Erbil 8°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 23:37

شانۆی بێ شانۆ

له‌ئێستادا ده‌رگای سه‌رجه‌م تیپه‌ شانۆییه‌كان داخراون
کوردستان TV
100%

وه‌كو ئاشكرایه‌ نمایشی شانۆیی له‌ سه‌رشانۆ پێشكه‌ش ده‌كرێت ، هۆڵی شانۆ یه‌كێكه‌ له‌ ره‌گه‌زه‌ گرنگه‌كانی نمایشی شانۆیی ،له‌دوای راپه‌رین له‌ شاری هه‌ولێر ساڵ له‌دوای ساڵ چه‌ندین باڵه‌خانه‌و ته‌لاری قه‌شه‌نگ دروست كراون كه‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هه‌وردا ده‌كه‌ن، كه‌چی هۆڵه‌كانی شانۆ ساڵ له‌دوای ساڵ توشی قه‌یران هاتن و له‌ناو چون.

باشترین هۆڵی شانۆیی له‌شاری هه‌ولێر هۆڵی گه‌ل بوو كه‌ ده‌كرا به‌جوانترین شێوه‌ نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌ كه‌چی روخاندیان تاكو ئه‌مرۆش نه‌یانتوانی له‌ شوێنی ئه‌و شانۆیه‌ك دروست بكه‌نه‌وه‌ ،له‌دوای ئه‌و هۆڵی رۆشنبیری هه‌بوو له‌ شیاو بو بۆ نمایشی شانۆیی له‌ئێستادا گوایه‌ نۆژه‌ن كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ چی یه‌ك په‌رده‌ی شانۆیی تیانه‌ماوه‌ هێله‌كانی روناكیان لابردوه‌و سه‌ قفی سانه‌ویان لێ داوه‌ ،ئاخۆ له‌كام شوێنی دنیادا شتی وا رودادات ، چۆن ده‌بێت نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ی هۆلی شانۆ بدرێت به‌ مقاولێك كه‌ نه‌زانێت هۆڵی شانۆ مانای چیه‌ ،ئه‌ی ئه‌و هه‌موو به‌رپرس و راوێژكارو شاره‌زایانه‌ی ناو وه‌زاره‌تی رۆشنبیری بۆ نوقه‌یان لێوه‌ نه‌هات ،ئێستاكه‌ ئه‌گه‌رخودی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ئاهه‌نگێكیان هه‌بێت ده‌بێت بچن له‌بازار سێتی روناكی به‌كرێ بهێنن و هه‌موو جارێك پاره‌یه‌كی باش سه‌رف بكه‌ن .هۆڵی میدیا هه‌یه‌ له‌ناو جه‌رگه‌ی شاره‌ كاتی خۆی بۆ كۆرو كۆبونه‌وه‌ دروست كراوه‌ ،به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆشانۆ ده‌ست نادات ،هه‌روه‌ها هۆڵی پێشه‌وایان دروست كرد پرسیان به‌ كه‌سانی پسپۆر نه‌كرد ته‌خته‌ی شانۆكه‌ی قولایی نیه‌ ئه‌ویش بۆشانۆ ده‌ست نادات .شانۆ بۆ بینه‌ره‌ له‌روی كۆمه‌ڵناسی و سایكۆلۆژیه‌وه‌ له‌هه‌ر هۆڵێكی شانۆیی پێویسته‌ ئامرازه‌كانی ساردی و گه‌رمی به‌باشترین ته‌كنیكی سه‌رده‌میانه‌ دابین بكرێت ، هه‌ربۆیه‌ شانۆكاران پێویسته‌ هه‌ڵوێستیان هه‌بێت با به‌رهه‌مه‌ شانۆییه‌كانیان بوه‌ستێنن تائه‌و كاته‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان خه‌مێكی جددی لێ بخۆن ،ناكرێت ماڵت نه‌بێت و میوانداری بكه‌یت ،ناكرێت له‌ هۆڵی نه‌شیاو شانۆ پێشكه‌ش بكرێت چونكه‌ له‌ به‌های نمایشه‌كه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌ ،له‌سه‌ر ئه‌و قه‌یرانی هۆڵیش كه‌چی ساڵانه‌ چه‌ندین ڤیستیڤاڵ سازده‌كرێت و میوانی بیانی داوه‌ت ده‌كرێن و له‌ هۆڵه‌كانی به‌رێوه‌به‌راتی