Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 07:21

سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان زه‌نگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا

کوردستان TV
100%

مه‌سرور بارزانی ، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ زه‌نگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا.

دواتر سه‌رۆكی حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان له‌ وتارێكدا رایگه‌یاند: خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مڕۆ زه‌نگی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی خوێندن لێده‌ده‌ین.

هه‌روه‌ها گوتی: راسته‌ خوێندن پڕۆسه‌یه‌كه‌ بۆ فێربوون، به‌ڵام له‌ ھه‌مانكاتدا قۆناغێكه‌ بۆ ھه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تی، قوتابی بۆ ئه‌وه‌ ده‌خوێنن، تا ببن به‌ ئه‌ندامێكی كاریگه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ و فێری زانست بن، بۆ ئه‌وه‌ی وڵات به‌ره‌وپێش به‌رن.

11223344

ئه‌مه‌ش دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانه‌ ..

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان..

قوتابیانی خۆشەویست مامۆستایانی بەڕێز..

خۆشحاڵم خۆم بە بەختەوەر دەزانم، ئەم دەرفەتە رێگەی پێدام بێم لە خزمەتی ئێوە بۆ ئەوەی زەنگی ساڵی نوێ لێبدەین خوێندن بۆ ئەمساڵ دەستپێبکات بە تایبەتی بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی و دواتریش پۆلی یەک و دووی بنەڕەتی. لێرەوە جێی خۆیەتی سوپاسی بەڕێز جەنابی وەزیر بکەم بۆ ماندوبوون و خەمخۆری و ئەو میکانزم و بەرنامانەی کە ئامادەیان کردووە، کە لەم قۆناخە نائاساییەدا لەبەر بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هاتنی ئەم پەتایە کە هەموو شتێکی پەکخستووە. دۆخی خوێندنیش بێگومان بەدەر نەبووەو کاریگەری خراپی کردووەتە سەر دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی. لەبەر ئەوەش بۆ خۆپاراستنی ئێوە بۆ پاراستن و سەلامەتی گیانی ئێوە و مامۆستا بەڕێزەکانتان بڕیاری ئەوەدراوە دواتر بۆ قۆناخەکانی دیکەی خوێندن بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی میکانزمێک دابنرێت کە خوێندن بەو شێوەیە بەردەوامبێت. هەروەها سوپاسی جەنابی پارێزگاریش دەکەین بۆ ئەوەی بەهەموو شێوەیەک لە خزمەتی ئێوەدان بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە لەگەڵ هەموو وەزارەتەکانی دیکە هەموو حکومەت ئەوەی پێمان بکرێت بۆ کەمکردنەوەی ئاسەواری ئەو قەیرانانە بەردەوامبین لە ژیان، سەبارەت بە ئێوەش مەسەلەی کەرتی خوێندن پشتیوان بە خودا بتوانین بە سەرکەوتوویی لەو قۆناخەش دەربازی بکەین، پشتیوان بە خودا ئەو دۆخ و قەیرانانە بە کۆتا بێن و دۆخێکی باشتر بێتە پێشەوە. هەروەها جێی خۆیەتی سوپاسێکی گەرمی هەموو مامۆستا بەڕێزەکان بکەم کە بەردەوامن لە خزمەتکردنی وڵاتەکەیان، بە فێرکردنی قوتابییە خوشەویستەکان بە وانەکان. قوتابیانی خۆشەویست.. هەروەک دەزانن خوێندن قۆناخێکە بۆ فێربوون، بەڵام هەروەها قۆناخێکیشە بۆ هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی، ئێوە