وریا ماملێ
خوالێخۆشبوو دوكتور هاشمی شیرازی كوڕی عه‌بدوڵا و حهمدهخان، ڕۆژی هه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ساڵی ١٩١٩ زایینی به‌رامبه‌ر به ١١ گوڵان ١٢٩٨ هه‌تاوی له شاری مه‌هاباد و له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌ستڕۆییشتوو له دایك بووه. باوكیان كه‌سێكی خوێنده‌وار بووه. سه‌رقاڵی توجاڕه‌تی توتن و هاوكات زۆری حه‌ز له باغداری بووه. له حه‌وشه گه‌وره‌كه‌ی ماڵی خۆی باغێكی ڕازاوه‌ی ده‌بێت كه به باغی “شیرازی” ناودێر بووه. له پاڵ ئه‌ویش شێعری فارسی و له‌ناویان دا شێعری سه‌عدی و حافزی شیرازی زۆر له‌به‌ر بووه.
دوكتور هاشم شیرازی
له ساڵی ١٩٢٨ كه حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌خوازێ پێناسه بدات به هاووڵاتیانی خۆی و ناویان وه‌ك هاووڵاتی تۆمار بكات، ئیداه‌ری (پبت احوال – احصائیه) له مه‌هاباد ده‌ست به‌كار ده‌كات. بۆ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌و كاره چه‌ند كه‌سێك وه‌ك فه‌رمانبه‌ر داده‌مه‌زرێنێ به ناوه‌كانی “مه‌لا ئه‌حمه‌د ته‌وحیدی”، ” مه‌لا مه‌حمودی مفتیزاده” و كه‌سێكی تر به ناوی “جاوید”. مه‌لا ئه‌حمه‌دی ته‌وحیدی كه‌سێكی قسه‌خۆش و جهفهنگباز بووه و كاتێك باوكی دوكتور شیرازی ده‌چێت سجیل و پێناسه وه‌ربگرێ، یه‌كسه‌ر مه‌لا ئه‌حمه‌د سجیلهكهی ده‌داته ده‌ستی، كه چاوی لێده‌كات ناسناوه‌كه‌ی نووسراوه” شیرازی”! كه هۆكاره‌كه‌ی لێده‌پرسێ له وه‌ڵام دا مه‌لا ئه‌حمه‌د ده‌ڵێ:
چوون كاتێك تۆ شێعرمان بۆ ده‌خوێنییه‌وه سه‌رله‌سه‌ر حافز و سه‌عدی هه‌ڵناگری و هه‌ر شێعری ئه‌وانمان بۆ ده‌خوێنییه‌وه بۆیه، من ناسناوی تۆ ده‌نووسم “شیرازی” هه‌روه‌ها باغێكیشت هه‌یه كه ناوی “شیرازی” یه و ئیتر ئه‌وانه به‌سن تا ناسناوت بكه‌ین به شیرازی.
باوكیشیان چ پرته‌ی لێوه نایه‌ت و ئیتر له‌و كاته‌وه ناسناویان به شیرازی ده‌رده‌چێت.
خوێندنی له به‌شی پزشكیی ددان دا له زانكۆی تاران ته‌واو ده‌كات. كه‌ش و هه‌وای سیاسی ناوچه‌كه به‌رده‌وام له گۆڕانكاریدا بووه و بووه‌ته به‌ستێنێك بۆ لاوانی خوێنگه‌رم تا گه‌ر بۆیان بلوێ هه‌وڵ بده‌ن بۆ وه‌دیهێنانی مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌یان، له‌و مابهینهشدا دوكتور هاشم شیرازی وه‌ك لاوێكی خوێنگه‌رم تواناكانی خۆی له‌ناو حیزبی توده‌ی ئێران تاقی كردۆته‌وه. ئاقاری خه‌باتیان پێچ و قۆرتی زۆر دیون و له‌لایان حكومه‌ته‌كانی شا و مه‌لایان، زیندانی كراوه و ئازاری بینیوه.
