئه‌وه به دڵسۆزى ئه‌نجامى بدات و خزمه‌تی كۆمه‌ڵگاكه‌ى پێ بكات، ته‌نانه‌ت ره‌فتاره‌كانى ببێته ئاوێنه‌و نموونه‌یه‌كى جوان و گه‌ش و رازاوه كه له تۆماری بیره‌وه‌ریه‌كانیدا ره‌نگدانه‌وه‌ى كه‌سایه‌تیه‌كى به‌رزو باڵای ره‌نگڕێژ بكات.
له شانۆی منداڵان هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وت و دانیشتنێك تێیدا به‌هۆی ده‌نگ و ڕه‌نگ و جووڵه‌و بزاوتێكهوه لهجوغزو چوارچێوه‌ى بابه‌تێكى هونه‌ری ده‌خولێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى به‌پێی حه‌زو خولیا‌و ئاره‌زووه‌كانى منداڵ مه‌دار بكات، په‌یامى مرۆڤایه‌تى پێ ببه‌خشێ، هه‌ست به جوانیه‌كانى ژیان بكات و ئاوێته‌ى ئه‌و جیهانه بێت كه سه‌ره‌نجام مرۆڤێكى ته‌ندروست و سایكۆلۆژ دروست له مێشك و دڵ و ده‌روونى بڕوێت، چونكه مێشكى منداڵ گه‌وره‌ترین تاقیگه‌یه بۆ شووشتنه‌وه‌ى فیلمى كار‌و كرداره‌كان، بچووكترین ڕه‌فتاری دزێو یان نه‌شیاوی هاوڕێ یا هه‌ڵس و كه‌وتى دایك و باوك ده‌گرێ و خه‌زنى ده‌كات وه‌ك چۆن كامێرای چاودێری وێنهگهى بچووكترین جووڵه و هه‌ر شتێكى نامۆ له ده‌وروبه‌ری خۆی ده‌گرێ و ده‌توانێ هه‌ندێكیان دوای چه‌ند مانگێك لێی بداته‌وه و شته‌كان به روون و ره‌وانى ببینێ، ئاوایش بۆ منداڵ له شووشتنهوهیدا ڕه‌نگه دوای ته‌مه‌نێكى كورت یان درێژ، ته‌واوى ئه‌و دیمه‌نانه بشواته‌وه به‌تایبه‌ت ئه‌و دیمه‌ن و رووداوانه‌ى هێشتا كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ناخ و دڵ و ده‌روونی ماوه‌و له هزرو زه‌ینى ره‌ش نه‌بۆته‌وه.
تۆماری دراما‌و ئه‌لقه‌و گۆرانی و چاوپێكه‌وتن و....هتد نموونه‌یه‌كى زیندووى ئه‌و حاڵه‌ته‌یه‌و له وێنه‌یه‌كى زیندوو: رۆژێكیان له‌پۆلی یه‌كه‌مى ناوه‌ندى ئه‌و كات (پۆلی حه‌وتى بنه‌ڕه‌تى ئێستا) له وانه‌ی ئینگلیزى مامۆستای بابه‌ت بانگى كردم تاوه‌كو ئه‌و پرسیاره حه‌ل بكه‌م كه له‌سه‌ر ته‌خته ره‌شه‌كه‌ی نووسی بوو ، منیش هه‌ستام و نه‌ختێ به‌دار تهختهرهشهكهوه له پرسیاره‌كه رامام بۆ ئه‌وه‌ى بتوانم وه‌ڵامێكى راست و دروستی بده‌مه‌وه، وه‌لێ مامۆستاكه‌م ئه‌وه‌نده پشوو درێژ نه‌بوو، هێنده ئارامى نه‌گرت خوله‌كێك زیاتر له‌سه‌رم بوه‌ستێ بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ڵامى بده‌مه‌وه، ئه‌و كتێبه‌ى به‌ده‌ستیه‌وه بوو، له پشته‌وه به پشته ملمی كێشا‌و به‌تووڕه‌ییه‌وه وتى: (ده‌ى دانیشه). له‌كاتێكدا له پۆلی پێنج و شه‌شی سه‌ره‌تایی نمره‌ى ئینگلیزم له هه‌شتا كه‌متر نه‌بوو، كه‌چی ئێستا ده‌رفه‌تى بیركردنه‌وه‌م پێ نادات و له‌پێش چاوى قوتابیه‌كان دهمشكێنێتهوه، به‌م هه‌ڵوێسته به‌رامبه‌ر هاوپۆله‌كانم بوومه دڵۆپێ ئاو و هه‌ستم به شهرمهزاریهكى زۆر كرد، له‌و رۆژه‌وه چۆن رقم له‌و مامۆستایه بۆوه، ئاواش رقم له ده‌رسی ئینگلیزى بۆوه، به‌جۆرێ تا خوێندنم ته‌واو كرد له‌هه‌موو بابهتهكان باش بووم، ته‌نها له بابه‌تى ئینگلیزى وهككورد وته‌نێ: به نقه نق ،یا به بڕیار ده‌رده‌چووم، له‌كاتێكا تا ئێستاش ره‌فتاره جوانه‌كانى مامۆستا نه‌جیبه كۆیی له‌یاد ناكه‌م كاتێ له پۆلی پێنج و شه‌شی سه‌ره‌تایی، ئینگلیزى به كردار ئه‌نجام ده‌داو نمایشی دهكردو ئێمه‌ى تێكه‌ڵ به‌و نمایشه ده‌كرد. رۆژێكیان منى هه‌ستاند هه‌ندێ شیری له دۆلكهكهى به‌رده‌مى خسته ناو گڵاسێك و بۆی راگرتم، گڵاسهكهم لێی وه‌رگرت، وتى: ده‌ى فه‌رموو قومێك له‌و شیره بده‌و رووبكه قوتابیه‌كان و بڵێ: من گڵاسێ شیرم خوارده‌وه.
