Erbil 31°C چوارشەممە 02 تشرینی یەکەم 15:25

بەشێک لە چالاکییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی سەرۆک بارزانی لە شێوەی فۆتۆئەلبووم بڵاو دەکرێته‌وه‌

کوردستان TV
100%


فۆتۆئەلبوومی بەشێک لە چالاکییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی سەرۆک بارزانی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی، چاپکراوێکی نوێیە لە بڵاوکراوەکانی ساڵی ۲۰۲۰ی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە چەند لاپەڕەیەک پێک هاتووە و زیاتر لە حەوتسەد وێنە لە خۆ دەگرێت.

کرۆنۆلۆژیای سەرۆک، چاپکراوێکی نوێیە وەک پەرتووکێکی فۆتۆئەلبووم لەلایەن مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەرسێ زمانی کوردی، ئینگلیزی و عەرەبی بڵاو کرایەوە لەژێر ناونیشانی، "کرۆنۆلۆژیای بەشێک لە چالاکییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی سەرۆک مەسعوود بارزانی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی" کە لە بڵاوکراوەکانی ٢٠٢٠ی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانە بە هەرسێ زمانی کوردی، ئینگلیزی و عەرەبی کەوتە بەردیدی خوێنەران. ئەم پەرتووکە فۆتۆئەلبوومە لە ٣٥٤ لاپەڕە پێک هاتووە و تێیدا زیاتر لە ۷۰۰ وێنەی بەشێک لە دیدار و چالاکییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ڕێزدار جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی لەگەڵ گەورەسەرکردە و کەسایەتییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی جیهان بە شێوازی فۆتۆئەڵبووم خراوەتە ڕوو کە دەکرێت لە چاپەکانی داهاتوودا بە وێنەی زیاتر و نەهێشتنی کەموکووڕییەکانی چاپ دەوڵەمەندتر بکرێت.

پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی داوە لە ڕێگەی خستنە ڕوو و بڵاوکردنەوەی ئەم پەرتووکە لە شێوەی فۆتۆئەلبوومدا گرنگترین وێستگەکانی دەستکەوت و هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسی و نەتەوەیی و نیشتمانی و ئابووری و دیموکراسی و ئێشتیخوازانەکانی سەرۆکایەتیی بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کە لە ۱۲ی ٦ی ۲۰۰٥ لە پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاسایی خواردووە. بۆ دووەمین جار لەلایەن گەلی کوردستانەوە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرایەوە و زیاتر لە سەدا حەفتای دەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستانی بەدەست هێنا.

لە مانگی ئابی ٢٠١٣دا پەرلەمانی کوردستان ماوەی سەرۆکایەتییەکەی درێژ کردەوە. ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە مانگی ئابی ٢٠١٤ هێرشێکی فراوانی کردە سەر هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان سەرکردایەتیی شەڕەکانی بەرگری لە کوردستانی کرد و ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە و تێکۆشان و خۆڕاگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان تێک شکێندرا و جیهان و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دۆستانی دۆزی ڕەوای گەلی کورد سەرسوڕمانی خۆیان لە بەرگری و قارەمانێتیی گەڵی کورد و ڕێبەرایەتیی سەرۆک بارزانی دەربڕی.

سەرۆک بارزانی سەرپەرشتیی ڕێفراندۆمی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی کرد کە لە ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧ دا سەدا ٩٢.٧٣ی گەلی کوردستان دەنگی دا بۆ سەربەخۆیی. لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧دا پەرلەمانی کوردستان دەنگی دا بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەڵام سەرۆک بارزانی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ڕەت کردەوە و وازی لە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم هێنا و پشتیوانیی لە دامەزراوە شەرعییەکانی هەریمی کوردستان کرد، تاوەکو بە ڕێگەی دیموکراسی و مێتۆدی ئاشتیانە و لە ڕێگەی ڕێککەوتنی سیاسییەوە پەرلەمانی کوردستان سەرۆکێکی تازە بۆ هەرێمی کوردستان هەڵبژێرێت. سەرۆک بارزانی تا دواڕۆژی وادەی کۆتاهاییتنی ئەرکەکانی لە پۆستی فەرمیی سەرۆکایەتیکردنی هەرێمی کوردستاندا بە دڵسۆزی و لێهاتوویی و بە سەنگ و هێزێکی گەورەوە لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ بەرزی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان و بۆ پشتگیری کوردستان لەسەر ئاستی دەرەوە خەباتێکی سیاسی، دیپلۆماسی فراوانی ئەنجام دا و لەسەر ئاستی ناوخۆییش لەپێناوی بەرگری لە دەستکەوتەکان و تێکشکاندنی دوژمنانی کوردستان لە بەرەکانی شەڕی بەرگری لە خەڵک و خاکی کوردستان فەرماندەییی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستانی کرد، لەسەر ئاستی ناوخۆییدا یەکڕیزی و ئاشتی و هاوکاری و هاوهەڵوێستیی هێز و لایەنە سیاسییەکانی لەنێو حکوومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستاندا پاراست. دیموکراسی و لێبووردەیی و پێکەوەژیان و ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستان لە سەردەمی سەرۆکایەتیی بارزانیدا پێشکەوتنی مەزنی بەخۆیەوە بینی.

پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیمکراتی کوردستان باسکردن و شیکردنەوە قۆناغەکانی دەستکەوتە مێژوویی، سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییەکانی سەردەمی سەرۆکایەتیی بارزانیی بۆ ڕۆشنبیران و کەسانی ئەکادێمی و پسپۆڕانی بواری سیاسی و ستراتیژی جێ دێڵێت تا دوور لە سۆز و هەڵوێستی ئایدیۆلۆجی، قۆناغە سەخت و هەستیار و ئاڵۆزەکانی سەرۆکایەتیی بارزانی لەپێناوی پێشکەوتن و یەکڕیزی و مانەوە و گەشەپێدان و سەرخستنی ئەزموونی سیاسی و دیموکراسی و ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان هەڵسەنگێنن، هەروەها خوێنەری ئەم فۆتۆئەلبوومە سەرپشک دەکات کە بە ویژدانەوە لە دەستکەوتەکانی سەردەمی سەرۆکایەتیی بارزانی بڕوانن و لایەنی لێکۆڵینەوە و توێژنەوەی ئەکادیمی و مێژوویش بۆ پسپۆرانی بواری سیاسی و ستراتیژی و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و مێژوویی جێ دەهێڵێت کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، سیاسەتوانان و دیپلۆماتکارانی بیانی و ڕۆشنبیران و کەسانی خاوەن ئەزموون لە تێڕوانینی بەرزی نیشتمانی و نەتەوەییەوە لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەکە شیکاریی پێویستی بۆ بکەن.

لە ماوەی سەرۆکایەتیی بارزانیدا هەرێمی کوردستان قۆناغی سەختی بڕی و کوردستان ڕووبەڕووی هەموو تەحەدیاتەکان بووەوە و هێماکانی هەڵکشانی پۆزەتیڤی کوردستان بەرەو پێشکەوتن و بووژانەوەی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسی و ستراتیژی و سەربازی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و دیموکراسییەکان بە فراوانی دەرکەوتن، کە لە سایەی سەرۆکایەتیی بارزانیدا دۆخی هەرێمی کوردستان لە ڕووی پێشکەوتنەکانی مافەکانی مرۆڤ و ئاشتی و دیموکراسی و گەشەپێدانی هزری نەتەوەیی و تێکشکاندنی تیرۆر و توندوتیژی و دوورخستنەوەی مەترسییەکان لەسەر خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشچوونی دیدگای کوردستانییەکان لە بەرگریکردن لە خاک و نەتەوە و پاراستنی دەستکەوتەکان و بەرگریکردن لە بەها مرۆڤایەتییەکان و کەرامەت و سەربەرزی و ئاشتی و پێکەوەژیان و لێبووردەیی و سەقامگیری و ئازادی و سەربەخۆیی بە بەرزی هێشتەوە و گەیاندییە لووتکە، کە ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە سایەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆکایەتیی بارزانی و تێکشکاندنی داعش لە کوردستان و بەرپەرچدانەوەی پەلاماردەرانی ئەزموونی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ڕەهەندەکانی پۆستداعش، پۆستڕێفراندۆم و دەستکەوتە مێژووییەکانی سەردەمی سەرۆکایەتیی بارزانی بە سەردەمی زێڕین و گەورەترین دەستکەوتی ئەزموونی خۆبەڕیوەبردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت کە بەهۆیەوە هیوا و مۆراڵی ملیۆنان مرۆڤی کوردستانی پێ بەرز کردەوە کە خەبات لەپێناوی ئازادیی گەلی کورد و کوردستانی سەربەخۆ بەردەوامە، نەتەوەی کورد بە یەکگرتوویی و زیندوویی و بەهێزی دەمێنێتەوە و هەرگیز ئاڵاکەی نانەوێ و خەباتی ئازادیخوازانە، ئاشتیخوازانە و سەربەخۆخوازانەی گەلی کورد دەگاتە ئەنجام کە لە درێژاییی مێژووی هاوچەرخی خۆیاندا کوردستانییەکان بەهایەکی گەورەیان لە قوربانیدان بە فرمێسک و خوێن لەپێناویدا بەخشیوە کە لە سایەی خەبات و قوربانیدان و قارەمانێتیی گەڵی کورد ئەمڕۆ وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان و کۆمەڵگای شارستانی لە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکاندا وەک هاوبەشێکی گرنگ لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە چاوی ڕێزەوە لە پێشکەوتنەکانی دیموکراسیی هەرێمی کوردستان دەڕوانن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.