رۆژانە دەیان کەس پەیوەندیم پێوە دەکەن و ده‌رباره‌ی كۆڕۆناو ده‌رهاویشته‌كانی پرسیار ده‌كه‌ن، ھەندێکیان باسی ئه‌وه دەکەن، دوای ئه‌نجامدانی پشکنینی خوێن پێیان راگه‌یاندوون، بە سووکی تووشی ئەو پەتایە بووینه!
سەرەتا ده‌مه‌وێت ئاماژه بەوە بكه‌م، کە پشکنینی خوێن بۆ زۆربەی ھەرەزۆری تووشبوانی ئەو پەتایە بە ھیچ شێوەیەک پێویست نیە و ھیج کاریگەریه‌كی لەسەر دیاریکردنی چارەسەری ئەو پەتایە نیه، ئەو پشکنینانە جگە لە بەھەدەردانی پارە ، زۆر جاران دەبێتە ھۆی درووستبوونی دلەراوکێ لای نەخۆش و بە ھۆی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئەو پشکنینانە، هانیان ده‌دات پەنا بۆ ھەندێک چارەسەری ببه‌ن ، كه نەک ھەر سوودیان نیە ، بگره ئەگەری ئەوەشیان ھەیە زیان بە نەخۆشه‌گه بگەیەنن!
پشکنینی خوێن و تیشک تەنھا بۆ ئەو کەسانە پێویستە، کە بە توندی تووشی ئەو پەتایە بووینەو کێشەی تەنگه نه‌فه‌سی و دابەزینی رێژەی ئۆکسجیان ھەیە، له‌و حاله‌ته‌شدا دەبێت لە ژێر چاودێری پزیشکدا بن ، واتە دەبێت لە کاتی پێویست و لەسەر داواکاری پزیشک بکرێت .دیارە کۆمەلێک پشکنینی خوێن لە تاڤیگەکان بۆ خەلک دەکرێت.
ئەو پكشنینانه‌ی به‌هۆی كۆڕۆناوه بە شێوەیەکی بەربلاو ده‌كرێت، ده‌توانین له چه‌ند جۆرێكیان كورتبكه‌ینه‌وه:
1-پشکنینی CBC
کە لە کوردستان به پشكنینی کۆمپلیت ناوزه‌د ده‌كرێت ، ئەم پشکنینە رێژەی ھیمۆگلۆبین و خرۆکە سپی و خەپلەکانی خوێن به‌دیارده‌خات،کەمبوونەوەی جۆرێک له خرۆکەی سپی، کە پێی دەووترێت لیمفۆسایت لە بەشێکی تووشبوانی ئەو پەتایە به‌دیده‌كرێت، بەلام كه‌مبوونه‌وه‌ی ئه‌و خڕۆكه سپیه بە ھیچ شێوەیەک ئه‌وه ناگایەنێت، کە ئەو کەسە بە دلنیایی تووشی په‌تای کۆرۆنا بووە ، لە ھەمان کات ئەگەر رێژەی لیمفۆسایت نۆرمال بێت ئەوە ناگەیەنێ کە نەخۆشەکە کۆرۆنای نیە.
2--پشكنینی CRP
كه بە ھۆی ھەوکردن بەرزدەبێتەوە ، جا ئه‌و هه‌وكردنه به‌هۆی ڤایرۆسه‌وه بێت یاخود به‌كتریا، به‌ڵام به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئه‌و هه‌وكردنه‌ش ئەوە ناگەیەنێت، کە نەخۆش تووشی کۆرۆنا بووە . خەلکانێکی زۆر ئەو پشکنینە لە گەل پشكنینی، PCR کە له لووت و قوڕگە سامپڵ وه‌رده‌گرن تێکەل دەکەن .
3- پشكنینی D-Dimer
کە لەناو خەلک بە پشکنینی خوێن مەین دەناسرێت ، ئەمەشیان لە گەل ھەر جۆرێکی ھەوکردن ئەگەری ئەوە ھەیە رێژه‌كه‌ی بگۆڕێت و تۆزێک بەرزبێتەوە، به‌ڵام بە ھیچ شێوەیەک ئەوە ناگەیەنێت، کە نەخۆش تووشی خوێن مەین بووە.
