ئه‌مڕۆ شه‌ممه، دانیشتنی ژماره 19ی ئاسایی وه‌رزی یه‌كه‌می یاسادانان بۆ ساڵی سێیه‌م له خولی چواره‌می ھه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له وه‌رزی نوێی یاسادانان به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه له میانیدا خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م و ده‌نگدان بۆ ژماره‌یه‌ك پڕۆژه یاسا ده‌كرێت.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه كه له دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا، خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پرۆژه یاسای پاره‌داركردنی كورتھێنانی دارایی (قه‌رزكردن) ده‌كرێت.
ئاماژه به‌وه‌یشدراوه كه هه‌ر له دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه یاسای په‌سندكردنی رێككه‌وتنی هاوكاریی نێوان عێراق و كۆریای باشوور ده‌درێت و جگه له‌وه‌یش ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه یاسای به ئه‌ندامبوونی كۆماری عێراق له پرۆتۆكۆلی دووه‌می رێككه‌وتنی لاهای ساڵی 1954 تایبه‌ت به پاراستنی كه‌لوپه‌لی رۆشنبیریی له كاتی جه‌نگدا ده‌درێت.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق باسی له‌وه‌شكردووه كه هه‌ر له دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا، ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای په‌سندكردنی رێككه‌وتنی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به شه‌فافییه‌ت له ناوبژیكردنی په‌یماننامه‌ی نێوان وه‌به‌رهێنه‌ران و وڵاتاندا و پێشنیازه یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتی دادوه‌ریی ده‌درێت.
هه‌ر به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه له دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا، ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای به ئه‌ندامبوونی كۆماری عێراق له له رێككه‌وتننامه‌ی بانكی وه‌به‌رهێنانی ئاسیا تایبه‌ت به ژێرخان ده‌درێت، هه‌روه‌ها پڕۆژه یاسای په‌سه‌ندكردنی رێككه‌وتننامه‌ی خۆدزینه‌وه له پێدانی باج كه به‌سه‌ر داهات و سه‌رمایه‌دا سه‌پێندراوه له نێوان حكوومه‌تی عێراق و حكوومه‌تی كوێتیش ده‌خرێته به‌ر ده‌نگدان.
ئاماژه به‌وه‌یشدراوه كه هه‌ر له دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا، ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه یاسای به ئه‌ندامبوونی كۆماری عێراق له رێككه‌وتننامه‌ی دان پێدانان به بڕیاره‌كانی ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی و جیبهجێكردنیان ده‌درێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.