شتێك كه ناوی دوكتور هاشم شیرازی زیاتر ده‌رده‌خات، هۆنراوهیهكه به ناوی “زه‌مانه گوڵێكی دا و لێی ستاندم” كه به “زه‌مانه” ناودێره و دوكتور شیرازی بۆ ده‌سگیرانه‌كه‌ی خۆی ههڵاگوتووه. ده‌سگیرانه‌كه‌ی زیندوویاد “عیسمه‌ت خانم” كچی نه‌مر “پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د” بووه. كاتێك كه دوكتور شیرازی له زیندان ده‌بێ خوالێخۆشبوو عیسمه‌ت خانم به هۆیه‌كی نادیار خۆ ده‌كوژێت و ئه‌و مه‌رگه ده‌بێته هه‌وێنی ئه‌و شێعره. وه‌ك خۆیان باسی ده‌كه‌ن كاتێك له زیندان ئازاد ده‌كرێت و ویستوویه‌تی بگه‌ڕێته‌وه بۆ سابڵا‌غ له تاران ئه‌و هه‌واڵه دڵته‌زێنه‌ی پێده‌ده‌ن و ئه‌ویش له‌و میوانخانه‌ی كه لێی نیشته‌جێ بوو، ئه‌و هۆنراوه‌یه بۆ مه‌رگی ناواده‌ی ده‌سگیرانه‌كه‌ی ده‌هۆنێته‌وه.
عیسمه‌ت خانم قازی
ئه‌و شێعره له‌لایان هونه‌رمه‌ند محه‌ممه‌دی ماملێوه وه‌ك گۆرانی تۆمار ده‌كرێت و به‌و چه‌شنه له سه‌رانسۆی كوردستان ده‌نگ ده‌داته‌وه. هه‌م له‌به‌ر جوانه‌مه‌رگ بوونی كچی پێشه‌وا و هه‌میش له‌به‌ر ئه‌وه كه ده‌سگیرانی كچی پێشه‌وا ئه‌و شێعره‌ی بۆ هۆنیوه‌ته‌وه، گۆرانییه‌كه بیچمێكی ڕۆمانتیك و ئیحساسی به خۆیه‌وه ده‌گرێت و زیاتر ده‌كه‌وێته به‌ر سه‌رنجی خه‌ڵك.
دوكتور شیرازی له په‌ڕتووكی بیره‌وه‌رییه‌كانیدا به‌و چه‌شنه له‌سه‌ر ئه‌و شێعره ده‌نووسێت:
(ده‌قی ته‌واوی شێعر و گۆرانییه‌كه كه له ژووری میوانخانه‌كه درووستم كردبوو و خه‌ڵكی ئه‌و سه‌رده‌م، ڕۆژانه له سه‌رانسۆی كوردستان و له سه‌ر هه‌ر كێ‌و و له هه‌ر كۆڵانێك ده‌یانگوته‌وه ئاوا بوو:
زه‌مانه گوڵێكی دا‌و و لێی ستاندم
بۆنم پێوه نه‌كرد……………….)
لێره‌دا شتێك نامۆ ده‌نوێنێ. دوكتور شیرازی هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌وه نه‌كردووه كه چلۆن خه‌ڵكی ئه‌و سه‌رده‌م، ڕۆژانه و له سه‌رانسۆی كوردستان به‌و شێعره‌یان زانی؟ ئاخۆ شێعره‌كه باڵی هه‌بوو و به‌سه‌ر كوردستاندا هه‌ڵده‌فڕی؟! یان دوكتور شیرازی له دیوانی شێعره‌كه‌ی دا (كه نییه‌تی)چاپی كردووه و هه‌موو كه‌س خوێندوویه‌ته‌وه و فێری ببوون؟! یان بۆخۆی دهركبهدهركی كوردستان گه‌ڕاوه و ئه‌و شێعره‌ی بۆ خوێندوونه‌وه؟! یان ئه‌زموونی نووسین و سازكردنی گۆرانی هه‌بووه و خه‌ڵك لێی بێ‌ئاگا بوون؟!
ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌و باسه، با جارێ بیره‌وه‌رییه‌كی خۆم له زیندوویاد دوكتور شیرازیتان بۆ بگێڕمه‌وه.