4- پشكنینی Ferritin و ESR
به هه‌مان شێوه ئەم پشکنینانەش به‌هۆی هه‌وكردنه‌وه ئەگەری ئەوەیان ھەیە بەرزببنه‌وه ، بەلام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رۆلیان لە دەستنیشانکردنی پەتای کۆرۆنا نیه!.
5- پشکنینی خوێنی سیرۆلۆژی
کە بە پشكنینی IgM و IgG ناسراوه، ئەو پشکنینە بۆ دیاریکردنی بڕی دژەتەن بەرامبەر ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ ئه‌نجام ده‌درێت و خەلکێكی زۆر بۆ دەستنیشانکردنی پەتای کۆرۆنا ئەو پشكنینه دەکەن، تێبینیم کردووە ئه‌م پشكنینه ده‌بێته هۆی سەرلێشێواندنی نه‌خۆش ، چونكه نیگەتیڤی و پۆژەتیڤی ھەریەک لەم دژەتەنانە کۆمەلێک ئەگەر دەخاتە پێش نەخۆش، كه ره‌نگ بێت له‌راستیه‌وه دوور بێت، کۆمەلێک تاقیگە لە کوردستان ئەو پشکنینە دەکەن ، جێگای سه‌رنجه رێژه‌ی ئه‌و دژه ته‌نانه لە تاقیگەیەک بۆ یەکێکی تر دەگۆرێت، چونکه دەوەستێتە سه‌ر جۆری ئەو شیکردنەوەیه‌ی دەکرێت .
دژەتەنی IgM ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه دوای پێنج رۆژ لە تووشبون بەو پەتایە لە خوێن به‌دیاركه‌وێت، لە ھەندێک حالەت ماوەیەکی زۆرتری دەوێت ، بۆیە ئەگەر نه‌خۆش لە چەند رۆژی یەکەمی سەرھەلدانی ئەو پەتایە ئەو پشکنینە بکات ، نیگەتیڤ دەردەچێت، لە کاتێکدا ھەلگری ڤایرۆسەكه‌یه، ئه‌مه‌ش دەبێتە ھۆی ئه‌وه‌ی ئەندامه‌كانی خێزانه‌كه‌ی و خه‌ڵكانی تری چوارده‌وری دووچاری ئه‌و پەتایە بكات جونکە نەخۆش واتێدەگات کە پەتای کۆرۆنای نیە .
ئەگەر کەسێک لە رابردوودا نیشانەکانی ئەو پەتایەی لێبه‌دره‌كه‌وتووه‌و دەیەوێت ئێستا دلنیا بێته‌وه له‌وه‌ی تووشی كۆڕۆنا بوه یاخود نا، دەکرێت دوای تێپه‌ڕینی مانگێک بەسەر نیشانه‌كانی ئه‌و پەتایە پشكنیی IgG بکات ، ئەگەر پۆزەتیڤ بێت، ئەو كاته ئه‌وه روونده‌كاته‌وه، کە ئەو کەسە دژەتەن و بەرگری پێویستی بەرامبەر ئەو پەتایە دروست کردووە ، هه‌رچی ئه‌وانه‌ی دەیانەوێت دلنیا بنه‌وه له‌وه‌ی نیشانه‌كانیان هی پەتای کۆرۆنایە یاخود نا، یا لە كاره‌كانیان داوایان لێدەکرێت حۆیان بپشكنن، پێویسته پشكنینی PCR بكه‌ن، کە وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد بەشێوەی سامپل لە قوڕگ و لووت وەردەگیرێت ، تەنانەت ئەو پشكنینه‌ش لە رێژەیەکی بەرچاوی تووشبوان بە نیگەتیڤ دەردەکەوێت لە کاتێک ھەلگری ڤایرۆسەکەنە .
ئەگەر نیشانەکانی ئەو پەتایەت ھەیە، باشتر وایە هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه وەک تووشبوێک مامەلە لەگەل خۆت و دەوروبەره‌كه‌تدا بکەیت ، بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته لە ماڵەوە پشوو بده‌یت ، چونكه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پشكنینی خوێن ناتوانێت رۆلێكی به‌رچاو ببینێت لە دیاریکردنی پەتای کۆرۆنا و بە ھیچ شێوەیەک لە چارەسەری ئەو نەخۆشانە ناگۆرێت کە بە سووکی تووشی ئەو پەتایە بوونە.
دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری راوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو
لەندەن
ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پشکنینی خوێن دەردەکەوێت؟
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.