ئه‌مڕۆ به شانازییه‌وه یادی مامۆستای به‌سته و مه‌قامات عه‌لی مه‌ردان ده‌كه‌ینه‌وه كه له‌لای ئێمه به گه‌وره‌ترین سه‌رمایه و سامان ئه‌ژمار ده‌كرێ و جێی خۆیه‌تی له‌و یاده پڕ شكۆیه‌دا لاپه‌ڕه‌كانی ژیان و كاری هونه‌ری چه‌ندین ساڵه‌ی هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه و كه‌مێكی لێ ده‌دوێین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك به تایبه‌تی نه‌وه‌ی ئێستا و ئاینده بزانن ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌رزه چی بۆ گه‌ل و وڵاته‌كه‌ی كردوه تا هونه‌ری گۆرانی و موزیكی كوردی گه‌یاندۆته به‌رزترین لووتكه‌ی داهێنان به جۆرێك كه هه‌موو لایه‌ك شانازی پێوه بكات،چونكه له ماوه‌ی 77 ساڵی ته‌مه‌ن پتر له 35 ساڵ ته‌مه‌نی خۆی بۆ گۆرانی و مه‌قامات ته‌رخان كرد و پتر له 1000 مه‌قامی ڕه‌سه‌نی چڕی و شیعری زۆربه‌ی شاعیرانی كلاسیكی كرده گۆرانی بێ ئه‌وه‌ی فه‌رق و جیاوازی له نێوانیاندا بكات.
به‌ڕاستی ئه‌وه‌ش پیاوی خۆی ده‌وێ كه ئه‌و هاوسه‌نگیه به جوانی ڕابگرێ بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك قسیهك بكات یان ڕه‌خنه‌یه‌ك ئاراسته بكات،هه‌ر بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه ده‌ڵێین عه‌لی مه‌ردان ناوی ته‌واوی عه‌لی قادره و وه‌ك خۆی له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا هێمای بۆ كردوه كه باوك و باپیری (كانی ساردین) له شارباژێری پشت سلێمانی و له بنچینه‌دا ده‌چێته‌وه سه‌ر شێخه‌كانی به‌رزنجه، دایكیشی ناوی شاناز بوه له عه‌شیره‌تی زه‌نگه‌نه و له ساڵی 1904 له گه‌ڕه‌كی ته‌كیه‌ی شێخ عه‌لی شاری كه‌ركووك له دایك بوه و ژیانی منداڵی پڕ له نه‌هامه‌تی و كۆڵهمهرگی بوه و خوێندنی له ته‌كیه‌ی كه‌ركووك له‌لای مامۆستا ساڵح ده‌ست پێكردوه هه‌ر له‌وێشه‌وه له‌لای مامۆستای ده‌نگخۆش مه‌لا ڕه‌ئووف فێری ته‌جویدی قورئان و هه‌ندێ مه‌قاماتی كوردی و توركمانی بوه، ئیدی پاش هه‌شت ساڵ ته‌كیه و شاری كه‌ركووكی به جێهێشتوه و به ماڵه‌وه چوه بۆ گوندی له‌یلان له‌وێدا ته‌موور ژه‌نێكی به تاوانی به ناوی خدر بارام چاوه‌شی ناسیوه و بۆ مه‌قامی كوردی سوودێكی زۆری لێ وه‌رگرتوه، به‌ڵام له دوایدا ده‌چێته به‌غدا مه‌قاماتی عه‌ره‌بی و فارسی له شاره‌زایانی ئه‌و زمانانه فێر ده‌بێت.