من له هه‌موو ته‌مه‌نی خۆمدا یه‌ك جار توانیومه به خزمه‌ت خوالێخۆشبوو دوكتور شیرازی بگه‌م ئه‌ویش له ماڵی خۆمان بوو. گه‌ر هه‌ڵه‌م نه‌كردبێ له ساڵه‌كانی ١٩٨٩ یان ١٩٩٠ ڕۆژێكی بابم له ده‌ره‌وه ڕا ته‌له‌فۆنی بۆ ماڵێ كرد و گوتی نان ساز كه‌ن، بۆ شه‌وێ میوانم دێت. ئیتر جموجۆڵ له ماڵ په‌یدا بوو و شی‌و ساز كرا. لای زه‌رده‌په‌ڕ بابم ده‌گه‌ڵ پیاوێكی په‌یدا بوویه‌وه كه‌شخه و شۆخ، جل و به‌رگه‌كه‌ی بۆ سه‌رده‌می ئه‌وكاتی ئێمه و ته‌نانه‌ت بۆ ئێستاش له ئیڕانێكی مه‌زهه‌بی و دژ به ڕۆژئاوایی زۆر نامۆ بوو. كڕاواتی ملی و شه‌پكه‌ی سه‌ری كه “شاپۆ”ی ناو بوو، نه‌خش بوو لێی. زۆر پاك و ته‌میز بوو. ئه‌و كه‌سه دوكتور هاشم شیرازی بوو كه من تا ئه‌وكات نه‌مده‌زانی شاعیری شێعری “زه‌مانه”ـیه. بابم وه‌ك خده‌ی پێڕاهاتووی خۆی كه به‌بێ جیاوازی ڕێزی له هه‌موو میوانێكی ده‌گرت، ئاواش ڕێزی له دوكتور شیرازی گرت و میواندارییه‌كی كوردانه‌ی لێ كرد.
ئه‌م وێنه‌یه له زه‌ماوه‌ندی سه‌ید عه‌بدولعه‌زیز شه‌مزینی گیراوه. له ڕاسته‌وه: خوالێخۆشبووان محه‌ممه‌دی ماملێ، دوكتور شیرازی، شێخ فاروق گهیلانیزاده، حه‌سه‌نی ماملێ
یه‌ك له خزمه بایسییهكانمان ( فامیل سببی/ Cause Family ) كه ئه‌وكات ته‌مه‌نی ده‌وری ٤٠ ساڵ ده‌بوو، به هه‌ڵكه‌وت ئه‌و شه‌وه هاتبوو بۆ ماڵمان و شام لامان مایه‌وه. ئه‌ویش له دووره‌وه ناوی دوكتور شیرازی بیستبوو و وه‌ك من یه‌كه‌مجار بوو ده‌یبینی. كاتی نان خواردن هات. له ده‌وری كه‌وڵی نانی دانیشتین و ملمان له نانخواردن نا. دیسان به هه‌ڵكه‌وت ئه‌و خزمه‌مان له په‌نا دوكتور هاشمی شیرازی دانیشتبوو. كابرا كه‌مێك برسی بوو و به‌په‌له نانی ده‌خوارد. دوكتور شیرازیش زۆر به قهڕاعهت و به زاكوون. یه‌ك له چێشته‌كان خۆریشت بوو كه كه‌وچكی تایبه‌ت به خۆریشتهكه ده‌نێوی دا بوو تا كه‌س كه‌وچكی ده‌می له‌ناو خۆڕیشتهكه نههاوێتهوه و هه‌ر به كه‌وچكی خۆریشتهكه له قاپه‌كه‌ی خۆیانی بكه‌ن.
