Erbil 29°C شەممە 05 تشرینی یەکەم 10:30

10 کۆچبەری کورد لەلایەن پۆلیسی کڕواتیاوه‌ ئەشکەنجە دەدرێن

کوردستان TV
100%

له‌راگه‌یاندراوێكد ده‌زگای مرۆیی لوتكه‌ بڵاوی كرده‌وه‌ 10 کۆچبەری کورد کە چەند جارێک هەوڵی گەیشتنیان داوە بۆ ئەڵمانیا، لە کرواتیا ڕووبەڕووی لێدان و ئەشکەنجە بوونەتەوە لەلایەن پۆلیسی کرواتیا و سەگی پۆلیسیان بەرداوەتە گیانی ژنێک، و کەلوپەل و مۆبایل و پارەکانیان لێسەندوون لەپێناو تۆمارنەکردنی هیچ بەڵگەیەک لەلایەن کۆچبەرەکانەوە.

یەکێک لە کۆچبەرەکان بە دەزگای لوتکەی ڕاگەیاندووه‌ کە لە پایتەختی بۆسنە نیشتەجێن و لەسەر ئەرکی خۆیان نان و شوێنی مانەوە دابین دەکەن لە هۆستێلەکانی ئەو وڵاتە، و بەهۆی وەرزی سەرماوە تەندروستی زۆرینەیان ناجێگیرە.

ڕاشیگەیاندووه‌ کە ئەوان نازانن پاش ئەوەی گیراون براون بۆ کام گرتوخانەی وڵاتی کرواتیا، بەڵام لەوێ ئەشکەنجەیان داون و لە درەنگانی شەودا لە چیایەکی بۆسنە جێیان هێشتوون و سەرجەم جارەکان ٨ کاتژمێر بەبێ هیچ ئامێرێکی زیرەک بەپێ ڕۆیشتوون.

کۆچبەرە کوردەکە ووتیشی کە ئەوان 10 کەسن کە لە نێویاندا ئافرەتێک و منداڵێکیان لەگەڵدایە و تەمەنی هەموویان لە نێوان 16-45 ساڵدایە، هەندێکیشیان نەخۆشی درێژخایەنیان لەگەڵدایە. 

کۆچبەرە کوردەکە ئەوەشی خستەڕوو کە پۆلیسی کرواتیا پەنجەمۆر و ئیمزا بە کۆچبەرەکان دەکەن و وا تێیان دەگەیەنن کە تەنها بۆ پۆلیسە بەڵام پەنجەمۆرەکە بۆ تۆمارکردنیانە لە کەمپەکان، سەرەڕای ئەوەش دواتر دیپۆرتی بۆسنەیان دەکەنەوە، و لەو نێوانەدا ئەو وڵاتە پارەی زیادە لە یەکێتی ئەوروپا وەردەگرن. 

پەنابەرەکان داوا دەکەن ئەم بابەتە بگاتە لایەنی پەیوەندیدار، لەپێناو دەرکەوتنی ڕەفتارەکانی پۆلیسی کرواتیا.

 

شوان عه‌زیز
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.