مامۆستا عه‌لی مه‌ردان جگه له ده‌نگه به‌سۆز و ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی شاره‌زایی له ژه‌نینی ئامێری عود هه‌بووه و ئه‌و ئامێره موزیكیهی زۆر لا په‌سند بوه،هه‌ندێك له گۆرانیه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده كۆچكردووه بریتین له ( ئای ئای، گیانه به‌سیه‌تی، ئه‌ی مانگ من و تۆ، ئای چه‌ندم خۆش ده‌وێ، كۆڵان به كۆلان، كه‌ی دێته‌وه، شه‌ده شل بو واتكرد، له‌به‌ر چاوی به‌د، چه‌ند جارم وت، به یادم كه فریادم كه، ڕاسته‌ی خیابان، له‌به‌ر نازی چاو بازان، به داوی زوڵفت، به غه‌مزه‌ی چاوی مهخمورت، مه‌مكوژه گیانه به هیجران، دڵ له حه‌سره‌ت، فاتیمه دوو چاوی مه‌ستت پڕ ته‌لیسمی جوانیه، شه‌رته تا ڕۆژی حه‌شر) و چه‌ند گۆرانی دیكه.
هه‌ر بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له نێو شاری كه‌ركووك كتێبخانه‌یه‌ك و دیواربهندێكیان به‌ناوی ئه‌و هونه‌رمه‌نده كرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌مان و بوونه شوێنێكی بازرگانی، ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌رزه له چاوپێكه‌وتنێكدا كه له ئه‌رشیفدا ماوه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌ڵێ: بۆ گوزه‌رانی ژیانم به‌پای په‌تی و سه‌ری كۆته‌وه جووتیاری و شوانی و گاوانیم كردوه، له شاری به‌غدا بووم به هاوڕێی مورته‌زا خانی ئه‌سفه‌هانی و ئه‌سغه‌ری هه‌مه‌دانی و محه‌مه‌د سه‌عید سابڵاغی و زۆر شت له‌وانه فێر بووم، چل شه‌ویش له‌گه‌ڵ سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی یه‌كمان گرت و زۆر هونه‌رمه‌ندانه پێكه‌وه ژیاین، ده‌نگ و ئاوازه به جۆش و خرۆشه‌كه‌ی مامۆستای به‌سته و مه‌قاماتی كوردی ڕه‌سه‌ن عه‌لی مه‌ردان هه‌میشه و هه‌میشه له گوێچكه‌ی هه‌موو كوردێكی ئاشق به هونه‌ر ده‌زرنگێته‌وه و ئه‌و ده‌نگ و سه‌دا ئه‌فسووناویه مرۆڤ ده‌باته دنیایه‌كی دیكه‌ی پڕ له مه‌ستی و ئالووده‌بوون.
بۆیه ده‌بینین ئه‌و گۆرانیانانهی هه‌رگیزا و هه‌رگیز پیر نابن و هه‌موو كات و ساتێك بۆنی تازه‌گه‌ری و میهر و وه‌فادارییان لێوه دێ به جۆرێك كار ده‌كاته سه‌ر هه‌ست و نه‌ست و ناخ و دڵ و ده‌روونمان به جارێك هێوریان ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌شیان مه‌دح و ستایش نیه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌كه پڕ به پیستی خۆیه‌تی، بۆیه زۆرێك له ئێمه هۆگری بووین به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان داوه‌ته هونه‌ری گۆرانی گوتن و هه‌میشه به تاسه‌وه گۆرانیه‌كانی عه‌لی هه‌ردان ده‌ڵێنه‌وه هه‌تا ئه‌گه‌ر له گوتنهوهكهیدا سه‌ركه‌وتووش نه‌بن خۆ به‌و كاره كفتی دڵی خۆیان داده‌مركێنن، به‌ڕاستی پێم وا نیه جارێكی دیكه هونه‌رمه‌ندێكی هاوشێوه‌ی ئه‌و