Erbil 34°C یەکشەممە 06 تشرینی یەکەم 15:27

کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان بەڕێژەى (%10بۆ %20) کەمکرایەوە

کوردستان TV
#7
100%

بەلەبەرچاوگرتنى بارودۆخى دارایى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەپێى ئەنجامەکانى ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵى (٢٠٢٠)، بەڕێژەى (١٠ بۆ ٢٠ %) بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن کەمکردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (٢٢/١١/٢٠٢٠) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکان و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، کۆبوونەوەى تەواوکارى ژمارە (١٠)ى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە شێوەى ئۆنلاین بەڕێوەچو.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر بەناوى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جارێکى تر پرسەو سەرەخۆشى ئاراستەى بنەماڵەى کۆچکردو د. فەرسەت سۆفى پارێزگارى هەولێر کردو درودو سڵاوى نارد بۆ گیانى پاکى کە لەم قۆناغە هەستیارەدا لەدەستدانى پیاوێکى خەمخۆر و جدى لەبەڕێوەبردنى کار و بەدەمەوە هاتنى داخوازییەکانى خەڵک، خەسارەتێکی گەورەیە بۆ خەڵک و حکومەتی ھەرێمی کوردستان. بۆ ئەمەش وتى: داواکارم لەپەروەردگاری مەزن ئەمە دوا کۆستى خانەوادە بەڕێزەکەیان بێت و سەبرو ئارامیش ببەخشێتە کەسوکارو ھاوڕێکانی.

هەروەها پرسەو سەرەخۆشى ئاراستەى سەرجەم ئەو مامۆستاو فەرمانبەرو قوتابیانە کرد لەم ماوەیەدا بە هۆى پەتاى نەگریسى کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، بۆ ئەمەش هاوخەمى ئاراستەى کەسوکارو بنەماڵەو هاوڕێکانى کرد و هیواى خواست هەمو لایەک سەلامەت و تەندورست بن و کۆچکردوان بە بەهەشتى بەرین شاد بکات.

سەبارەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان،  وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژەى بە کارى لێژنەى تایبەتمەند لەسەر ئاستى وەزارەت بەم ئەرکە کردو دەستخۆشى لێکردن بۆ کارەکانیان لە ڕابردو.

بۆ ئەمەش وتى: هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکى تایبەت گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەموان ڕەچاوى بارو گوزەرانى دارایى خەڵکى خۆمان بکەین و لە هەمان کاتیشدا بتوانین هەلى خوێندن بۆ هەموان دەستەبەر بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا وتى: بۆ ئەوەى روحیەتى کێبڕکێى زانستى لە دامەزراوە ئەکادیمیەکان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنى باوردۆخى هاوڵاتیان بڕیارماندا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ئەویش بەپێى ئەنجامەکانى ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵى (٢٠٢٠) کە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیەنراوە بەم شێوەى خوارەوە:

* ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى B، بەڕێژەى (١٠%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

* ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى C، بەڕێژەى (١٥%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

* ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى D، بەڕێژەى (٢٠%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.

* سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بەڕێژەى (٢٠%) کرێى خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.