هونه‌ری شانۆو په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان نمایشه‌كان به‌ڕێ ده‌كرێن كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆنمایشی شانۆیی ناشێن ،له‌شاری هه‌ولێر پاره‌ هه‌یه‌ شه‌قامی سه‌دو بیست مه‌تری و شه‌قامی سه‌دو په‌نجامه‌تری دروست بكرێن كه‌ ملیارات دۆلاری تێده‌چیت به‌ڵام دركیان به‌وه‌ نه‌كرد چه‌ند هۆڵێكی شانۆیی سه‌رده‌میانه‌ دروست بكه‌ن ، كه‌واته‌ لێپرسراوان شانۆیان ناوێ به‌ڵام شانۆكاران وازناهێنن و به‌ پینه‌و په‌رۆ نمایشه‌كانیان له‌ خرابترین هۆڵ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ گاریكه‌ریه‌كی خراپی له‌سه‌ر كواكیتی نمایشه‌كه‌ ده‌بێت ، هۆڵێك كه‌ مه‌رجه‌كانی ته‌كنیكی هونه‌ری تیادا رێك و پێك نه‌بێت ناتوانێت هیواو خه‌ونه‌كانی ستافی هونه‌ری شانۆیی مه‌یسه‌ر بكات نه‌بونی باشتره‌ له‌ بونی ،ده‌بوایه‌ له‌ئێستادا هه‌مووئێواره‌یه‌ك پێنج تاكو شه‌ش نمایشی شانۆیی له‌ هه‌ولێری پایته‌ختدا پێشكه‌ش بكرێت ،به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ شه‌وانه‌ رۆناكی هوتێله‌ پێنج ئه‌ستێره‌كان وه‌كو ئه‌ستێره‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌ كه‌چی هۆڵێكی شانۆیی به‌رچاو ناكه‌وێت ،سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان پێویسته‌ بێته‌ سه‌رخه‌ت و بێده‌نگ نه‌بێت له‌ئاست ئه‌و قه‌یرانه‌ گه‌وره‌یه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ شانۆكاران ده‌كرێت ، له‌ئێستادا ده‌رگای سه‌رجه‌م تیپه‌ شانۆییه‌كان داخراون هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ شانۆكاران له‌رێگه‌ی كۆڕو كۆبونه‌وه‌و كۆنفرانس به‌زوترین كات ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن ئه‌گه‌رنا مه‌حاڵه‌ به‌و شێوه‌ ناته‌ندروسته‌ شانۆ بتوانێت خه‌ونه‌ گه‌وره‌كانی به‌ئاكام بگه‌یه‌نێت چونكه‌ نه‌ماسی به‌بێ ده‌ریا ده‌ژیت و نه‌ شانۆش بێ هۆڵی شانۆی شایسته‌ ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت ،هه‌ربۆیه‌ ناكرێت گله‌یی له‌ بینه‌ربكرێت كه‌ ناچێت بۆ بینینی نمایشی شانۆیی چونكه‌ هۆلێكی شانۆییت نیه‌ سه‌رنجی بینه‌ران رابكێشت و تێنوێتی بشكێنێ،ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت شكۆی شانۆ بگه‌ێته‌وه‌ هیچ شانۆگه‌ریه‌ك پێشكه‌ش مه‌كه‌ن تاكو ئاوڕێكی جددی له‌ كێشه‌و گرفته‌كانی چاره‌سه‌ركردنی هۆڵی شانۆ ده‌درێته‌وه‌،حكومه‌تی هه‌رێمی كورستان ئه‌زمونی سی ساڵ حكومرانی هه‌یه‌ ئیستا ده‌بوایه‌ جگه‌ له‌ چه‌ندین هۆڵی شانۆی كلاسیكی و مۆدێرن و ئه‌زمونگه‌ری و بازنه‌یی و شانۆی منداڵان ، به‌ڵكو جوانترین ده‌زگاو هۆڵی ئۆپیراشمان هه‌بوایه‌.

ن/ د.ژیلوان تاهیر

كوردستان تیڤی/ كامران

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.