یەکێتی ئافرەتانی کوردستان له پهیامێكدا ڕایگهیاند: مایەی نیگەرانی و توڕەییمانە کە جارێکی دیکە لە پەرلەمانی عێراق و لە هاوپەیمانییەکی نامۆڕاڵی و نانیشتمانیدا نەیار و هاودژەکانی نێو ماڵە پەرتەوازەکە یەکیانگرت و پیلانێکی دیکەی شۆڤێنییان دژ بە گەلی کوردستان جێبەجێکرد.
له پهیامهكهدا هاتووه: ئەوەی ئەمڕۆ لە لە پەرلەمانی عێراق ڕوویدا، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە ئەم عەقڵیەتە کورد بە هاوبەش و هاوتا نازانێت لە عێراقدا و بڕوای بە سادەترین بنەماکانی پێکەوە ژیان و سازان نییە.
بەڕێکردنی پرۆژە یاساکان بە زۆرینەی پەرلەمانی دژ بە ماف و جیاوکەکانی هاوڵاتیانی گەلی کوردستان ئەڵقەیەکی ترە لەو زنیجیرە تاوانکارییەی نێو فەزای ستەمگەر و توندوتیژی ئەو پەرلەمانەی کە ئەکتەرەکانی لە هیچ شتێکدا کۆک نین، لە دژایەتیکردنی گەلی کوردستان نەبێت، ئەمەش مایەی سەرسوڕمان نییە، چونکە هیچمان لەو دەزگا تژییە لە فاكتەرەكانی توندڕەوی و جیاكاری و، بەتاڵ لە ئەگەرەكانی هاوبەشی و سازان، نەبینیوە، جگە لە نکۆڵیکردن و بێ مافی نەبێ. لە کاتێکدا بە توندی ئیدانەی ئەم هەوڵە ڕەگەزپەرستی و دوژمنکارییە دەکەین، لە هەمانکات دەستخۆشی لە هەڵوێستی نوێنەرانی کورد لە سەرۆکایەتی و ئەندامانی سەرجەم فراکسیونە کوردییەکان دەکەین بۆ یەکگرتوویی و یەکدەنگی و داکۆکییان لە مافەکانی هاوڵاتیانی کوردستان تا دواسات و هیوادارین ئەم یەکدەنگییە بەردەوامی و پێداگری بەدوادا بێت.
بەناوی سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوەکەمان پشتیوانی لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەکەین و داواکارین هەرێمی کوردستان بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو و ڕێکاری یاسایی و دەستوری وەڵامی ئەو پیلانە بداتەوە و پیشانی شۆڤینییەکانی ناو پەرلەمانی عێراقی بدات، کە بە درێژایی مێژوو هیچ کەس و گروپێک لە دژایەتیکردنی گەلی کوردستان سەرکەوتوو نەبوون و نەیانتوانیوە مل بە ئەم گەلە پڕ ئیرادە کەچ بکەن. هاوکات داواکارین هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە ڕێکاری مەدەنی دژ بەو بڕیارە بووەستنەوە و دەنگی ناڕازیبوون و ئیدانەکردن بەرز بکەنەوە و لەم پرسەدا هەموو گەلی کوردستان خاوەن یەک گوتاری یەکگرتووی کوردستانیانە بێت.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.