Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 01:41

په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یکه‌ری نوسه‌رو بیرمه‌ندی کورد د.جه‌مال نه‌به‌ز لادرا

به‌رزییه‌كه‌ی 120 سانتیمه‌تره‌و به‌ هاڕاوه‌ی به‌رد داڕێژراوه‌
کوردستان TV
100%

دوێنی شه‌ممه‌ له‌ هۆتێل فه‌ره‌ح-ی شاری سلێمانی په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری نوسه‌رو بیرمه‌ندی كورد، د.جه‌مال نه‌به‌ز لادرا.

پێشنیوه‌ڕۆی دوێنێ به‌ ئاماده‌بونی پارێزگار و ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڕێیان و كه‌سوكارو بنه‌ماڵه‌ی پڕۆفیسۆر د.جه‌مال نه‌به‌ز، له‌ حه‌وشه‌ی هۆتێل فه‌ره‌ح-ی شاری سلێمانی له‌ڕێوڕه‌سمێكدا په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری ئه‌و بیرمه‌ند و نوسه‌ره‌ی كورد لادرا.

په‌یكه‌ره‌كه‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندی په‌یكه‌رساز، چێنه‌ر نزار-ه‌وه‌ دروستكراوه‌و به‌رزییه‌كه‌ی 120 سانتیمه‌تره‌و به‌ هاڕاوه‌ی به‌رد داڕێژراوه‌.

د. جه‌مال نه‌به‌ز كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری نیشتمانی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ و ئه‌كادیمی كورده‌، له‌ كانونی یه‌كه‌می ساڵی (1933) له‌شاری سلێمانی دایك بوه‌، قۆناغه‌كانی خوێندنی له‌ سلێمانی ته‌واو كردوه‌ و له‌ ساڵی (1950) له‌ زانكۆی به‌غدا، فیزیا و ماتماتیكی خوێندوه‌.

ساڵی (1962) چوه‌ته‌ ئه‌وروپا بۆ ته‌واوكردنی خوێندن و پاشان له‌ زانكۆكانی ئه‌و وڵاته‌ خوێندنی ئیسلامیی و ئێرانناسی و شێوازی وتنه‌وه‌ی وانه‌ی خوێندوه‌.

له‌ ساڵانی (1967-1970) له‌ زانكۆی هامبۆرگ خوێندویه‌تی و هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا له‌گه‌ڵ‌ چه‌ند هاوڕێیه‌كی، یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی خوێندكارانی كورد داده‌مه‌زرێنن.

له‌ ساڵانی (1970-1979) له‌ زانكۆی به‌رلینی ئازاد زانسته‌ سیاسییه‌كان و رۆژنامه‌نوسی و یاسای خوێندوه‌.

د. جه‌مال نه‌به‌ز خاوه‌نی خه‌رمانێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌ به‌رهه‌می مێژویی‌ و ئه‌ده‌بی‌ و زانستی‌ و رۆژنامه‌گه‌ری‌ و زمان و خزمه‌تی گه‌وره‌ی به‌ كتێبخانه‌ی كوردی كردوه‌ و له‌ (8/12/2018) له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا كۆچی دوایی كرد.

سه‌رچاوه‌/ ئاوێنه‌

كوردستان تیڤی/ كامران

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.