Erbil 19°C یەکشەممە 06 تشرینی یەکەم 07:35

دیندار زێباری: کوردستان لە شەڕی دژبە داعش سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستھێناوە

لیژنەی وزاریی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا
کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ دووشەممە، لیژنەی وزاریی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا.

کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد و ئەندامییەتی ھەریەک لە وەزیری داد، فرسەت ئەحمەد و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کوێستان محەمەد و وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، عەبدوڵڵا حاجی مەحمود و سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی و سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، عەبدولحەکیم خەسرۆ و رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دیندار زێباری بەڕێوەچوو.

دوای کۆبوونەوەکە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دیندار زێباری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا تیشکی خستە سەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و گوتی: ئەم کۆبونەوەیە، یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی وزاریی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعشە کە لەسەر سێ تەوەر گفتوگۆی کردووە، ئەوانیش بریتیین لە ھەماھەنگیکردن لەگەڵ یونیتاد، بە ئەلیکترۆنیکردنی داتا و بەڵگەنامەکان و ھەماھەنگی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ سێکتەرە نێودەوڵەتییەکانی بواری دادگایی و یاسایی.

دیندار زیباری گوتیشی: ھەماھەنگی لەگەڵ یونیتاد دەکەین کە لە ساڵی ٢٠١٧ دامەزراوە و ھەماھەنگییەکە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویستە بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش، ھەروەھا وەزیری ناوخۆ باسی ھەنگاو و ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی بۆ بەجینۆسایدنانساندنی تاوانەکانی داعشی کردووە بۆ ئەوەی لە داھاتوویەکی نزیکدا، تیرۆریستانی داعش لە کوردستان و عێراق بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دیندار زێباری ئاماژەی بە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە کرد و گوتی: "تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە قۆناغەکانی بەئەلیکترۆنیکردنی داتا و بەڵگەکانی جینۆسایدە بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بە ستاندەری نێودەوڵەتی بێت بۆ دادگاییکردنی سەرانی داعش، لەگەڵ ئەوەشدا باسی ئەوەشمان کردووە کە لەگەڵ عێراقدا، ھەرێمی کوردستان خۆی بگونجێنێت لەگەڵ سێکتەرە نێودەوڵەتییەکانی بواری دادگایی و یاسایی.

بە گوتەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەرێمی کوردستان ھەماھەنگی لەگەڵ یونیتاد دەکات بۆ راھێنان و کارکردن و ئاراستەکردن، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک لە دەرچووانی زانکۆکانی کوردستان لەگەڵ ئۆفیسەکانی یونیتاد کاردەکەن.

دیندار زێباری گوتیشی: ئەو پرۆسەیە بۆ خەڵکی کوردستان گرنگە چونکە کوردستان لە شەڕی دژبە داعش سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستھێناوە، ھەروەھا لە ئازادکردنی رفێنراوەکانی دەستی داعشیش رۆڵی بینیووە و ھەرێمی کوردستان ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بووە.

ناوبراو ئەوەیشی خستەڕوو کە ھەرێمی کوردستان و عێراق بەسێ یاسا نێودەوڵەتییەکان لە دادگاییەکی نیشتمانییدا و بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، پڕۆسەی دادگاییکردنی سەرانی داعش ئەنجام دەدات و پێیشی وابوو کە ئەمە پڕەنسپێکی تازەیە لە یاسایی و پراکتیکییدا.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دیندار زێباری گوتیشی: "لەگەڵ ئەوەی عێراق ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نییە و رێککەوتنی رۆمای واژوو نەکردووە، بەڵام بڕیاری ژمارە ٢٣٧٩ی ئەنجوومەنی ئاسایش ئەو رێکارەی دیاریکردووە بۆ دادگاییکردنی سەرانی داعش".

لەبارەی ئامارەکانی دۆسیەی تاوان و ژمارەی دەستگیرکراوەکان، دیندار زێباری گوتی: "ساڵی ٢٠١٦ تا ٢٠١٨ زیاتر لە ھەزار و ٦٠٠ تاوانباری داعشمان دەستگیرکردووە ئەوانیش دادگایی کراون یان رادەستی حکوومەتی عێراق کراونەتەوە و ئێستاش نزیکەی زیاتر لە ٣٠٠ تیرۆریستی داعش لە بەندیخانەکانی کوردستان ماون.

دیندار زێباری گوتیشی: بەپێی ئەو زانیارییانەی ھەمانە تا ئێستا شەش ھەزار کەس تۆمارکراون کە لەلایەن تیرۆریستانی داعش رفێندراون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە سێ ھەزاریان رزگارکراون و دوو سەنتەری تۆماری زانیارییەکانیش لەو چوارچێوەیەدا دامەزراون.

1

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.