كابرای خزم له برسان هۆشی نه‌بوو هه‌ر به‌و كهوچكهی كه نانی پێ ده‌خوارد، ده خۆریشتهكهی نا تا كه‌مێك خۆریشت به برینجهكهی داكات. ده‌ستی ئێستاش له خۆریشتهكه دا بوو كه دوكتور شیرازی به ده‌نگێكی به‌رزتر له ئاسایی و به‌گرژی و به ڕژدی گوتی:
ئه‌وه چ ده‌كه‌ی؟
كابرا وه‌ك كێچی هه‌ڵبه‌زییه‌وه. به گووپی پڕ له چێشت و به كه‌وچكی ناو خۆریشت و به ملی نیو ده‌ور بادراوه‌وه چاوی له دوكتور شیرازی بڕی. حه‌په‌سابوو و نه ده‌یتوانی قسه بكات و نه ده‌یزانی چۆنی وه‌ڵام بداته‌وه! گێژ و وێژ ببوو. دیسان دوكتور شیرازی به هه‌مان ده‌نگی به‌رزتر له ئاسایی درێژه‌ی پێدا و گوتی:
بۆ كه‌وچكی ده‌مت دیسان ده‌و خۆریشتهی داوێیهوه؟ نازانی ئێمه‌ش له‌و خۆریشته ده‌خۆین؟ نازانی خۆریشتهكه پیس ده‌بێ؟ تۆ ته‌مه‌نت گه‌یوه‌ته ئه‌و ته‌مه‌نه كه‌چی، ئێستا نازانی نانی به خاوێنی بخۆی؟
كابرا ویشك ببوو. به گووپی پڕ له چێشته‌وه ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی بۆ گوترا كه بڵێ ببوره. باش بوو بابم زوو كه‌وته نێوانیان و خۆریشتهكهی لادا و گازی كرد: خۆریشتێكی دی بێنن. به‌هه‌ر حاڵ، نان خورا و كهوڵمان كۆ كرده‌وه و یه‌ك/دوو چا ههڵقووڕان و ئینجا دوكتور شیرازی سه‌ری قسانی كرده‌وه و گوتی:
ماملێ، بۆخۆت ده‌زانی من تازه له زیندانی كۆماری ئیسلامی ئازاد كراوم. له‌ناو زیندان زۆرم خه‌م له میلله‌ته‌كه‌م و له وڵاته‌كه‌م خواردووه كه بۆ ده‌بێ ئه‌و گه‌له ئاوای به‌سه‌ر بێ، به‌تایبه‌ت به‌ده‌ست ڕژێمی مه‌لایانه‌وه. من له‌ناو زیندان شێعرێكم داناوه سه‌باره‌ت به‌و وه‌زع و حاڵه كه بۆم هێناوی تا گۆرانی له‌سه‌ر دانێی و بیڵێی. بابیشم زۆری پێخۆش بوو. دوكتور شیرازی ده‌ستی كرد تا شێعره‌كه‌ی بۆ بابم بخوێنێته‌وه، بابیشم به ئیشتیا سه‌رنجی دابوو به شێعڕهكه.
به‌داخه‌وه ته‌نیا یه‌ك به‌یتم له‌و شێعره له‌بیر ماوه ئه‌ویش ئاوا بوو:
خه‌ڵكی دونیا چوونه سه‌ر كوره‌ی مانگێ
ئه‌تۆ ئێستاش له‌سه‌ر بانی ده‌ده‌ی بانگێ
ئێستا شێعره‌كه نیوه نه‌ببوو دیتم بابم ڕه‌نگی گۆڕا. ئه‌و كه كه‌سێكی باوه‌ڕمه‌ند وعێرفانی بوو و ئه‌ندامی هه‌یئه‌ت ئومه‌نای خانه‌قای شه‌مزینان و په‌ێڕه‌وی ته‌ریقه‌تی شه‌مزینان بوو، زوو خۆی كۆ و یه‌كلا كرده‌وه. ویستی به زمانێكی نه‌رم كه دوكتور دڵی نه‌هێشت خۆی له‌و شێعره لادات و گوتی:
دوكتور گیان به‌داخه‌وه من ناتوانم ئه‌وه بڵێم. ئه‌وه زۆر گشتگیر و تونده، بیر و باوه‌ڕی خه‌ڵك بریندار ده‌كات. تۆ هه‌وڵ بده ده‌ستێك به سه‌ر و یاڵی دابێنه و نه‌رم و نیانتری بكه‌یه‌وه.
فایده‌ی نه‌بوو. دوكتور زیاتر گه‌رم داده‌هات و داكۆكی له شێعره‌كه ده‌كرد. باببیشم بۆ ئه‌وه‌ی خۆی ده‌رباز كات و هه‌روه‌ها وا بكات كه دڵی دوكتور نه‌شكێ، شێعره‌كه‌ی لێوه‌رگرت و گوتی: با بزانم چێم ده‌گه‌ڵی پێده‌كرێ. ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم نه شێعر بوو به گۆرانی و نه كه‌س زانی چی به‌سه‌ر ئه‌و شێعره هات.
