سبه‌ی دووشه‌مه 17/2/2020 زانكۆی جیهان ، مه‌راسیمی رێز لێنان بۆ شاعیری ناوداری كورد "مه‌دحه‌ت بێخه‌و "سازده‌كات.
شاعیری گه‌وره‌ی كورد (مه‌دحه‌ت بێخه‌و) له‌ساڵی 1934 له‌شاری مه‌خموور له‌دایكبووه، دواتر بۆ ماوه‌یه‌كیش له‌شاره‌دێی دیبه‌گه ژیاوه‌و ئێستاش له‌شاری هه‌ولێر نیشته‌جێیه، خاوه‌نی شه‌ش به‌رهه‌می شیعرییه، یه‌كێكه له‌و شاعیرانه‌ی كه ساڵانێكی زۆر خزمه‌تی به‌بواری شیعری منداڵان و ئۆپه‌رێتی قوتابخانه‌كان كردووه، خاوه‌نی چه‌ندین سروودی به پێزه .
خاوه‌نی چه‌ندین شیعری به‌پێزه چه‌ندین له شعیرهكانی كراون به سروود وه‌كو (پێشمه‌رگه) كه‌له ساڵی 1959 داناوه وه له‌ساڵی 1961بۆ رادیۆی ده‌نگی كوردستان تۆماركرا بووبه مارشی رادیۆ.
سبه‌ی له زانكۆی جیهان كاتژمێر (1)ی نیوه‌ڕۆ له هۆڵی زانكۆ (VlP) رێوره‌سمی رێزلێنانی بۆ ساز ده‌كرێت.
هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م. .
خۆشترین یاد بدۆزمه‌وه
شیرنترین سات و دیمه‌ن
به‌بیری خۆم بهێنمه‌وه
به‌ڵام نه‌بوه‌و نابێ هه‌رگیز
وه‌ك گونده‌كه‌ی سرووش و بیر
وه‌ك (دیبه‌گه) ی جوان و ئازیز (1)
گهرگۆی زه‌وی سه‌راو ژێركهم
وه‌كو گه‌ریده‌ی جیهانی
چاو به‌كام شوێن جوانه تێركهم
هه‌ر دڵی شه‌یدام بۆ ئه‌وێ
بۆ چاوگه‌كه‌ی به‌هره‌ی شیعرم
له‌خورپه‌ی یادی ناكه‌وێ
چۆن ساتێك له‌بیرم ئه‌چێ
به‌هاره‌كه‌ی ئه‌فسووناوی
روانگه‌ی لووتكه‌ی زوورگه‌زراوی
مێرگ و گوڵای شادیمهن
گاگرۆ و حاجیله‌و كنێرو
هێرۆی ره‌سه‌ن
سروه‌ی گوڵاوی رووی گوڵشه‌ن
مێگه‌لی كار‌و به‌رخۆڵه‌ی
ناو میر خوزار
سۆزی شمشاڵی شوان و
بالۆره‌ی كیژۆڵه‌ی نازدار
ئاوازی بلبلی شه‌یدا
سروه‌ی فێنك
هه‌ستی ناسك
كام نیگاركێش
كام ئه‌ندێشه‌و قه‌له‌م و بیر
په‌ی ئه‌با به‌وێنه‌ی دڵگیر
لهههینیانی به‌هاردا
ئێمه‌ی مناڵ
رێك ئه‌كه‌وتین ته‌باو خۆشحاڵ
كه‌رسته‌ی سه‌یرانمان ئه‌برد
بۆ (هه‌نجیرۆك) و (حهوشوران) (2)
بۆ (كانیه‌كه‌ی حه‌سه‌ن ئاغا) (3)
شوێنی سه‌یران
بۆ سه‌ر (زوورگه‌زراو) و (تاقان) (4) (5)
بۆ (كاریتان) (6)
ئه‌كه‌وتینه جوولهو یاری
به‌خوێن گه‌رمی هه‌رزه‌كاری
ساتێ سێباز
كاتی غاردان
كێل كێلانێ و نیشان شكانی
كاتێ گوڵ و كرووك جنین
كاتێ به‌دوای (پیفوك) گه‌ڕان (7)
خاوه‌ن (هیر) یش ئهیدۆزیهوه (8)
لهوهرد و نه‌رمان (دۆمبه‌ران)
له‌م سروشته به‌هاداره
له‌م ده‌شت و دۆڵ و نیگاره
به‌گۆرانی و یاری و بازدان
رامان ئه‌بوارد تائێواره
لههاوینیش له‌تاو هه‌تاو
ئه‌چوین بۆ گۆمی (عه‌مباراو) (9)
ئه‌مانه‌و گه‌لێ یادیتر
بۆ خۆشه‌ویستی گونده‌كه‌م
له‌ناو سینه‌م بوونه په‌نگر
به‌ڵام له‌هه‌موویان پتر
ئه‌م وێنانه‌ی منیان هه‌ژاند
هه‌ست و بههرهمیان ورووژاند
ره‌نجه‌رۆیی ره‌نجبه‌ران بوو
به‌ده‌یان سوغرهو بێكارو
بیستی چواری سه‌رخه‌رمان بوو
ره‌نگی زه‌ردی مناڵان و
پاڵه‌و جوتیارو سه‌پان بوو
دیمه‌نی پڕ مه‌رگه‌ساتی
كوێره‌وه‌ری هه‌ژاران بوو
خه‌می په‌ڵه‌و بێ‌بارانی و
قاتی و قڕی دهغلو دان بوو
بۆیێ تاماوم بۆ ئه‌وێ
تاسه‌و سۆزم بۆی ناسره‌وی
بۆیێ هه‌رده‌م دڵی شه‌یدام
له‌خورپه‌ی یادی ناكه‌وی
(1) دیبه‌گه: واته شارۆچكوه دیبه‌گه كه‌ناوه‌ندی ناحیه‌ی كهندێناوهیه سه‌ر به‌پارێزگای هه‌ولێره.
(2) هه‌نجیرۆك و حهوشۆران: ناوی دوو شوێنی سه‌یران بوون.
(3) كانی حه‌سه‌ن ئاغا: كه‌وتۆته باكووری دیبه‌گه شوێن سه‌یران بوو.
(4) (5) زوورگه‌زراو و تاقان: دوو زنجیره زوورگن شوێنی سه‌یران بوون.
(6) كاریتان: گوندێكه له‌ته‌ك دیبه‌گه، شینایی و ناعوورو دیمه‌نی جوانی هه‌بوو.
(7) پیفۆك: جۆره رووه‌كێكه ده‌خوری.
(8) هیر: به‌خت – گالع
(9) عه‌مباراو: له‌ناو تاقان گومه ئاوێكی باران بوو، هاوینان ئێمه‌ی مناڵ له‌وێ مه‌له‌وانیمان ده‌كرد.
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.