Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 07:59

ئه‌مریکا: رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د هۆکاری دابه‌زینی به‌های لیره‌ی سوورییه‌

بڕه‌ پاره‌یه‌ك وه‌ك یارمه‌تی دارایی بۆ سوورییه‌كان ته‌رخان ده‌كرێت
کوردستان TV
100%

جێمس جێفری، نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری سووریا، سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای قه‌یسه‌ر له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئه‌مریكاوه‌ رایگه‌یاند كه‌ ئامانج له‌ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌، رووخاندنی ئابووری سووریا نییه‌.

جێمس جێفری له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ پانێڵێك كه‌ له‌لایه‌ن په‌یمانگای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ واشنتۆن سازكرا سه‌باره‌ت به‌ یاسای قه‌یسه‌ر دوا.

له‌مباره‌یه‌وه‌ نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری سووریا، جێمس جێفری جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ یاسای قه‌یسه‌ر وه‌ك هاوسه‌نگیه‌ك له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا ده‌ركراوه‌، چونكه‌ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ ئه‌رێنی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سووریا نه‌كردووه‌.

جێمس جێفری باسی له‌وه‌یش كرد كه‌ واشنتۆن هه‌وڵی رووخاندنی ئابووری سووریا نادات وه‌ك رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات و گوتی: "رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د هۆكاری دابه‌زینی به‌های لیره‌ی سوورییه‌، هه‌رچی هه‌وڵ و توانای هه‌یه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ خستوویه‌تیه‌گه‌ڕ".

گوتیشی: "واشنتۆن له‌ كۆنگره‌ی به‌هاناچوونی مرۆیی كه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتیی ئه‌ورووپاوه‌ ساز ده‌كرێت، بڕه‌ پاره‌یه‌ك وه‌ك یارمه‌تی دارایی بۆ سوورییه‌كان ته‌رخان ده‌كات".

یاسای "قه‌یسه‌ر" له‌ 17ی ئه‌م مانگه‌دا چووه‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ كه‌ له‌ میانیدا، واشنتۆن سزای توندی به‌سه‌ر 39 كه‌س و قه‌واره‌ به‌هۆی پاڵپشتكردنیان له‌ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د-دا سه‌پاند.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاشكرای كردبوو سزا نوێیه‌كان، رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د و هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ به‌ ئه‌ندازیاری نه‌هامه‌تییه‌كانی گه‌لی سووریا وه‌سفی كردبوون.

به‌پێی یاسای قه‌یسه‌ر، هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د-دا بكات ئه‌وا له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئه‌مریكا سزای دارایی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت.

 

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.