بابم به‌و چه‌شنه ئه‌و باسه‌ی ده‌گه‌ڵ دوكتور بڕانده‌وه و ئینجا ده‌ستیان كرد به كایكۆن بهباكردن. یادی ڕۆژانی كۆنیان ده‌كرد و بیره‌وه‌رییان به یاده‌وه‌ریه‌وه ده‌دووری. باس هاته سه‌ر گۆرانی زه‌مانه. دوكتور فه‌رمووی:
كاتی خۆی، له دوای كوده‌تای ٢٨ی جۆزه‌ردانی ساڵی ١٣٣٢ كه له زیندان بووم، جارجار ڕادیۆیان بۆ ههڵدهكردین و له‌سه‌ر بڵینگۆیان بڵاویان ده‌كرده‌وه و گوێمان ده‌دایه گۆرانییه‌كان. ئه‌و گۆرانییه (ناوی گۆرانیبێژه فارسهكهشی گوت به‌داخه‌وه له‌بیرم نه‌ماوه) كه داده‌ندرا به‌ده‌ست خۆم نه‌بوو ته‌م و خه‌مێكی زۆر دایده‌گرتم. دڵم ته‌نگ ده‌بوو. تا دواجار وای لێهات كه ئه‌و شێعره‌ی زهمانهشم دانا، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و هه‌وایه بوو كه دامنا.
شه‌و شه‌ق بوو و دوكتور ڕۆییشت و ئیتر بڕواناكه‌م ده‌گه‌ڵ بابم یه‌كتریان دیتبێته‌وه. ڕۆحیان شاد و یادیان پیرۆز بێت.
ئه‌م بیره‌وه‌رییه‌م له‌به‌ر دوو هۆكار گێڕایه‌وه. یه‌كیان به ڕوونی ده‌ریده‌خات كه دوكتور شیرازی شاره‌زایی له بواری ئافراندنی موزیك و گۆرانیدا نییه و شێعری بۆ ماملێ هێناوه تا محه‌ممه‌دی ماملێ بیكات به گۆرانی و دووهه‌میشیان ئه‌و ڕاستییه‌ی كه مێلۆدی گۆرانی ” زه‌مانه” به پێی گوته‌ی دوكتور شیرازی، به ڕه‌چه‌ڵه‌ك فارسی بووه و خۆی داینه‌ناوه.
بۆ زیاتر شی كردنه‌وی مژاره‌كه با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر باسه‌كه‌ی سه‌ره‌وه. له لاپه‌ڕه‌ی ١٨٧ی پهڕتووكهكهیاندا خوالێخۆشبوو دوكتور شیرازی ده‌فه‌رموێ كه هه‌م شێعره‌كه و هه‌م گۆرانییه‌كم له ژووری میوانخانه‌كه درووست كردووه. واته خۆی ده‌كات به خاوه‌ن، دانه‌ر و ئافرێنه‌ری مێلۆدیی گۆرانییه‌كه به‌ڵام، هه‌موو ئاماژه‌كان پێچه‌وانه‌كه‌ی پێشان ده‌دات. لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه نییه كه خوداینهخواسته تاوانێك بخه‌مه پاڵ ئه‌ستۆی دوكتور شیرازی، به پێچه‌وانه. من چوون خۆم شاهیدی ئه‌و قسه بووم كه دوكتور شیرازی له‌سه‌ر ئه‌و گۆرانییه گێڕایه‌وه و هه‌روه‌ها هه‌موو ئاماژه‌كان پێچه‌وانه‌كه‌ی پێشان ده‌دات، بۆیه نووسینی ئه‌و دێڕانه‌م به پێویست زانی تا له‌به‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی بچووك له بایخی په‌ڕتووكه‌كه‌ی ئه‌و خوالێخۆشبووه كه‌م نه‌بێته‌وه و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی تۆزی گومانی له‌سه‌ر نه‌نیشێت و هه‌روه‌ها ئه‌و ئاماژه‌یه‌ی كه خوازراو یان نه‌خوازراو نه‌یكردووه به هۆكاری ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵبه‌سته‌ی، ڕوون بێته‌وه.