دووباره بێته‌وه بێته‌وه كه به خه‌م و په‌ژاره و زگی برسیه‌وه بێته مه‌یدان و داهێنانیش له گۆرانی و به‌سته و مه‌قامات و موزیكی كوردیدا بكات بێ ئه‌وه‌ی ڕۆژێك له ڕۆژان چاوی له پاداشتێك بێت،هه‌ر بۆ به‌رز ڕاگرتنی ڕۆڵی ئه‌و هونه‌رمه‌نده عه‌بدولقادری كوڕه گه‌وره‌ی عه‌لی مه‌ردان كه ساڵانێكه له‌گه‌ڵ مندا دۆست و براده‌رین به هاوكاری له‌گه‌ڵ ده‌زگای ئاراس و نووسه‌ری خۆشه‌ویست ئه‌حمه‌د سه‌ید عه‌لی به‌رزنجی كتێبێكی بیره‌وه‌ریه‌كانی باوكی به‌ناونیشانی (گه‌ڵای پایز) به چاپ گه‌یاند و دانه‌یه‌كیشی پێشكه‌ش كردم تیایدا زۆر وێنه‌ی كۆن و بیره‌وه‌ری خۆش و ناخۆشی تێدا یاداشت كردوه كه ئه‌گه‌ر به وردی بیخوێنیه‌وه ئینجا ده‌زانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌چی ده‌رده‌سه‌ریه‌ك هونه‌ری گۆرانی و موزیكی گه‌یاندۆته لووتكه،هه‌ر عه‌بدولقادری كوردی هونه‌رمه‌ند باسی ئه‌وه‌شی بۆ كردین كه جێگای خۆشحاڵی هه‌موو لایه‌كمانه كه له ئێستادا كه‌سانێك هه‌بن ڕێز و شكۆیان بۆ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان هه‌بێت و هه‌میشه یادیان بكه‌نه‌وه و داهێنانی جۆرا و جۆریان بۆ ئه‌نجام بده‌ن،ئه‌وه‌تا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بازرگانێكی كورد كه سه‌ردانی وڵاتی چین ده‌كات، میدالیایه‌كی به دیاری پێشكه‌شكردم كه وێنه‌ی هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش (عه‌لی مه‌ردان) ی باوكمی له‌سه‌ر هه‌ڵكه‌ندراوه و هه‌مووی گڵۆپی ڕه‌نگا و ڕه‌نگه و هه‌ر له دووره‌وه ده‌بریسكێته‌وه، بۆیه ئێمه وه‌ك بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده زۆر كه‌یفمان به‌و هه‌ڵوێسته مه‌ردانه هات و له ناخه‌وه خۆشحاڵ بووین كه كه‌سانێك هه‌ن به‌و شێوه‌یه ڕێز له هونه‌ری كوردی ڕه‌سه‌ن ده‌گرن و هونه‌رمه‌ندانیان له‌لا به‌رزه، بۆیه زۆر سوپاسی ده‌كه‌ین و هیوادارین نموونه‌ی ئه‌و جۆره كه‌سانه هه‌ر له زیادبووندا بن، هونه‌رمه‌ندی ڕه‌سه‌ن عه‌لی مه‌ردان له ڕۆژی هه‌ینی ڕێككهوتی 24 ی ته‌مووزی ساڵی 1981 به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی شاری به‌غدا كۆچی دوایی كرد و چاوه پڕ له هیوا و خۆزگه‌كانی لێكنا، پاشان له ڕێ‌و ڕه‌سمێكی شایسته و پڕ له جه‌ماوه‌ری ته‌رمه‌كه‌ی له گۆڕستانی شێخ محێدین له كه‌ركووك ئه‌سپارده‌ی خاك كرا، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ سه‌رچاوه ده‌ڵێن له ئان و ساتی نه‌خۆشیه‌كه‌ی دوای كردبوو ئه‌گه‌ر مردم ته‌رمه‌كه‌م له گردی سه‌یوان له سلێمانی له‌لای شاعیران و هونه‌رمه‌ندان بنێژن تا هیچ كات و زه‌مه‌نێك له هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان دوور نه‌بم.
ن/ محه‌مه‌د كورده
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.