سه‌ره‌تا گه‌لێ شه‌رمم كرد ، چه‌ند جارێ گڵاسهكهم بۆ ده‌مم ده‌برد شیره‌كه بخۆمه‌وه، پێكه‌نین دایده‌گرتم و گڵاسهكهم له ده‌مم دوور ده‌خسته‌وه، دوای چه‌ند جارێ، فڕێكم له شیرهكهداو رووم كرده قوتابیه‌كان و به ئینگلیزى پێیانم وت: من گڵاسێ شیره‌م خوارده‌وه.
ئه‌و دیمه‌نه تا به‌ئه‌مڕۆ ده‌گات هێشتا لهمێشكمدایه، وه‌كو نمایشێكى شانۆیی هه‌ستم ده‌كرد رۆڵێكی گه‌وره‌و كاریگه‌ر ده‌گێڕم، ئه‌وه‌ش رێك ئه‌و وته‌یه‌ى (رۆزفێڵت)ی وه‌بیر هێنامه‌وه كه ده‌ڵێ: (ئه‌گه‌ر چیڕۆكێكم بۆ بخوێننه‌وه دوای ماوه‌یه‌ك له‌بیری ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر فیلمێك ببینم ئه‌ویش تا ماوه‌یه‌ك له‌مێشكم ده‌مێنێ و دواتر له‌بیری ده‌كه‌م، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و رۆژه له‌بیر ناكه‌م وه‌ك ئه‌كته‌رێك له‌سه‌ر ته‌ختى شانۆ رۆڵم گێڕا).
شانۆی منداڵان بۆ راكێشانى سه‌رنج و ورووژاندنى ویژدانی وه‌رگر كار ده‌كات، به‌جۆرێ له‌گه‌ڵ هه‌ست و نه‌ست و ئه‌قڵی منداڵ ده‌گونجێ و ئاوێزان به جیهانێكى خه‌یاڵی ده‌كات كه له‌و ده‌لاقه‌وه فێری ئه‌وه ببێ چۆن گفتوگۆ‌و دیالۆگ ئه‌نجام بدات؟ چۆن ببێته ئه‌كته‌رێكى به‌تواناو داهێنه‌ر؟ وه‌ك مامۆستای سه‌رپه‌رشتیارو هونه‌رمه‌ند(كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس) ده‌ڵێت: (مامۆستا ده‌بێ له شێوه‌ى ئهكتهربێ. ته‌خته‌ى شانۆ ته‌نیا كارێكى په‌روه‌رده‌یی و فێركردنه له‌سه‌ر شێوازێكى تایبه‌ت. ئه‌كته‌ر به‌پێی كاره‌كه‌ى خۆی (هونه‌ری و ڕۆشنبیری) مامۆستایه، شێوازێكى تایبه‌تى له په‌روه‌رده هه‌ڵبژاردووه به هونه‌ره‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى له‌م ڕێگه‌وه بگاته وه‌رگر كه هه‌موو ئه‌زموون و توانا كۆمه‌ڵایه‌تى و ڕۆشنبیری و زانیارییه‌كانى خۆی ده‌گوازێته‌وه، ئه‌مه جگه له گه‌یاندنى مرۆڤایه‌تى و په‌روه‌رده‌یی له‌گه‌ڵ ویژدانى وه‌رگر وه‌ك تاك و كۆمه‌ڵ(جه‌ماوه‌ر) له‌گه‌ڵ هه‌ست و سۆزیان بدوێ و ڕۆشنبیریان بكات، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ست به‌جوانى بكات و چێژی لێ وه‌ربگرن. به‌م شێوه‌یه نواندن په‌روه‌رده‌یه‌كى هونه‌ریی ژیانه، ئه‌مه ئه‌و ئه‌كته‌ره‌یه كه به‌شێوازێكى تایبه‌ت ده‌وری مامۆستا ده‌بینێ).
هه‌ر له‌م هه‌رێمه‌ی خۆمان كاتێ وه‌زیری په‌روه‌رده سه‌ردانى قوتابخانه‌یه‌ك ده‌كا و ده‌چێته یه‌ك له پۆله سه‌ره‌تاییه‌كان، ته‌ماشا ده‌كات پۆله‌كه به‌جۆرێ شێواوه، كه‌س به‌كه‌س نیه، كه زیاتر وردبۆوه، بینی ئه‌وه مامۆستاكه‌یان قوتابیه‌كى خستۆته سه‌ر پشتى و به پۆله‌كه‌دا گڕی ده‌دات و هه‌موو قوتابیه‌كان سه‌یری ده‌كه‌ن و دڵخۆشن، هه‌ر ئه‌و كاته وه‌زیر ده‌رهه‌ق به‌نواندنى ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ی مامۆستا، به فه‌رمانێك ده‌یكاته سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی.
كه‌واته گرنگه هه‌موومان له‌سه‌ر ته‌خته‌ى شانۆی ژیان به رۆڵی خۆمان هه‌ڵسین و هه‌ر بیرۆكه‌و ده‌قێك كه بۆ شانۆ ده‌نووسرێ، ده‌بێ له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ره‌وه به‌رنامه‌ڕێژی بۆ بكرێ و له‌بازنه‌ى پێكه‌نین یا سه‌ماكردن و جووڵه‌ى به‌رده‌وام بسووڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى شوێنه‌وارێ له كهلكهلهو بیر‌و ئه‌ندێشه‌ی منداڵ به‌جێ بێڵێ و به‌لایه‌نه شاراوه‌كانى ژیانى ئاشنا بكات.
*سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی هاوڕێی ره‌خنه‌گر*
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.