دوكتور شیرازی له هه‌ڕه‌تی لاوێتیدا زیندانه‌كانی ڕژێمی پاشایه‌تی و له ته‌مه‌نی ٦٠ ساڵ به‌ولاوه زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی دیوه. ڕێك له‌و ساڵانه‌ی كۆتایی ژیانیدا كه ده‌گه‌ڵ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه به‌ربه‌ره‌كانی ده‌كات، به وزه و وره‌ی كاك “هاشم سه‌لیمی” بیره‌وه‌رییه‌كانی ده‌نووسێته‌وه كه به‌دڵنییاییه‌وه بێمه‌یل نه‌بووه كه بۆخۆی ئه‌وكاره بكات به‌ڵام، نه‌خۆشی و پیری كه‌له‌لای كردووه بۆیه، خۆی لێ بواردووه. گه‌ر كاك “هاشم سه‌لیمی” نه‌با ئه‌وه‌نده بیره‌وه‌رییانه‌ش كه به‌شێكن له مێژووی زاره‌كی (Oral History) گه‌له‌كه‌مان، بوونیان نه‌ده‌بوو. كه‌واته له دۆخێكی ئاوادا به دڵنیاییه‌وه نه‌ك زه‌ین و ئاوه‌زی دوكتور شیرازی بگره، هۆشی هیچ كه‌س وه‌ك پێویست هاوكار نابێت و باش ناتوانێ یاریده‌ده‌ری بێت تا ورده‌كاری ڕووداوه‌كان وه‌ك خۆی بێته‌وه بیر. ئێمه كه له‌چاو خوالێخۆشبوو دكتور شیرازی ته‌مه‌نێكی واشمان نییه، زۆر ڕووداو و بیره‌وه‌ری خۆمان له‌بیر چووه‌ته‌وه و زۆر جاران هاوڕێیان و نیزیكهكانمان سه‌ربورده‌ی خۆمان وه‌بیرمان دێننه‌وه. كه‌واته شتێكی ئاساییه كه مرۆڤه‌كان هه‌موو ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ی خۆیان به ته‌واوی نه‌یه‌ته‌وه بیر. له‌به‌ر هه‌ندێ مه‌به‌ستم له نووسینی ئه‌و دێڕانه، ته‌نیا ساغ كردنه‌وه‌ی مێژووی ئه‌و گۆرانییه‌یه نه‌ك شتێكی تر.
كاك خانه و كاك عه‌بدوڵای برام كه به هۆی ته‌مه‌نیان و نیزیكییهكی كه ده‌گه‌ڵ ماملێ هه‌یانبووه ئه‌زموونی باشیان له‌سه‌ر مێژووی گۆرانییه‌كانی ماملێ هه‌یه. به ڕای من ته‌نیا كه‌سانێكی خاوه‌ن ڕا و سهڵاحییهتن كه بتوانن له‌سه‌ر مێژووی گۆرانییه‌كانی كه باوكم گوتوونی نه‌زه‌ر بده‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێوه‌ندیم پێوه كردن و گه‌نگه‌شه‌ی ئه‌و گۆرانییه‌مان كرد و هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه كۆك بووین كه ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئه‌و گۆرانییه فارسییه. خۆیشم له زمانی دوكتور شیرازی بیستبووم كه ماكه‌كه‌ی فارسییه، ته‌نانه‌ت ماملێیش ده‌قی گۆرانییه فارسییه‌كه‌ی گوتووه‌ته‌وه:
دریغا حسرتا از زندگانی
نچیدی گل ز گلزار جوانی
به سد حسرت به زیر خاك رفتی
ندیدی تخت و بخت كامرانی
ای ندیدم وای ندیدم یاری جانم
خداحافڤ ز یار مهربانم
ئه‌وه‌ی ماملێ ده‌یڵێته‌وه شێعڕێكی ئاواردهیه له ده‌قی سه‌رچاوه ماكهكه كه به ڕه‌چه‌ڵه‌ك گۆرانییه‌كی ناوچه‌ی (پارێزگای فارس یان جهرم، شیراز و كازرون) له باشووری ئێرانه.
