Erbil 34°C دووشەممە 07 تشرینی یەکەم 17:31

لە مەچکۆوە سڵاو هاوڕێ 

لە دامێنی چیای هەڵگورد ، لەڕەحمی خوشکەشەهیدێک،  لە خێزانێکی ئاشنا بە نیشتیمانپەروەری کوڕێک لەدایک دەبێت
کوردستان TV
100%

نوسینی د. چنار سەعد عبداللە 

لە دامێنی چیای هەڵگورد ، لەڕەحمی خوشکەشەهیدێک،  لە خێزانێکی ئاشنا بە نیشتیمانپەروەری کوڕێک لەدایک دەبێت .
دەنگی سامناکی گرمەی تۆپ و تەیارەی بەعسی کە بەردەوام ئەو دۆڵ و شاخانەیان دەپێکا ، دیمەنی پێشمەرگە ، خەبات  و کوردایەتی ، تێکدانی گوند و ڕەز وباخەکان ، هەژاری و بێڕەحمی سەرما و سۆڵەی زستان ، ئەو وانانە بوون کە ئەو کوڕە جوتیارە کوێستانی یە، زۆر بە منداڵی لەیەکەم قوتابخانەی ژیاندا فێری دەبێت . 

کورە بچکۆلەکەی کوردان ، زۆر زوو درک بەو ڕاستییە دەکات کە وەک بێکەسی شاعیر دەڵێت :
مەکتەبە دەرمانی ئێمە
خوێندنە ڕەهبەری ڕەستگاری
بۆیە ڕوو دەکاتە فێربوونی زانست و خۆ پەروەردە کردن .
لەو بوارەشدا هەر وەک گزنگی بەیانی پێدەشتە جوان و دڵڕفێنەکانی کوردستان ، هەر دەدرەوشێتەوە .
دیارە قەدەری منداڵی کورد وابووە ، بەناچاری دەبێ  هەر زوو زوو گەورە ببێت و خەمی خاک و نیشتیمان لەئەستۆ بگرێ .
لەهەڕەتی گەنجی ، دەخزێتە ناو کاری سیاسی ، خۆشەویستی کوردستان لەناو شادەمارەکانی جۆشی دەدا ،
بۆیە هەمیشە بۆ ئاشتی ، بۆ تەبایی ، بۆ دادپەروەری هەوڵی دەدا .
ئەو لە بەهاری تەمەنی دا لەپێناو تەبایی گەلەکەی ، ناوەندگیری سەرکردە و هێزەسیاسییەکانی دەکرد، چونکە ئەو
کوڕی تەبایی بوو .
دڵ و هەستی پاک و بێگەردی ، لە بریسکە و زوڵاڵی کانیاوی هەڵقوڵاوی ژێر تاشەبەردەکانی دۆڵی ڕۆست دەچوو، تەنانەت بەفری سپی سەرقژەکانیشی ، ڕەنگدانەوەی ئەو ناخە پاک وجوانەی ئەویان دەکرد. 
ڕاستگۆیی ، بوێری و چاوتێری  تایبەتمەندی  بەکەسایەتی ئەو بەخشی بوو ،
وێڕای هەستیاری و سەختییەکان ، چاونەترسانە بەگژ  لادەر وگەندەڵکاران دادەچۆوە .
دکتۆر فەرسەت ، براو ، هاوڕێ و هەڤاڵی زێدە ئازیزم ، خۆ جارێ زۆر کار و پرۆگرام مابوون ئەنجامی بدەیت ،
مخابن کوردستان و هەلێر زوو لێت بێبەش بوون .

1

 

كوردستان TV

شێوازی ژیان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.