Erbil 20°C دووشەممە 30 ئەیلوول 04:22

د.بەشیر حەداد لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ بەدواداچوونی ئاڵۆزییەکانی پەلکانە پێکدەهێنێت

کوردستان TV
#7
100%

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە کاری جدی بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

رۆژی یەکشەممە ٢٠٢٠/١٢/١٣، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لیژنەیەکی پەرلەمانی کە پێکهاتووە لە پەرلەمانتارانی پێکھاتەکانی کەرکووکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

بەپێی ئەو فەرمانەی کە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پێکهێنانی لیژنەکەی دەرکردووە، کاری لیژنەکە بەدواداچوون دەبێت بۆ ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی کە ماوەیەکە لە گوندی پەلکانەی سەربە ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی سەلاحەدین و دیالە سەریهەڵداوەتەوە، ئەویش بەهۆی کێشەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان و بەردەوامی هێنانی عەرەبی هاوردە بۆ ناوچەکە و دەرکردنی دانیشتوانی کوردی ناوچەکە و هەڕەشە کردن لێیان لە رێگەی هێزی سەربازی جێگیرکراو لە ناوچەکەدا .

دکتۆر بەشیر حەداد رایگەیاند، پێویستە لیژنەکە بە زووترین کات بە دواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات و راپۆرتی خۆی پێشکەش بە دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکات، تاوەکو ئەوانیش بابەتەکە لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتە پەیوەندییدارەکان تاوتوێ بکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی کیشەکانی ئەو ناوچەیە بدەن.

حەداد، داواشی لە هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە کاری جدی تر بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ناوچەکانی کەرکووک و خانەقین لە پارێزگای دیالە، و دوزخورماتوو له پارێزگای سەلاحەدین، چونکە چارەسەرنەکردنی ئەو کێشانە و مانەوەیان بە هەڵپەسێردراوی بەردوامی دانە بە ئاڵۆزییەکانی ئەو ناوچانە و زۆربوونی هەڕەشەی تیرۆرە لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.