جهرمی جدید خواننده: صمد عقاب شێعر: محلی شیرازی ێهنگ: ایرج سلگانی
كۆنترین سه‌ره‌داوێكی كه ده‌ست ده‌كه‌وێ، ده‌نگی هونه‌رمه‌ندێكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره بووه كه له‌سه‌ر قه‌وان تۆماری كردووه به‌ناوی (صمد عقاب) كه له ئه‌سڵدا ناوی (صمد بردیده)ـیه. گۆرانییه‌كه‌ش ناوی (جهرمی)ـیه به پێی ئه‌و نووسینه‌ی له‌سه‌ر قه‌وانه‌كه نووسراوه، ئه‌و گۆرانییه هه‌واكه‌ی كه‌سێك دایناوه به نێوی (ئیره‌جی سوڵتانی/ایرج سلگانی) و شێعره‌كانی فۆلكلۆری كۆنی ئه‌و ناوچانه‌یه كه له بان باسم كرد.
به مه‌ودایه‌كی نه زۆر دوور، دیسان هونه‌رمه‌ندێكی تری ئه‌و ده‌ڤه‌ره به‌ناوی (كورس سرهنگزاده) ئه‌و گۆرانییه ده‌ڵێته‌وه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ڕه‌چه‌ڵه‌ك و قه‌واره‌ی مێلۆدییه‌كه‌ی پاراستووه به‌ڵام، هه‌ندێك ڕیتمی گۆرانییه‌كه شل كردۆته‌وه و به موزیكێكی ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌یڵێته‌وه و هه‌روه‌ها هۆنراوه‌كانی ده‌گۆڕێت، به‌و چه‌شنه ناوی گۆرانییه‌كه‌ش گۆڕانكاری به‌سه‌ر دادێت و ده‌بێته (رختخواب مرا مستانه بنداز).
له‌و ساڵانه‌ی دواییشدا خانمه هونه‌رمه‌ندی فارس “سیما بینا” كه خۆی سه‌رقاڵی زیندووكردنه‌وه و گوتنه‌وه‌ی گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كانی ئێران (كه ئێرانییه‌كان پێیده‌ڵێن “ێهنگهای محلی”) كردووه و ئه‌و گۆرانییه‌ی وه‌ك نمونه‌ی ماكه‌كه‌ی گوتۆته‌وه.
كه‌واته ئه‌م به‌ڵگانه‌ی بان قسه‌ی دوكتور شیرازی كه له ماڵی ماملێ گوتی، پشتڕاست ده‌كاته‌وه كه ئه‌و گۆرانییه به ڕه‌چه‌ڵه‌ك فارسییه تا ئه‌و وته‌یه‌ی له لاپه‌ڕه‌ی ١٧٨ ی پهڕتووكهكهیاندا نووسراوه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شمان بۆ ده‌رده‌خات كه ماملێ له‌سه‌ر داوای دوكتور شیرازی ئه‌و گۆرانییه‌ی گوتووه‌ته‌وه و به‌ڕێزیان هه‌م شێعر و هه‌م ئاهه‌نگه فارسییه‌كی پێشنیار كردووه، ڕێك وه‌ك ئه‌و نهقڵهی له بان بۆم گێڕانه‌وه كه شێعری بۆ ماملێ هێناوه تا بیكات به گۆرانی. با له بیرهوهرییهكانیشی دا باسی نه‌كات به‌ڵام، پێشی ڕۆژ به سهڕهد ناگیرێ.
سپاس بۆ ئه‌و كاته‌ی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته داتاننا.
