بەهۆی پابه‌ند نه‌بون به مه‌رجه‌كانی كاركردن و فرۆشتنی گۆشتی بێمۆر، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی دوكانێكی گۆشتفرۆشتن دادەخات و خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکاری یاسایی توند دەکاته‌وه.
فریاد عوسمان، سەرۆکی لیژنەی چواری قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: بەهۆی پابه‌ند نه‌بونی به مه‌رج و رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری و هه‌بونی گۆشتی بێمۆر و قیمه‌ی ئاماده‌كراو، لیژنه‌كه دوکانی گۆشتفرۆشی نه‌ورۆز لە گەڕەکی تاڤگه‌ی شاری سلێمانی دادەخات.
وتیشی: ئه‌و گۆشته‌ی له دوكانه‌كانی گۆشتفرۆشتن بەهاوڵاتیانی ده‌فرۆشن، پێشتر لەلایەن ڤێتێرنەری سلێمانییەوە پشکنین بۆ ئاژه‌ڵه‌كه و دواتر بۆ گۆشته‌كه ئەنجام ده‌درێت و له دوای دڵنیابونه‌وه نەبونی زیان بۆ سەر تەندوستی هاوڵاتیان گۆشته‌كه مۆر ده‌كرێت و ده‌خرێته بازاڕه‌وه، به‌ڵام له دوكانی گۆشتفرۆشی نه‌ورۆز گۆشتی بێمۆر به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا ساغكراوه‌ته‌وه كه پشكنینی بۆ نه‌كراوه.
هه‌روه‌ها، لیژنه‌كه ده‌ستی به‌سه‌ر (24) كیلۆگرام قیمه‌دا گرتوه، به‌پێی رێنماییه‌كان نابێت دوكانی گۆشتفرۆشه‌كان پێشتر قیمه ئاماده‌بكه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوه‌ندێكی باشه بۆ گه‌شه‌ی به‌كتریا و زو خراپبونی.
مۆڵەت، بنەمای کارکردنە بۆ ھەر پیشەیەک کەلەشوێنێکدا ئەنجام دەدرێت، بۆیە پێویستە ئەو شوێنەی پیشەیەکی دیاریکراوی تێدا ئەنجام دەدرێت مۆڵەتی لەلایەنە پەیوەندیدارەکان وەرگرتبێت، پاشان دەتوانێت کاری تێدا بکات، به‌ڵام گۆشتفرۆشی نه‌ورۆز مۆڵه‌تی كاركردنی نییه.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی دوکانی گۆشتفرۆشی نه‌ورۆز دادەخرێت و ئه‌و بڕه گۆشتەی له‌شوێنه‌كه‌یدا ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه رەوانەی ڤێتێرنەری دەکرێت بۆ لەناوبردن هه‌روه‌ها خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکاری یاسایی توند دەکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.