Erbil 35°C سێشەممە 08 تشرینی یەکەم 13:33

د. سالـح عومەر: سەقامگیری لە عێراق بەبێ هەرێمی کوردستان دروست نابێت

کوردستان TV
100%

لە میانەی بەشداریكردنی لە بەرنامەی رۆژەڤی كوردستان سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و ئەو هەوڵانەی كە دەدرێن بۆ سزادانی هەرێم د. سالح عـومەر مامۆسـتای زانکۆ رایگەیاند كە ئەو سیستەمە فیدرالییەی هەیە لە عێراق وەكو پێویست نیە، عێراق هەوڵی داوە لە كاتی بەهێزبوونی گوشار لە سەر هەرێمی كوردستان دروست بكات.

روونیكردەوە ئەگەر بە نمونە بێنین ئەو بودجەیەی كە بۆ سوپای عێراق خەرج دەكرێت بەرامبەر بەوەی چی بۆ پێشمەرگە سەرف كراوە، كە ئایا پێشمەرگە سەركەوتوو بوو لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش یان سوپای عێراق كە بینیمان چەندین شاری گەورەی رادەستی تیرۆریستانی داعش كرد و نەیتوانی بەرگری بكات. سەبارەت بە پرسی بودجەی 2020 روونیكردەوە كە هەموومان دەزانیین حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەبوو رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق مۆر بكات بەوەی یەك ملیار دۆلار موستەحەقاتی دارایی بدرێت بە هەرێم بەوەی هەرێم 250 هەزار بەرمیل رادەستی حكومەتی عێراق بكات، بەڵام حكومەتی عێراق ئەو ئامادەییەی تێدا نەبوو كە كار لە سەر یاسای 2019 بكرێت.

د. سالح عـومەر ئه‌وه‌شی رایگەیاند لە كاتی پرۆسەی سیاسی عێراق لە 2003 زۆر لە سەركردە بەهێزەكانی كورد بەشداربوون لە پرۆسەی سیاسی بەڵام نەیانتوانی تەواوی مافە رەواكانی كورد دەستەبەر بكەن. بۆیە من ئەو كێشەیه‌ی نێوان هەرێم و بەغدا زۆر لەوە قوڵتر دەبینم.

روونیشیكردەوە كە دەسەڵاتدارانی عێراق لە كاتی شەری داعش مووچەی پارێزگاكانی سوننەیان نەبڕی و پارەكە بۆ داعش دەرۆیشت، كەچی لە 2014 مووچە و قوتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیان بڕی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كە ئەگەر بەغدا كێشەی لەگەڵ هەرێمیش هەبێت ئایا دەكرێت پارە بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش رەوانە بكات و قوتی هاووڵاتیانی كورد نەنێرێت؟ ئەوەشی راگەیاند كە 17 جار كۆبوونەوە لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەماوەی رابردوودا ئەنجامدرا و گەیشتن بە رێككەوتن، بۆ پەرلەمانتارانی عێراق دەتوانن ئەو رێككەوتنە دووچاری ئەو حاڵەتە بكەنەوە كە ئەوەی روویدا ؟ بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكرێتە وەرەقەیەكی سیاسی و دەكرێتە فشار بۆ سەر هەرێمی كوردستان ؟ دەبێ واقیعێك هەیە بزانیین ئەویش ئەوەیە كە ماوەی 100 ساڵ زیاترە دەسەڵاتدارانی عێراق، كورد سەركوت دەكەن، نابێ خۆمان بەرامبەر بەو واقیعە بدزینەوە.

پێویستە لایەنی سێیەم واتا وڵاتە زلهێزەكان وەك ئەمەریكا و هەروەها وڵاتانی ئەوروپا و رێكخراوە نێو دەوڵەتییەكان بەشداربن لە تێگەیشتن لە كێشەكان و چارەسەركردنیان، چونكە بێ بوونی ئەوان كیشەكان چارەسەر نابن.

لە كۆتایی قسەكانی د. سالح عـومەر رایگەیاند كە سەقامگیری لەناو عێراق بەبێ هەرێمی كوردستان دروست نابێت.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.