سه‌رچاوه و ژێده‌ره‌كان:
په‌ڕتووكی “خاگرات دكتر هاشم شیرازی ” نووسینی هاشم شیرازی – به كوشش هاشم سلیمی – چاپ اول – سال ١٣٨٠ – لاپه‌ڕه‌ی 43
سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌وه لاپه‌ڕه‌ی ٤٢
سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌وه لاپه‌ڕه‌ی ٤٣ هه‌روه‌ها ئه‌و به‌شه‌م بۆیه نووسی چوون ناسناوی ماملێش به هه‌مان شێوه و به ڕه‌مه‌كی له‌لایان كارمه‌ندانی ئیداره‌ی (پبت احوال – احصائیه) ناسناوی (مامعه‌لی)ـیان كردووه به (ماملێ)
سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌وه لاپه‌ڕه‌ی ١٣٧
شێعری گۆرانی زه‌مانه كه ماملێ ده‌یخوێنێ كه‌مێك جیاوازه ده‌گه‌ڵ ئه‌و شێعره‌ی كه دوكتور شیرازی چاپی كردووه كه له‌وانه‌یه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گۆرانییه‌كه ده‌ست بدات و ڕه‌وان بێته سه‌ر زاران كه ئه‌و دیارده‌یه باوه و زۆر شێعره هه‌یه ناكه‌وێته قالبی گۆرانی مه‌گین ورده ده‌ستكارییه‌كی بكه‌ی. ماملێ ئاوای ده‌ڵێ:
زه‌مانه گوڵێكی دامێ لێی ستاندم
بۆنم پێوه نه‌كرد لێی هه‌ڵپساندم
ڕیشه‌ی جه‌رگ و دڵم بوو ئه‌و گوڵه‌ی من
فه‌له‌ك زۆر بێوه‌فا بوو لێی ستاندم
ئای گوڵه‌كه‌م وای گوڵه‌كه‌م بۆنخۆشهكهم
پاشی باڵای تۆ دڵ به كێ خۆش كه‌م
غه‌ریب ماوم له تارانێ بۆ وات كرد
ئه‌سیر مابووم له زیندانێ بۆ وات كرد
له‌به‌ر خاتری خۆشه‌ویستیت بۆ وات كرد
له‌به‌ر تاقه براكه‌ی خۆت بۆ وات كرد
ئای بۆ وات كرد، وای بۆ وات كرد، ئاخ بۆ وات كرد
به ده‌ستی خۆت ماڵه من و خۆت خرا كرد
مه‌كه‌ن مه‌نعی دوو چاوی پڕ له ئاوم
به ده‌ستی قه‌وم و خوێش من دڵشكاوم
له دنیادا به مه‌رگت تاكوو ماوم
كزه‌ی دێ له دڵ و جه‌رگ و هه‌ناوم
ئای غه‌ریبم وای غه‌ریبم گیان غه‌ریبم
سووتا جه‌رگم له ده‌ستم چوو حه‌بیبم
شایی و شینم تێكه‌ڵ بوو ئه‌ی گوڵی من
به‌هاره په‌ڕپه‌ڕه ژاكا گوڵی من
سهبهبكارت زه‌لیل و قوڕبه‌سه‌ر بێ
شه‌و و ڕۆژ خواردنی خوێنی جگه‌ر بێ
ئای غه‌ریبم وای غه‌ریبم گیان غه‌ریبم
سووتا جه‌رگم له ده‌ستم چوو حه‌بیبم
په‌ڕتووكی “خاگرات دكتر هاشم شیرازی ” نووسینی هاشم شیرازی – به كوشش هاشم سلیمی – چاپ اول – سال ١٣٨٠ – لاپه‌ڕه‌ی ١٧٣
گۆرانی زه‌مانه به ده‌نگی محه‌ممه‌د ماملێ
ZEMANE(زه‌مانه)
په‌ڕتووكی “خاگرات دكتر هاشم شیرازی ” نووسینی هاشم شیرازی – به كوشش هاشم سلیمی – چاپ اول – سال ١٣٨٠ – لاپه‌ڕه‌ی ١٧٨
ده‌قی گۆرانی زه‌مانه به فارسی كه ماملێ ده‌یڵێته‌وه:
ZEMANE(زه‌مانه)
صمد عقاب زیاتر بناسه
https://bit.ly/35NsUuH
www.ir-music.ir/784/784
لینكی گۆرانی (جهرمی) به ده‌نگی (صمد عقاب یا بردیده)
https://bit.ly/2yF9AUn
كورس سرهنگزاده زیاتر بناسه
https://bit.ly/2yFcPv1
لینكی گۆرانی (رختخواب مرا مستانه بنداز) به ده‌نگی (كورس سرهنگزاده)
https://youtu.be/BXpbf5fH0Co
https://bit.ly/2SMxx31 لینكی گۆرانی (جهرمی) به ده‌نگی (سیما بینا)
https://youtu.be/k8jgJZJVk6g
ژێده‌ر/ مه‌ڵبه‌ندي هونه‌ری ماملێ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.