Erbil 6°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 10:45

ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مریکا دوو بڕیارى سزادان له‌ دژى تورکیا په‌سه‌ند ده‌کات

به‌ ده‌نگى 403 ئه‌ندام له‌ به‌رامبه‌ر ده‌نگى 16 ئه‌ندام
ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مریكا
کوردستان TV
100%

به‌پێى هه‌واڵێكى بلومبێرگ، ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مریكا دوێنێ سێشه‌ممه‌ 29ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019، به‌ ده‌نگى 403 ئه‌ندام له‌ به‌رامبه‌ر ده‌نگى 16 ئه‌ندام بڕیارى سزادانى توركیا له‌سه‌ر له‌شكركێشییه‌كه‌ى بۆ سه‌ر باكوورى سوریا په‌سه‌ند كرد. 

ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مریكا هۆشدارى ئه‌وه‌شیان داوه‌ له‌ باره‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌ى ئیداره‌ى تره‌مپ له‌گه‌ڵ توركیا كه‌ مه‌رج نییه‌ هاوپه‌یمانى ناتۆ له‌ سزاى ئابوورى رزگار بكات له‌سه‌ر ئه‌و له‌شكركێشییه‌ى بۆ سه‌ر سوریا ئه‌نجامى دا.

له‌ بڕیاره‌كه‌دا داوا كراوه‌، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا سزا به‌سه‌ر توركیا و به‌رپرسه‌ باڵاكانیدا بسه‌پێنێت، پڕۆژه‌ بڕیاره‌كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ نوێنه‌رانى دیموكراته‌كانه‌وه‌ پێشكه‌ش كرا، به‌ڵام زۆرینه‌ى كۆمارییه‌كانیش ده‌نگیان بۆدا. 

به‌پێى بڕیاره‌كه‌ ده‌بێت دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا سه‌روه‌ت و سامانى كاربه‌ده‌ستانى تورك ڕابگرێت و ئه‌و كاربه‌ده‌ستانه‌ سڕبكات كه‌ ده‌ستیان له‌ له‌شكركێشییه‌كه‌ى سه‌ر باكوورى سوریا و راگرتنى پێدانى ڤیزه‌ به‌ كاربه‌ده‌ستانى تورك له‌نێویاندا وه‌زیرى به‌رگرى، هه‌روه‌ها سزادانى بانكى توركیا كه‌ به‌ هاڵك بانك ناسراوه‌ و سزادانى هه‌ر ده‌زگایه‌كى دیكه‌ى دارایى توركیا بدرێت كه‌ كارئاسانى كردووه‌ بۆ هێزه‌ چه‌كدارییه‌كانى توركیا له‌ په‌یوه‌ست به‌ له‌شكركێشییه‌كه‌. 

له‌ نێو پرۆژه‌ بڕیاره‌كه‌دا سزاى یاسایى (CAATSA) به‌سه‌ر توركیا بسه‌پێنرێت له‌لایه‌ن سه‌رۆكى ئه‌مریكاوه‌. 

یاساى (CAATSA)، واته‌ یاساى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دوژمنانى ئه‌مریكا له‌ رێگه‌ى سه‌پاندنى سزاكانه‌وه‌، له‌ ساڵى 2017ـه‌وه‌ كارى پێده‌كرێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ریه‌ك له‌ ئێران و روسیا و كۆریاى باكوور.

بڕیاره‌كه‌ داواده‌كات، دوو ڕاپۆرت ئاماده‌بكرێن، یه‌كێكیان له‌باره‌ى كاریگه‌رى ئه‌و له‌شكركێشییه‌ى توركیا به‌سه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئه‌مریكا، راپۆرتى دووه‌م ده‌رباره‌ى سه‌روه‌ت و سامانى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا و خێزانه‌كه‌ى.

ئامانج له‌ بڕیاره‌كه‌، ناچاركردنى توركیایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كۆتایى به‌و هێرشه‌ى بهێنێت، كه‌ له‌ دژى هێزه‌ كوردییه‌كانى باكوورى خۆرهه‌ڵاتى سوریا ده‌سیپێكردووه‌.

هاوكات ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مریكا له‌باره‌ى جینۆسایدى ئه‌رمه‌نییه‌كان له‌لایه‌ن عوسمانیه‌كانه‌وه‌ بڕیارێكى به‌ ده‌نگى 405 به‌رامبه‌ر 11 په‌سه‌ندكرد، كه‌ له‌ نێوان ساڵانى 1915-1923 له‌لایه‌ن ئیمپرِاتۆریه‌تى عوسمانى 1.5 ملیۆن ئه‌رمه‌ن جینۆساید كران و ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مریكا كۆمه‌ڵكوژى ئه‌رمه‌نییه‌كانى له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه‌ به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ به‌ جینۆساید پێناسه‌ى كرد. 

له‌ ئێستاشدا پێویسته‌ ئه‌نجوومه‌نى سیناتى ئه‌مریكا دوو بڕیارى هاوشێوه‌ په‌سه‌ندبكات تاوه‌كو سه‌رۆكى ئه‌مریكا جێبه‌جێیان بكات. 


ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان/ سیروان عه‌زیز  

تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.