دێن بۆ ئەوەی چەندین ساڵ بخوێنن تاوەکو ببن بە ئەندامێکی کاریگەر بۆ کۆمەڵگەکەتان، بۆ ئەوەی فێری زانست بن تاوەکو وڵاتەکەتان بەرەو پێشەوە ببەن، خوێندن تەنیا خوێندنەوەی کتاب و وانە نییە، بەڵکو ئامادەکردنە بۆ ژیان. ئێوە لە سەرەتای ژیانی خۆتاندا بێگومان هەست بەوە دەکەن کە تاوەکو چەند بەرپرسیاربن بەرامبەر بە تەحەدیات و ئەو کێشەو گرفتانەی رۆژانە دێتە بەردەمتان تاوەکو ئامادەبن ئەوەندە دەتوانن سەرکەوتووش بن. من دڵنیام زۆر لە ئێوە ژیانی بندەستیتان نەدیوە، بەڵام دەبێت قەدری ئەوە بزانن کە ئەم وڵاتە، ئەم هەرێمە بەو شێوەیەی کە ئێستا دەیبینین بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیەکی زۆرە، زۆر لە کەسوکاری ئێوە لەوانەیە لە پێناو رزگارکردنی وڵاتەکەمان و گەیشتنی ئەم هەرێمە بەم قۆناخە خەباتێکی زۆریان کردووە و قوربانی زۆریانداوە، پێویستە قەدری ئەمە بزانین پێویستە بزانین کە ئازادی ئەم وڵاتە بەرهەمی رەنج و خەباتی خەڵکێکی پێش ئێمە بووە. ئەرکی سەر شانی ئێوەو هەموومانە پارێزگاری لەو بەرهەمە بکەین، داواشتان لێدەکەم رێگە نەدەن هیچ کەس و هیچ شتێک وڵاتەکەتان و مێژووە پڕ سەروەرییەکەتان لەبەرچاوی ئێوە ناشرین بکات. ئەرکی ئێوەیە پارێزەری ئەو دەستکەوتانە بن، ئەرکی ئێوەیە خۆتان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی کوردستان بەرەو قۆناخێکی دیکەی ئاوەدانی ببەن. دوای ئەو قۆناخە بێگومان زۆرتان دەچن بۆ زانکۆکان و دەبن بە پزیشک، ئەندازیار، پارێزەر، مامۆستا، هونەرمەند یاخود هەر پیشەیەکی دیکە یان هەر شتێکی دیکە کە ئێوە ئاواتی بۆ دەخوازن. ئومێدەوارم بەو ئاواتانەشتان بگەن. بەڵام دەبێت ئەوە بزانن کە لەسەرەتای دەستپێکردنی ژیانی خۆتان پێویستە پێش هەموو شتێک بەرپرسیاربن ئامادەشبن هەروەکو لەسەرتاش باسمکرد رووبەڕووی ئەو تەحەدیاتانە ببنەوە، یەکێک لەو تەحەدیاتانەی کە ئێستا ئێمە رووبەڕووی بووینەتەوە، بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایە. پێویستە ئێوە پێش هەموو کەسێک بۆ سەلامەتی و تەندروستی خۆتان و مامۆستا بەڕێزەکانتان خۆتان بپارێزن، بۆ ئەوەی هەم خۆتان تەندروست بن هەم بتوانن بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە درێژە بە خوێندنیشتان بدەن. هیوادارم هەمووتان سەرکەوتووبن و دڵنیاشبن، ئەوەی ئێمە لە حکومەتەوە پێمان بکرێت دەیکەین. بەرنامەی زۆرمان هەبووە بۆ پێشخستنی کەرتی خوێندن، هەروەکو هەموو کەرتەکانی دیکە، بەڵام هەرسهێنانی باری ئابووری لە جیهان کاریگەری لەسەر هەرێمیش هەبووە، بەڵام ئێمەی نەوەستاندووە و بەردەوام دەبین بەپێی ئیمکانیات ئەوەی لەبەر دەستی ئێمەیە بەردەوام دەبین لە دروستکردن و بەجێگەیاندنی ئەو پرۆژانەی کە لە کابینەکەدا بەڵێنمانداوە یەکێکیش لەو بەڵێنانە ئەوەیە کە پەرە بە کەرتی خوێندن بدەین. من دیسان سوپاسی جەنابی وەزیر و هەموو مامۆستا بەڕێزەکان دەکەم، سوپاسی ئێوەی خۆشەویستیش دەکەم کە ئامادەبوون بۆ ئەوەی پێشوازیمان لێبکەن، زۆر خۆشحاڵم هیوادارم هەمووتان سەرکەوتووبن و تەندروستبن.

زۆر سوپاس .

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.